رووداو دیجیتاڵ
رۆژی شەممە 08-05-2021، لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی وەستایەک لەگەڵ کرێکارێکی خۆیدا لەبارەی کرێی رۆژانەی کرێکارەکە دەبێتە شەڕیان و "وەستاکە شاگردەکە دەکوژێت." گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، "بکوژەکەی ئیبراهیم ناوی سەید نوورە و هاوئاهەنگیمان لەگەڵ هەموو بازگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکە کردووە و تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە."
گەنجەکە ناوی ئیبراهیم ئەحمەدە و تەمەنی 17 ساڵە و خەڵکی گوندی خورخوری رۆژئاوای کوردستانە. ئیبراهیم سەرەتا بریندار دەبێت، بەڵام دوای کەمتر لە 30 خولەک لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی گیان لەدەستدەدات.
وەستاکەی ئیبراهیم تەمەنی 35 ساڵە و خەڵکی شاری وانی باکووری کوردستانە، لەگەڵ وەستاکەی کاری سەقف و چیمەنتۆ تێکردنیان کردووە، بە گوتەی پۆلیسی سلێمانی وەستاکەی "پارچە ئاسنێکی تیژی لە سنگی ئیبراهیم داوە و کوشتویەتی."
بەیانی رۆژی یەکشەممە 09-05-2021 تەرمی ئیبراهیم بەرەو کۆبانی گەڕێندراوەتەوە. براکەی دەڵێت، "ئیبراهیم کێشەی لەگەڵ کەس نەبووە و تەنیا داوای مافی خۆی کردووە."
شەعبان ئەحمەد، برای ئیبراهیم بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "براکەم لە ساڵی 2019 لە کاتی هێرشی تورکیا بۆ سەر گرێ سپی و سەرێکانی، لە رۆژئاوای کوردستانەوە هاتە باشووری کوردستان و لەگەڵ من و دوو برای دیکەم دەستی بە کارکردن کرد، ماوەی مانگێک بو ئیشمان نەمابوو، ئیدی گوتی لەگەڵ ئەو وەستایە کار دەکەم، بەڵام ئێمە پێمان خۆشنەبوو."
شەعبان ئەحمەد لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "ئیبراهیم گوتی بێتاقەتم و دەچم بۆ لای ئەو وەستایە، پاشان چووە ئیش و چەند رۆژێک بە 35 دۆلار کاری دەکرد، بەڵام لە کۆتا رۆژ وەستاکەی گوتبووی 35 هەزارت دەدەمێ، براکەشم قبووڵی نەکردبوو".
ئەحمەد وسوو، ئامۆزای ئیبراهیمە بە رووداوی راگەیاند "هاوڕێیەکم دوێنێ لەگەڵ ئیبراهیم بووە، ئەو پێیگوتم کە وەستاکەی تەلەفۆنی کردووە گوتویەتی وەرە پارەکەت دەدەمێ، ئیبراهیم چووەتە لای و 35 هەزاری داوەتێ و بە وەستاکەی گوتووە بڕیاربوو 35 دۆلارم پێبدەی، نەک 35 هەزار دینار، وەستاکەش پێیگوتووە هەر ئەوەیە وەریگرە و قسەمەکە، ئیدی بووەتە شەڕیان و وەستاکە بەشتێکی وەکو چەقۆ لە ئیبراهیمی داوە."
سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بکوژەکەی ئیبراهیم ناوی سەید نوورە و هاوئاهەنگیمان لەگەڵ هەموو بازگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکە کردووە تاوەکو دەستگیری بکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە".
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت "دوو کەسی دیکەش کە لەگەڵ وەستاکەدا بوون، دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە بەردەوامە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوە."