رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپ بۆردوومان و تۆپبارانی سنووری سیدەکان و دەڤەری باڵەکایەتی کرد کە بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان تێدایە. هەڵگورد نەجیب، قایمقامی سۆرانیش بە رووداوی گوت، "هیچ زیانێکی گیانی بە خەڵکی سڤیل نەکەوتووە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو سوپای پاسداران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی ئەو ناوچەیەی لە سنووری سیدەکان و چۆمان کردووە کە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی تێدا جێگیرن.
رۆژی دووشەممە 6-9-2021 محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای پاسداران رایگەیاند، سەرەڕای چەندینجار ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەبارەی چالاکیی هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێشتا ئەو هێزانە چالاکییان هەیە و گوتی، دانبەخۆداگرتنی سوپاش کۆتاییهاتووە و کۆماری ئیسلامی "وەڵامێکی تووندی" ئەو چالاکییانە دەداتەوە.
هاوکات رۆژی چوارشەممەش محەممەد تەقی ئۆسانلوو، فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سەیدوشوهەدا کە بە کاریگەرترین لقی سوپای پاسداران لە رۆژهەڵاتی کوردستان دادەنرێت، رایگەیاند، "نابێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو گرووپانە لە باوەشی خۆی پەروەردە بکات؛ ئێمە بە بەرپرسانی هەرێممان راگەیاندووە کە دەبێت ئەو گرووپانە دەربکرێن".
محەممەد تقی ئۆسانلوو گوتی: "بێگومان هێرش دەکەینە سەر ئەو گرووپانە؛ داوا لە خەڵک دەکەم لە بنکەکانیان دوور بکەونەوە."
لە لایەکی دیکەوە محەممەد مەجید، موختاری گوندی بەربزین بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، کاژێر 6:00ی بەرەبەیان دوو فڕۆکە بۆردوومانی گوندی بەربزین و گوندەکانی دەوروبەری دەرهۆڵ و بنپەرێزە و بنی رەشکینیان کرد، دوای ئەوەش بە رۆکێت و تۆپی دوورهاوێژ ناوچەکە تۆپبارانکرا.
موختاری گوندی بەربزین ئەوەشی گوت کە ئەو ناوچەیە خەڵکێکی زۆری لێیە، مەڕوماڵاتێکی زۆریش لەو گوندانە بەخێو دەکرێن، بارەگای هیچ حیزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستانیشێ لێنییە، بەڵام لەلایەن ئێرانەوە بۆردوومان و تۆپباران دەکرێت، تا ئێستاش زیانەکان دیار نیین، چونکە هێشتا تۆپباران بەردەوامە بۆیە خەڵکەکە خۆیان حەشارداوە.
هەروەها سوارە ئەکرەم، قایمقامی قەزای چۆمان بە رووداوی راگەیاند، لەبەرەبەیانی ئەمڕۆوە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی چەند ناوچەیەکیان لە ناحیەی سمیلانی سەر بە قەزای چۆمان کردووە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
هاونیشتمانییەک بەناوی حاجی ئەحمەد لەو ناوچەیەی کە بۆردوومان و تۆپباران کراوە بە رووداوی گوت، ئێران سنووری گوندی بەربزینی کردووەتە ئامانج.
قایمقامی چۆمان گوتیشی، "فڕۆکەکان گوندی بێولێیان لە دۆڵی رۆستی سەر بە ناحیەی سمیلان و ناوچەی پاشقەڵاتانیان لە نزیک ناوپردان بۆردوومان کردووە، بەڵام بۆردوومانەکان دووربووە لە ئاوەدانی و ئێستاش بۆردوومانەکە وەستاوە."
کاوە بەهرامی، بەرپرسی دەزگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی حدکاش بە رووداوی راگەیاند، ئێران بە شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی ئەو ناوچانەی کردووە کە پێشمەرگەی لێ جێگیرە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو کە لە سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە دەستی کەوتووە، ئێران تەنیا بنکەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی لە ناوچە سنوورییەکانی سیدەکان و چۆمان بۆردوومان کردووە.
کاوە بەهرامی دەڵێت، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان هیی ئێرانن، چونکە دەنگیان لە دەنگی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکی جیاوازە، فڕۆکە ئێرانییەکان نزمتر دەفڕن، هەروەها بەو تەقەمەنییەی بەکاری دەهێنن و کاریگەریی تەقینەوەکەش دەناسرێنەوە.
هەر لەسەر بۆردوومانەکە، حەسەن قادرزادە، بەرپرسی کۆمیسیونی پێشمەرگەی حدک بە رووداوی گوت، "لە رۆژانی رابردوودا سوپای پاسداران لە ناوچە سنوورییەکان لە ئامادەییدا بووە و هێزی زۆری لە ناوچە سنوورییەکان مەریوان، بانە، سەردەشت و پیرانشار جێگیر کردووە."
قادرزادە ئاماژەی بەوەشکرد، دوای هەڕەشەکەی فەرماندەی هێزی وشکانیی سوپای پاسداران، لە هەموو بنکە و شوێنەکانی مانەوەی پێشمەرگە لە ئامادەییدایە و رێوشوێنی پێویستیان بۆ هەرچەشنە هێرشێک گرتووتەبەر.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ