رووداو دیجیتاڵ
لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایدەگەیێنن، شەممە لە شاری هەولێر بۆ پشتیوانی لە غەززە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی رێکدەخەن، بەڵام داواکارییەکەیان لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە رەتکراوەتەوە.
راگەیێندراوەکە لە ژێرناوی "لیژنەی هاوبەشی سەرپەرشتیاری گردبوونەوەی پاڵپشتی غەززە"، ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "رۆژی شەممە 12-04-2025، لە بەردەم پارکی شانەدەر گردبوونەوەیەکی جەماوەری سازدەکرێت بۆ پاڵپشتی کەرتی غەززە؛ دژ بەو کۆمەڵکوژییەی بەرامبەریان دەکرێت".
نوێنەری هەردوو حیزبەکە سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە و لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێن: "داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین رەزامەندی بدەن و لایەنی ئەمنی گردبوونەوەکە بپارێزن".
لەکاتی چالاکیی هاوشێوەدا رەخنە لە حیزبە ئیسلامییەکان دەگیرێت و دەگوترێت، پشتیوانی پارچەکانی دیکە ناکەن و پشتیوانیی غەززە دەکەن. لەم بارەیەوە مستەفا عەبدوڵڵا، کارگێری ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێت: "پارچەکانی دیکەی کوردستان بەشێکن لە ئێمە و بێهەڵوێست نەبووین".
مستەفا عەبدوڵڵا گوتی: "ئەگەر بە ویژدانەوە لە یەکگرتوو بڕوانرێت بۆ قەیرانەکانی رۆژئاوا، رۆژهەڵات، بۆ پرۆسەی ئاشتیی {لە تورکیا} و بۆ چوونی ئەمیندارمان بۆ تورکیا بۆ پرسی رۆژئاوای کوردستان، دەبینرێت لە هەموو لایەنە سیاسییەکان زیاترمان نەکردبێت، کەمترمان نەکردووە. تاکە لایەنیشین شانازی دەکەین نە شەڕی پەکەکەمان کردووە نە دیموکرات و نە هیچ شەڕێک دژی کورد".
ئەو کارگێڕەی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان گوتیشی: "بابەتی غەززە کارەسات و جینۆسایدێکی گەورەی مرۆییە؛ بۆ غەززە پشتیوانیی لە ئەمریکا و ئەورووپاشەوە هەیە".
سەرچاوەیەکی باڵا لە پارێزگای هەولێر بە (رووداو)ی راگەیاند، جگە لە کۆمەڵ و یەکگرتوو، دەزگای ستانداردیش داوای مۆڵەتی گردبوونەوەی کردووە، بەڵام داواکارییەکەیان لەلایەن پارێزگاری هەولێرەوە رەتکراوەتەوە، بە پاساوی ئەوەی ئەو گردبوونەوەیە لەو کاتەدا لە شاری هەولێر بە پێویست نازانرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ