رووداو – هەولێر
تەمەنی 31 ساڵە و دەڵێت خاوەنی شەش منداڵە، كاتێك لێی دەپرسی: ئەی سایە؟ دەڵێت بە سایەوە حەوت. (ب.پ) بە تۆمەتی كوشتنی سایەی كچی لە زیندانە. بەڵام نكۆڵی لە تاوانەكە دەكات و گومان دەخاتە سەر هاوژینەكەی، ئەگەرچی خۆی لە دانپێدانانیدا بۆ پۆلیس دەڵێت بە بۆری لە كچەكەی داوە و دواتر فڕێیداوە.
سایە یونس، تەمەن 11 ساڵ كە رۆژی 4/1/2020 دیار نەما، 16 رۆژ دواتر پۆلیس تەرمەكەی لە گوندی حەویجكەی سەر بە ناحیەی گوێڕ دۆزییەوە. هەرزوو گومان خرایە سەر دایك و نەنكی سایە، هەفتەی رابردوو پۆلیس دەستگیری كردن و ئێستا لە زیندانن.
چیرۆكی تراژیدی سایە لە سەرەتای تەمەنییەوە دەستپێدەكات، كاتێك لەگەڵ سنەی خوشكی بە حەوت مانگی لە دایك دەبن. سایە كە لە دایك بووە هێندە لاواز و كێشی كەم بووە، پزیشك رێنمایی دایكی كردووە كە چاودێریی زیاتری بكات، بەڵام دایكی لە جیاتی ئەوە دەیبەخشێتە خێزانێك.
(ب.پ) كە لە نێو زیندان شیری خۆی بە كوڕە تەمەن دوو ساڵەكەی دەدا، كۆرپەیەكی چل شەوەی كوڕیشی لە تەنیشت خۆی دانابوو. ئەو باسی ژیانی سایەی كچی لەو رۆژەی لەدایكبووە بۆ (رووداو) گێڕایەوە و گوتی: "دوو كچم یەك لە دوای یەك بوو، كاتێك دووگیان بوومەوە بە سێیەم منداڵ، دووانە دەرچوو كە سایە و سنە بوون و بە حەوت مانگی هاتنە دونیا، دوو كچەكەی دیكەم هێشتا بچووك بوون. بەخێوكردنیان سەخت بوو، بۆیە سایە تەمەنی تەنیا چوار رۆژ بوو دامان بە خوشكی زاوایەكی باوكی سایە كە شەش مانگ لەلای ئەو بێت و دواتر بۆمان بگەڕێنێتەوە".
دوای شەش مانگەكە، سایە دەگەڕێندرێتەوە بۆ لای دایكی، بەڵام وەك دایكی دەڵێت، ئەو منداڵە بە هیچ شتێك ژیر نەدەبووەوە، بۆیە دەیگەڕێنێتەوە لای ژنەكە. (ب) دەڵێت: "كاتێك سایە تەمەنی بوو بە چوار ساڵ، ئەو ژنەی بەخێوی دەكرد لە هاوژینەكەی جیابووەوە، زاوای هاوژینەكەم رێگەی نەدا خوشكەكەی سایە بەخێو بكات و بۆی گەڕاندینەوە. لەو كاتەوە سایە وەكو شێتی لێهات، هەر كە چاوم لێی نەبووایە هەڵدەهات، چەندینجار بە بانگەوازی مزگەوت و تەلەفزیۆن دۆزیومانەتەوە".
هەفتەنامەی (رووداو) ساڵێك لەمەوبەر چیرۆكی پڕ لە تراژیدیی سایەی بڵاوكردەوە. سایە كە ئەوكات شوێنەواری ئەشكەنجەدانێكی زۆر بە جەستەیەوە دیار بوو، لە ماڵی مامی بوو، دەیگوت هەرگیز حەزناكات بگەڕێتەوە ئەو ماڵەی تێیدا ئەشكەنجە دراوە، سایە باسی لەوە كردبوو كە لەلایەن دایكی و نەنكی (دایكی دایكی)یەوە ئەشكەنجە دراوە.
دایكی سایە دەڵێت: "دوای ئەو ژنە، جارێكیان ماڵی شووبراكەم لە خۆیان گرت، بەڵام لەوێ فێریان كردبوو قسە بە من بڵێ، بۆیە هێنامانەوە لای خۆمان، دواتر باوكی بەخشی بە ماڵێكی دیكە. بە ماڵی خۆمانەوە چوار ماڵی بینی".
دایكی سایە رەتیكردەوە بۆ كچەكەی خۆی خراپ بووبێ و گوتی: "كچەكەم لەلای ئەو ژنە وا سەرشێت بوو كە یەكەم جار پێماندا، چونكە ئەوی بە دایكی خۆی دادەنا. من هەرگیز رقم لە سایە نەبووە، مرۆڤ چۆن رقی لە جەرگی خۆی دەبێ؟". بەڵام نكۆڵی لەوە ناكات كە چەندینجار لە سایەی داوە و دەڵێت "چەندینجار لێمان دەدا بۆ ئەوەی نەڕوات، سوودی نەبوو، زۆر جار باوكی بە دار و شەق لە سەری داوە، تەنانەت سەریشی تەقیوە. هەردووكمان لێمان دەدا، بەڵام لەبەر ئەوە نەبووە كە رقمان لێی بووبێتەوە، بەڵكو بەهۆی سەرشێتییەكەی بوو".
كاتێك لێمپرسی چەند منداڵت هەیە؟ گوتی: شەش. پرسیم بە سایەوە؟ گوتی: نا حەوت، سایەم لەبیرچوو.
ئەگەرچی پۆلیس دەڵێت دوای لێكۆڵینەوەیەكی ورد توانییان بكوژی سایە بدۆزنەوە و بكوژەكەش دایكی بووە، بەڵام دایكی نكۆڵی لەوە دەكات. دایكی سایە دەڵێت "من سایەم نەكوشتووە، لە قسەكانیشم بۆ پۆلیس گوتم من نەمكوشتووە، من نازانم پۆلیس چی نووسیوە و چی پێ ئیمزا كردووم، چونكە من نەخوێندەوارم، بەهیچ جۆرێك باسی كوشتنی سایەم نەكردووە ، تەنانەت خەڵكی پێمدەڵێن كێ دەڵێت هاوسەرەكەت نەیكوشتووە، ئێستا كەوتوومەتە گومانەوە".
دایكی سایە باسی ونبوونی كچەكەی دەكات و دەڵێت: "كاتێك سایە ونبوو، تەنیا دوو رۆژ بوو منداڵم بووبوو. سایە چووبووە دەرەوە، تەلەفۆنم بۆ باوكی كرد كە پێشمەرگەیە، بەڵام مۆڵەتیان پێنەدابوو".
ئەو پێیوایە خۆی و دایكی قوربانین و دەڵێت: "لەكاتی دیارنەمانی، سایە لەلای من نەبووە، بۆ تەنیا من و دایكم گیراوین، پێشتر كەس لە خۆی نەدەگرت، خێرە ئێستا هەموویان بوون بە كەسوكاری؟".
دوای دۆزینەوەی تەرمی سایە، عەمید دلێر نەجات، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، ماوەی دوو شەو و رۆژ لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دایكی سایە كردووە و دواجار دانی بە تاوانەكەدا ناوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، دوای كوشتنی سایە، دایكی تەرمەكەی لە دووریی 700 مەتر لە ماڵی خۆیان فڕێداوە، تاوانەكەشی لە هاوسەرەكەی خۆی شاردووەتەوە و پاش چوار رۆژیش هەواڵی ئەوەی بە پیاوەكەی داوە كە سایەی كچیان دیار نەماوە.
دایكی سایە كە ئێستا لە زیندانە، بەپێی ماددە 406 لە یاسای سزاكانی عێراق دۆسیەی بۆ كراوەتەوە. قسەكانی لە نێو دۆسیەكەیدا بە جۆرێكی دیكەن. لەوێ دەڵێت: "سایە دەیویست بڕوا و ڕانەدەوەستا، دوای مەغریب بوو، لێی تووڕە بووم و بە پارچە ئاسنێك لێمدا، لە نیوە شەودا بە عەرەبانەیەك بردم فڕێمدا" .
ساڵێك لەمەوبەر مامی سایە بە (رووداو)ی گوتبوو: "ئەو منداڵە لە ژیانێكی سەختدا دەژی، بەرماوەی خواردنی منداڵەكانی دیكەی دەدەنێ. چەندینجار لە نێو بەیتوونە خەواندوویانە، كە بینیمان ژیانی وەهایە، ویژدانمان قبوڵی نەكرد و هێنامان بۆ لای خۆمان".
یوسف حەمید، مامی سایە ئێستا تاكە كەسە مژولی دۆسیەكەی سایە دەخوا. یوسف بە (رووداو)ی گوت: "تەنیا من سكاڵام لە دژی دایك و نەنكی سایە تۆمار كردووە، باوكی سایە تا ئێستا سكاڵای نەنووسیوە و هیچ ناڵێت".
یوسف یەكێكە لەوانەی تەرمی سایەی بینیوە و دەڵێت: "تەرمی سایەم بینی، بە دار و بۆری لێیدرابوو، تەنانەت چاوی راستی دەرپەڕیبوو".
سەبارەت بە چارەنووسی خوشك و براكانی سایە، یوسف گوتی: "ئەوان لە ماڵی باپیریانن، نازانم براكەم دەیانباتەوە یان نا". ئەو باسی لەوەشكرد كە ئەو ژنەی دەكاتە دشی خوشكی و بۆ ماوەی چوار ساڵ سایەی بەخێوكردووە، لە رەوشێكی زۆر خراپدایە و بۆ مەرگی سایە تازیەبارە.
رێكان رزگار، توێژەری كۆمەڵایەتی سەبارەت بەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ دایكی سایە دەڵێت: "ئەمە كارێكی مەحاڵە، تەنیا كاتێك رێی تێدەچێت كە ئەو دایكە نەخۆشیی دەروونیی ئاڵۆزی هەبێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ