بەرپرسێکی یەکێتیی مامۆستایان: پێشبینی دەکەین هەفتەی داهاتوو نیوەی قوتابخانەکانی سلێمانی بکرێنەوە

10-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

زۆربەی مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بەدەم بانگەوازی پەروەردەکان بۆ کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان نەچوون، بە گوتەی مامۆستایانی ناڕازی ئەوانەی گەڕاونەتەوە رێژەیان ناگاتە 25٪، جێگری سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانیش دەڵێت، چاوەڕوانن هەفتەی داهاتوو نیوەی قوتابخانەکانی سلێمانی بکرێنەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 10-1-2024، عەبدولواحید محەممەد، جێگری سەرۆكی رێكخراوی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هێشتا پڕۆسەی دەوامکردن وەکو پێویست دەستپێنەکردووەتەوە، دەوام دوێنێ دەستیپێکردووە، مامۆستا و قوتابییان و خوێندکاران دەستیان بە دەوام کردووەتەوە، بەڵام وەکو پێویست نییە، چونکە بەشێکی قوتابییان هەر نەیانزانیبوو دەوام هەیە، ئومێد دەکەین و چاوەڕوانیمان ئەوەیە هەفتەی داهاتوو ژمارەیەکی زیاتری قوتابخانە دەوام دەستپێبکات و بگاتە نیوە."
 
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە سزادانی مامۆستایان بەهۆی دەوامنەکردنەوە دەکەن، عەبدولواحید محەممەد گوتی، "تاوەکو ئێستا هیچ پەروەردەیەک هیچ مامۆستایەکی لەسەر دەوامنەکردن سزا نەداوە، ئومێد دەکەین نەگاتە ئەو رادەیە و مامۆستایان و قوتابییان لە هەفتەی داهاتوو زیاتر دەوام بکەن بۆ ئەوەی ساڵی خوێندن نەفەوتێت."
 
رۆژی دووشەممە، 8ـی کانوونی دووەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی نووسراوێکی تایبەت بە ساڵنامەی خوێندنی ئاراستەی بەڕێوەبەرێتیی پەروەردەکانی "رۆژهەڵات، رۆژئاوا، شارباژێر، شارەزوور، قەرەداخ، سەیدسادق، دووکان، چەمچەماڵ، دەربەندیخان، پێنجوێن" کرد  کە دەستپێکردنەوەی دەوامی لە رۆژی سێشەممە، 9-1-2024 راگەیاندبوو. 
 
رۆژی سێشەممە، 9ـی کانوونی دووەمی 2024، دەوام لە بەشێک لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان دەستیانپێکردەوە، بەڵام هێشتا لە بەشێک لە قوتابخانەکانیش بایکۆت بەردەوامە هەرچەندە ئەمڕۆ رۆژی دووەمی دەوام بوو، بەشێک لە قوتابییان نەڕۆیشتبوونە قوتابخانەکانیان، هەرچەندە مامۆستاکان ئامادەبوون، لە هەندێ شوێنی دیکەش بە پێچەوانەوە بوو، مامۆستایان نەچوونەوە دەوام، لە کاتێکدا قوتابییان ئامادەبوون. 
 
محەممەد شەریف، نوێنەرێکی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی، رۆژی چوارشەممە، 10-1-2024، بەتۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەتوانین بڵێین هێشتا بایکۆت بە چڕی بەردەوامە و دەوام دەستیپێنەکردووەتەوە، دەستپێناکاتەوە تاوەکو ئەو کاتەی داواکارییەکانی مامۆستایان جێبەجێ نەکرێت."
 
ئەو نوێنەرەی مامۆستایان دەشڵێت، "رۆژی یەکشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2024 لە ژێر ناوی هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی فێڵ و گوشارەکان، گەورەترین خۆپێشاندانی وەرزی نوێ رادەگەیێنین و دەیسەلمێنین دەوام دەستپێناکاتەوە."
 
بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، بۆ هەردوو ساڵنامەکە، واتە ئەو ساڵنامەیەی تایبەتە بە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک کە بایکۆتی خوێندنیان تێدا نەکراوە، لەگەڵ پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە کە لە سەرەتای ساڵی خوێندنی 2023-2024 خوێندنیان تێدا بایکۆتکراوە، تەواو جیاوازە، لە هەردوو وەرزی خوێندن لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک نزیکەی 215 رۆژ خوێندن هەیە، بەڵام ئەگەر خوێندن دەستپێبکاتەوە، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بە هەردوو وەرزی یەکەم و دووەمەوە 109 رۆژ خوێندن دەکرێت.
 
لە 13-9-2023 وەرزی خوێندنی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەهۆی بایکۆتەوە دەوام دەستیپێنەکردووە و بڕیارە رۆژی سێشەممە، 9ـی کانوونی دووەم دەستپێبکات، مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن، تاوەکو جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان ناچنە ناوەندەکانی خوێندنەوە، بەڵام رۆژی یەکشەممە، 07-01-2024، وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان نووسراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق و ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، داواکاریی مامۆستایان جێبەجێ دەکەن، کە ئەوانیش پلەبەرزکردنەوە و بە گرێبەستکردنی وانەبێژانە.

 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە