رووداو- هەولێر نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کاتی گەڕانەوەی کاروانێکی ئۆتۆمبێلەکانی بابەکر زێباری، سوپاسالاری عێراق لە بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان، لە ناوچەی سلێمان بەگ شەش بۆمبی چێندراویان پێدا دەتەقێتەوە و بەهۆیەوە سەربازێکی کورد کوژراو دووی دیکەش بە سەختی برینداربوون. سەگڤان زێباری، بەرپرسی پاسەوانەکانی بابەکر زێباری بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لە گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان لە سەر رێگای سلێمان بەگ ، شەش بۆمبی چێندراو بە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانیان تەقیوەتەوەو بەهۆیەوە سەربازیکی کورد کوژراوەو دووی دیکەش برینداربوون. زێباری گوتیشی لە دوای تەقینەوەی شەش بۆمبەکە جارێکی دیکە لە نزیک کەرکووک دوو هاوەن کە پێشبینی دەکرێت لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری کیای بارهەڵگر هاوێژرابێت ئاراستەیان کراوە، بەڵام زیانێکی وای نەبووە و کاروانەکە بەرەو هەولێر گەڕانەوە.