کاتی هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەی شووشمێ - تەوێڵە زیادکرا

09-10-2024
ناسر پیرۆتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامەکانی هەڵەبجە و پاوە رێککەوتن کاتی دەوامکردن لە دەروازەی سنووریی شووشمێ - تەوێڵە زیاتر بکەن و ئامادەکاری بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی تایبەت لەو دەروازەیە بکرێت.
 
رۆژی چوارشەممە شاندێکی حکومیی پارێزگای کرماشان بە سەرپەرشتیی قایمقامی پاوە سەردانی هەڵەبجەی کرد و لەگەڵ پارێزگار و قایمقامی هەڵەبجە کۆبوونەوە لەبارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هەروەها زیاترکردنی کاتی هاتووچۆی گەشتیاری لە دەروازەی سنووریی شووشمێ- تەوێڵە.
 
عەلیڕەزا حەیدەری، قایمقامی پاوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پار کە هاتووچۆی گەشتیاری لەو دەروازەیە دەستیپێکرد، پێیان وانەبوو هاتووچۆی زۆری لێوە بکرێت، بەڵام دواتر بۆیان دەرکەوت خەڵکێکی زۆر بەو دەروازەیەدا هاتووچۆ دەکەن و پێویستە کاتی دەوامکردنی فەرمانبەران بۆ راییکردنی کاری هاتووچۆی گەشتیاران زیاتر بکەن.
 
قایمقامی پاوە گوتی، لەگەڵ قایمقامی هەڵەبجە رێککەوتوون کە لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا لە کاژێر 08:00ـی بەیانی تاوەکو 20:00ـی ئێوارە و لە پاییز و زستانیشدا تاوەکو پێنجی ئێوارە گەشتیاران بتوانن لەو دەروازەیەوە هاتووچۆ بکەن.
 
تاوەکو ئێستا لە کاژێر 08:00 بەیانی تاوەکو دووی دوانیوەڕۆ سنوورەکە بەڕووی هاتووچۆی گەشتیارییدا کراوە بووە. 
 
حەیدەری رایگەیاند، لەگەڵ قایمقامی هەڵەبجە رێککەوتوون تاوەکو مانگێکی دیکە ژێرخانەکانی پێویست بۆ هاتووچۆی گەشتیاران بە ئۆتۆمبێلی خۆیان لەو دەروازەیە ئامادە بکەن و " ئەوپەڕەکەی خەڵکی دوو دیوی سنوور تاوەکو مانگێکی دیکە دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان هاتووچۆ بکەن".
 
لە کۆبوونەوەکەدا باسی بە فەرمی کردنەوەی دەروازەی سازانیش لەنێوان هەڵەبجە و پاوە کراوە. نوخشە ناسیح، قایمقامی هەڵەبجە لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هاوبەشیدا لەگەڵ قایمقامی پاوە رایگەیاند، ئێران ئامادەیە بۆ کردنەوەی دەروازەکە، بەڵام هێشتا حکومەتی فیدراڵیی عێراق رەزامەندی دەرنەبڕیوە و بەرپرسانی پارێزگای هەڵەبجە لە هەوڵدان رەزامەندییەکە وەربگرن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پارتی لە کەرکووک: ئەم ئەزموونە ئەوەی سەلماند کە دەتوانین بە ئامانجی گەورە بگەین.

پارتی لە کەرکووک: ئێمە وەک کەرکووک ئەزموونێکی نوێی یەک گوتاریمان پێشکێش کرد

هیوا ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، لە پرۆسەی سەرژمێریدا "ئێمە وەک کەرکووک ئەزموونێکی نوێی یەک گوتاریمان پێشکێش کرد".