رووداو دیجیتاڵ
جێگری سکرتێری پارتی دیموکراتی پێشڤەرۆ لە سووریا دەڵێت، ''گرنگە کۆنگرەیەکی کوردی سازبکرێت و سەرجەم لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان تێیدا بەشدار بن.'' گوتیشی، "بۆ دیاریکردنی داهاتووی سیاسی، دەبێت بەیەکگرتوویی بەرەو دیمەشق بچن."
ئەمڕۆ (دووشەممە، 9-12-2024) ئەحمەد سلێمان، جێگری سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی پێشڤەرۆ لە سووریا لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشیکرد، لەبارەی دۆخی سیاسیی سووریا و رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، ''رژێمی ئەسەد سیاسەتی جیای لەنێوان خەڵک و پێشێلکردنی مافی خەڵکی سووریا و بەتایبەتی کورد گرتبووەبەر.''
ئەحمەد سلێمان گوتی، ئێستا کورد دەتوانێت رۆڵێکی باشی لە سووریای نوێدا هەبێت، ''دوای رووداوەکانی 2011، کورد توانی ئەوە بەباشی دەربخات کە پرسی کورد لە سووریا، پرسێکی گرنگە.''
لەبارەی رێککەوتنی لایەنە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان لەپێناو چارەنووسی کورد لە داهاتووی سووریا، جێگری سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی پێشڤەرۆ ئاماژەی دا، ''پارتە کوردییەکان بۆ نزیکبوونەوە، دوو - سێ رێککەوتنیان کرد، بەڵام شکستیان هێنا، ئەمڕۆش هەرکامەیان لە لایەکن و داواکاریی جیایان هەیە.''
چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، دوێنێ (یەکشەممە، 9-12-2024) کۆتاییان بە حوکمی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا. ئەحمەد سلێمان جەختی لەوە کردەوە، ''لە سووریای نوێدا دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) و گرووپە چەکدارەکان، هیچ کات مافی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد قبووڵ ناکەن.''
بەگوتەی جێگری سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی پێشڤەرۆ، ئەم هێزە چەکدارانە هیچیان سەربەخۆ نین و هەر کامەیان لەژێر کاریگەریی وڵاتانی دیکەدان، ''ئەم وڵاتانەش تاوەکو ئێستا دژی مافی کوردن.''
ئەحمەد سلێمان جەختی لەوە کردەوە، ئێستا دەرفەتێکی زێڕین بۆ کورد لە رۆژئاوای کوردستان رەخساوە، ''گرنگە کۆنگرەیەکی گەورەی کوردی سازبکرێت و سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردییەکانی رۆژئاوای کوردستان، تەنانەت کەسایەتییە بەرچاوەکان تێیدا بەشدار بن، بۆ ئەوەی رەوایی بۆ گەلی خۆمان دەستەبەر بکەین، خەڵکی خۆمان لەگەڵ بێت و [بۆ رێککەوتن] بە یەکگرتوویی بەرەو دیمەشق بچین.''
جێگری سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی پێشڤەرۆ ئاماژەی بەوەش کرد، ''پێویستە هەوڵبدرێت لە دانوستاندنەکان لەسەر داهاتووی سیاسیی سووریا لە دیمەشق، پارتە سیاسییە کوردییەکان ئەوە بگەیێنین کە پرسی ئێمە پرسی کوردە، نەوەک لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو.''
دوێنێ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەیدا لە پەراوێزی کۆڕبەندی دەوحە بە رووداوی گوت "ئەندامانی پەکەکە خەڵکی تورکیا، عێراق و ئێرانن، ئەوان سووری نین. ناسووریاییەکان ئەو شتە بەڕێوەدەبەن کە ناونراوە هەسەدە. هەموو کەسێکیش ئەمە دەزانێت. ئەمە راستییەکی ئاشکرایە."
لەبارەی ئەوەی 'ئایا ئامادەن وەک بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا گفتوگۆ لەگەڵ هەسەدە بکەن؟' هاکان فیدان بە رووداوی گوت: "بە کورتی دەڵێم نەخێر، مەگەر خۆیان بگۆڕن."
ئەحمەد سلێمان دەڵێت، ''دەبێ لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە رۆژئاوای کوردستان تاوەکو ئەو شوێنەی دەکرێت وەکو پارتێکی سووری دەربکەون کە نوێنەرایەتیی کوردی رۆژئاوای کوردستان دەکەن، هەروەها لە بواری لۆگۆ و ئاڵاوە نابێت بیانوو بدرێتە دەست تورکیا کە بڵێن ئەوانە کوردی سووریا نین، بەڵکو کوردی تورکیان.''
چەکدارەکانی دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی دیکە، لە 12 رۆژدا گەیشتنە نێوجەرگەی شاری دیمەشق، هێرشی گرووپەکان لە 25-11-2024 دەستیپێکرد و حەلەب یەکەم شار بوو کە کۆنترۆڵیان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ