شاندێکی بزووتنەوەی ئیسلامی و بزووتنەوەی حەماس کۆبوونەوە

09-12-2023
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

شاندێکی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لەگەڵ شاندێکی باڵای بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی کۆبوونەوە. گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان دەڵێت، "سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس گوتوویەتی: ئاگاداری هاوسۆزییەکانی کوردن".
 
رۆژی شەممە، 09-12-2023، شاندێکی باڵای بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان کە پێکهاتبوو لە عەبدوڵڵا وەرتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی، کەمال زراری، ئەندامی سەرکردایەتی و ئارام ئەحمەد، نوێنەری بزووتنەوە لە تورکیا، لەگەڵ شاندێکی باڵای بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە تورکیا کۆبوونەوە.
 
عەبدوڵڵا وەرتی، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەکەدا هاوسۆزیی خۆمان و گەلی موسڵمانی کوردمان پێگەیاندن و هیوای کۆتاییهاتنی ئەو شەڕەمان خواست کە هەزاران موسڵمانی کردووەتە قوربانی و دەیان هەزاریشی ئاوارە و بێماڵ کردووە".
 
لەبارەی هەڵوێستی شاندی بزووتنەوەی حەماسیش، عەبدوڵڵا وەرتی گوتی، "سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس پێیگوتووین: ئاگاداری هاوسۆزییەکانی گەلی کوردین و دەزانین پاڵپشتیی گەلی موسڵمانی فەلەستین دەکەن، ئێمەش هیوادارین بە مافەکانی خۆیان بگەن".
 
گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی ئاماژەی بەوەکرد، "خالید مەشعەل، سەرۆکی پێشوو و بەرپرسی ئێستای هەرێمی درەوەوەی حەماس گوتوویەتی: ئێمەش هاوسۆزی کوردین و داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی کورد دەکەین."
 
شاندەکەی بزووتنەوەی حەماس، پێکهاتبوو لە "ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، خالید مەشعەل، سەرۆکی پێشوو و بەرپرسی ئێستای هەرێمی درەوەوەی حەماس و چەند کەسێکی دیکە."
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە