رووداو دیجیتاڵ
دوای 5 رۆژ لە داخستنی، رێگەی نێوان قەزاکانی خوورماتوو و کفری لەلایەن هاونیشتمانییانەوە کرایەوە.
ساهیر عەلی، قایمقامی قەزای کفری ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "خەڵکی خێرخوازی کفری خۆیان چوون و رێگەکە کە ژێر پردێک بوو، بە شێوەی کاتی نۆژەنیان کردەوە و ئێستا هاتووچۆی پێدا دەکرێت."
بەرپرسانی بازگەیەک لەنێوان کفری و خوورماتوو کە لە سنووری دەسەڵاتی حکومەتی عێراقدایە، بە پاساوی دابەزینی پردێک بەهۆی بارانەوە ماوەی 5 رۆژ رێگرییان لە هاتووچۆی ئۆتۆمبێل بەو رێگەیەدا دەکرد.
رێگەکە جگە لەو دوو قەزایە، پارێزگای کەرکووک و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی پێکەوە دەبەستێتەوە. هاونیشتمانییانی سنووری ئیدارەکە هەمان رێگە بۆ گەیشتن بە هەولێر بەکاردەهێنن.
ساهیر عەلی گوتی، "بڕیاری دووسایدکردنی رێگەی نێوان خوورماتوو – کفری دراوە و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیارەکەی پەسند کردووە، هەرکات بکەوێتە جێبەجێکردنەوە کێشەی پردەکانی رێگەکەش چارەسەر دەبێت."
بەهۆی داخستنی ئەو رێگەیەوە، ئەو کەسانەی پێویستیان بە هاتووچۆ هەبوو، رێگەی جێگرەوەی ناحیەی نەوجوولیان بەکارهێنا کە بەراورد بە رێگە سەرەکییەکە، نزیکەی کاژێرێک درەنگتر گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست.
قەزای کفری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانە. قەزای خوورماتووش یەکێکە لە ناوچەکانی باشووری کوردستان و لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای سەلاحەدینە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ