رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵەبجە بەهۆی دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک ئاژەڵی بەرەڵاکراو لەنێو شاردا، ئاڵۆزی لەنێوان چاودێرەکانی شارەوانی و خاوەن ئاژەڵەکان دروستبوو. گوتەبێژی پۆلیس دەڵێت، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ پێنج کەس دەرچووە.
شارەوانیی هەڵەبجە هەڵمەتێکی دەستپێکردووە بۆ قەدەخەکردنی بەرەڵاکردنی ئاژەڵ لەنێو شارەکەدا، لەو چوارچێوەیەدا دوێنێ لە کاتی دەستبەسەرکردنی 30 سەر ئاژەڵدا، خاوەن ئاژەڵەکان دوو کارمەندی شارەوانییان بریندار کرد.
رائید ئاکام قوتبەدین، گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای رووداوەکە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ پێنج کەس لە خاوەن ئاژەڵەکان دەرچوو، دووانیان دەستگیرکراون و ئەوانی دیکە هێشتا دەستگیر نەکراون".
گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە ئاماژەی بە تەندروستی دوو کارمەندەکەی شارەوانی کرد و گوتی: "تەندروستییان باشە و بە سووکی بریندار کرابوون".
لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەی ئاژەڵەکان، دوێنێ سەرۆکایەتیی شارەوانی هەڵەبجە رایگەیاند: "ئەمڕۆ سەرەڕای پشووی فەرمانبەران، سەرۆکایەتیی شارەوانیمان دەستیگرت بەسەر چەند سەر ئاژەڵێکدا، کە ببوونە هۆکاری بێزاری هاووڵاتییان و تێکدانی بلواری باخچەکانی شارەوانیمان".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ