رووداو دیجیتاڵ
بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستان، تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان تاوەکو کۆتایی وەرزی دانانی خولی پاییزە کە دەبێتە کۆتایی ساڵی 2023، درێژکرایەوە. فراکسیۆنەکانی کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی بەشدارییان لە کۆبوونەوەکە نەکرد و نەوەی نوێش ناڕەزایی دەربڕی.
پێشنیازهیاساى بهردهوامبوونی خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستان له سێ مادده و هۆكارهكانی دهرچوواندنی پێكهاتبوو؛ ئەمڕۆ یەکشەممە 09-10-2022 بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتاران و بە 80 دەنگ پەسند کرا.
پێشنیازەیاسای درێژکردنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان ناڕەزایی لێکەوتەوە؛ هەریەکە لە فراکسیۆنەکانی کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و نەوەی نوێ، بەشێک لە پەرلەمانتارانی گۆڕان و بەشێکیش لە "سەربەخۆکان" دژی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولە بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا فراکسیۆنەکانی کۆمەڵی دادگەری کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەشدارییان نەکرد. عومەر گوڵپی، پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بایکۆتمان کرد و بەشداریمان نەکرد، چونکە لەگەڵ پێشنیازەیاساکەدا نەبووین."
هەر ئەمڕۆ ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە نووسراو سەرۆکی پەرلەمانمان ئاگادارکردبووەوە کە بایکۆت دەکەین؛ بەشداریمان لە کۆبوونەوەی گفتوگۆی پێشنیازەیاساکەش نەکرد؛ نامانەوێت رەوایەتی بدەین بە کارێکی نایاسایی."
فراکسیۆنی نەوەی نوێ رایگەیاند، لەدوای 06-11-2022ەوە بەشداریی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان ناکەن و درێژکردنەوەکە بە "یاسایی" نازانن.
پێنجشهممەی رابردوو 6-10-2022، پهرلهمانى كوردستان خوێندنهوهى دووهمی بۆ پێشنیازهیاسای بهردهوامبوونی خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستان کرد. بەگوێرەی ئەوەی فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی، هەروەها بەشێکی فراکسیۆنی گۆڕان و پێکهاتەکانیش دەنگیان بە درێژکردنەوەی ماوەکە دا، پێشنیازەیاساکە پەسند کرا.
سەبارەت بە هۆکاری درێژکردنەوەی ماوەی ئەم خولە، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "مهبهست له دهرچوواندنی بۆ رێگریكردنه له دروستبوونی بۆشایی یاسایی و دهستوورى و پاراستنی یهكڕیزیی نیشتمانی و ئامادهكاریی زیاتر بۆ ههڵبژاردنی خولی شهشهمی پهرلهمانی كوردستان، لهبهرئهوهی بەگوێرەی یاسای ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان - عێراق، ژماره (1)ى ساڵی 1992ی ههمواركراو، رۆژی 06-11-2022 ماوهى خولی پێنجهمی پهرلهمانی كوردستان - عێراق كۆتایی دێت."
بەشێک لە پەرلەمانتاران وەکو ناڕەزایی دژی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان، بە مێزەکانی بەردەمیاندا دەکێشا. شایان عەلی عەسکەری، پەرلەمانتاری گۆڕان لە دانیشتنەکەدا دەستی لەکارکێشایەوە، ئەوەش وەکو ناڕەزایەتی دژی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمان.
ئەمە هەشتەمین جارە لە مێژووی پەرلەمانی کوردستاندا تەمەنی پەرلەمان درێژدەکرێتەوە، بەشێوەیەک چوار جار لە خولی یەکەم بەهۆی شەڕی ناوخۆوە درێژکراوەتەوە، جارێک لە خولی دووەم، جارێک لە خولی سێیەم، جارێک لە خولی چوارەم و ئەمجارەش لە خولی پێنجەم تەمەنی درێژکرایەوە.
رێبوار بابکەیی، پەرلەمانتاری پارتی پێشتر بە رووداوی راگەیاند، "درێژکردنەوەی خولی پەرلەمان لە بەرژەوەندیی هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستانە." عەباس فەتاح، پەرلەمانتاری یەکێتی دەڵێت، "جگە لە درێژکردنەوەی خولی پەرلەمان، هیچ بژارەیەکی دیکەیان نییە."
پێکهاتەکان و بەشێک لە پەرلەمانتارانی گۆڕان لەگەڵ پارتی و یەکێتی بوون بۆ درێژکردنەوەی ئەم خولەی پەرلەمان، بەڵام کۆمەڵ، یەکگرتوو، نەوەی نوێ و بەشێک لە پەرلەمانتارانی گۆڕان درێژکردنەوەی ماوەی ئەم خولەی پەرلەمان بە نایاسایی دەزانن.
بڕیار بوو 01-10-2022 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی لایەنەکان لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن، کۆمسیۆن و ژمارەی کورسیی پێکهاتەکان، نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک و هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆی نەکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ