ژمارەیەک قوتابیی کورد لە سوودان بەهۆی شەڕەوە دەچنە هەولێر و لەوێ ناتوانن بخوێنن

09-11-2023
هەڵەبجە سەعدوون
سەرەڕای هێنانی بەڵگەنامەکانی خوێندن، بەڵام وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان داوای پەسندکردنی بەڵگەکانی کردووە لەلایەن سودانەوە.
سەرەڕای هێنانی بەڵگەنامەکانی خوێندن، بەڵام وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان داوای پەسندکردنی بەڵگەکانی کردووە لەلایەن سودانەوە.
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
 
کاتێک شەڕی نێوخۆی سووریا لە ساڵی 2010 بۆ 2011 هەڵگیرسا، ژمارەیەک هاونیشتمانی لە رۆژئاوای کوردستانەوە بەمەبەستی دەربازبوون لە ئاگری شەڕەکە، لە سوودان گیرسانەوە، بەڵام لەوێش پشوویان نەدا.
 
لە نیسانی 2023، شەڕێکی نێوخۆیی گەورە لە سوودان دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. باسل بۆزانێ لە ساڵی 2010، لەگەڵ خێزانەکەیدا لە کۆبانێوە چوونەتە سوودان. ئەم ساڵ خوێندکار بووە لە پۆلی 12ـی ئامادەیی لە خەرتووم، بەڵام بەهۆی شەڕەوە ناچار بووە ئەوێ جێبهێڵێت و لە هەرێمی کوردستان ببێتە پەنابەر.
 
سەرەڕای هێنانی بەڵگەنامەکانی خوێندن، بەڵام وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان داوای پەسندکردنی بەڵگەکانی کردووە لەلایەن سوودانەوە.
 
باسل بۆزانێ دەڵێت، "چوومە وەزارەت و لەگەڵ بەڕێوەبەرەکە گفتوگۆم کرد، ئەو گوتی، 'پێویستە بڕوانامەی پۆلەکانی 8 و 9 و 10 بهێنیت'، منیش گوتم بڕوانامەم هەیە. هەروەها گوتی، کە پێویستە بەڵگەنامەکان لەلایەن باڵیۆزخانەی عێراق لە سوودان پەسند بکرێت".
 
لە کۆتایی مانگی حوزەیران، لە دۆخێکی نائاساییدا، 830 کەس بە فڕۆکە لە سوودانەوە بۆ هەولێر گوێزرانەوە. ئەوان سەرەڕای هێنانی ژمارەیەک بەڵگەنامەی پەروەردەیی، بەڵام منداڵەکانیان لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان وەرنەگیران.
 
عارف موسلیم دەڵێت، "قوتابخانەکانی ئێرە قبوڵمان ناکەن. پێمان دەڵێن بەڵگەنامەکان بهێنن، بەڵام شەڕ هەیە، چۆن بیانهێنین؟ ناتوانین بیانهێنین".
 
کاتێک خوێندکار خوێندنەکەی لە وڵاتێکی دیکەوە دەگوازێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان، پێویستە بەڵگەنامەکانی خوێندنەکەی لە وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەی خۆی پەسند بکات، هەروەها لە باڵیۆزخانەی عێراق هەر لە وڵاتەکەی خۆی پێشکێشی بکات.
 
ئەم بنەماڵانە دەڵێن، ئەوانە رێکاری ئاسایین، بەڵام لەم کاتەدا سەختە کە هێشتا شەڕ لە سوودان هەیە. فاتیمە عوسمان دەڵێت، "لە سوودان پێمان گوتراوە بەپەلە بڕۆن وا فڕۆکەکان گەیشتن، ئێمەش هەروا هاتین بۆ ئێرە، ئێستا منداڵەکانمان ناتوانن بخوێننەوە".
 
شەڕ و پێکدادانی سوودان لە 15ـی نیسانی 2023 لەنێوان سوپای سوودان و هێزی پشتیوانیی خێرا سەریهەڵدا، دوای ئەوەی عەبدولفەتاح بورهان، سەرۆکی حکومەتی کاتیی سوودان و محەممەد حەمدان دەگەلۆ، فەرماندەی هێزی پشتیوانیی خێرا، کە هاوکات جێگری بورهان بوو، لێکترازان و شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانیان دروستبوو. 
 
نزیکەی حەوت مانگ بەسەر شەڕی سووداندا تێدەپەڕێت و هیچ ئاسۆیێکی گەش دیارنییە شەڕەکە کۆتایی بێت، هەزاران خێزان ئاوارە و دەربەدەرن، خەرتوومی پایتەخت بەشی زۆری چۆڵکراوە و شەڕ بە بیابانەکانی دەوروبەری بڵاوبووەتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.