رووداو دیجیتاڵ
دوای هەڵگرتنی باج لەسەر هاوردەکردنی تەماتە، نرخەکەی بەراورد بە هەفتەی رابردوو 50% دابەزی.
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کیلۆیەک تەماتە لە عەلوە بە کۆ لەنێوان 350 بۆ 750 دینارە، واتە نرخەکەی دابەزیوە."
هەفتەی رابردوو کیلۆیەک تەماتە لە عەلوە لەنێوان 1000 بۆ 1500 دینار بوو. سەروەر عەلی دەڵێت، "لابردنی باج لەسەری هاوردەکردن، هۆکاری دابەزینی نرخە."
بەگوێرەی خشتەی وەزارەتی کشتوکاڵ، دەبوو تاوەکو 1ی مانگی داهاتوو هەر کیلۆیەک تەماتەی هاوردەکراو 750 دینار باجی لەسەر بێت، بەڵام کەمبوونەوەی بەرهەمی نێوخۆ و گرانبوونی لە بازاڕدا وایکرد، کۆتایی هەفتەی رابردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێریی هەرێمی کوردستان باج لەسەر هاوردەکردنی هەڵبگرێت.
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بڕیاری لابردنی هەڵگرتنی باج لەسەر هاوردەکردنی تەماتە بۆ دابەزینی نرخەکەیەتی و رێگرییە لە گرانبوونی.
ئەو تەماتەیەی هاوردە دەکرێت لە ئێران و سووریاوە دەهێندرێتە هەرێمی کوردستان.
ساڵانە لەکاتی پێگەشتنی بەرهەمی نێوخۆدا وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێریی هەرێمی کوردستان بۆ ساخبوونەوەی بەرهەمی جووتیاران، باج یان قەدەخە دەخاتە سەر هاوردەکردنیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ