رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور رایگەیاند شەوی رابردوو چەکدارانی داعش لە سنووری قەزای مەخموور گەنجێکی کوردیان رفاند و شۆفێرێکی عەرەبیشیان کوشت، هەر ئەمڕۆش ماتۆرسکیلێکیان تەقاندووەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 9ی ئابی 2021، عەبدوڵڵا تاهیر، بەرپرسی ناوچەی مەخمووری پارتی دیموکراتی کوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند: "کاژێر 10:30ی دوێنێ شەو چەکدارانی داعش لە سنووری گوندی برایم باوەلێ لە مەخموور گەنجێکی کوردیان بەناوی رەمەزان محەممەد رفاندووە کە تەمەنی 18 ساڵە و شوان بووە".
بەگوتەی عەبدوڵڵا تاهیر هەر هەمان شەو چەکدارانی داعش لە گوندی حلوات کەسێکی بەرەگەز عەرەبییان کوشتووە، کە پایلی بیرلێدانی هەبووە. گوتیشی هەر ئەمڕۆ لە ناوچەی مەخمووری گچکە چەکدارەکانی داعش ماتۆڕسکیلێکیان تەقاندووەتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
رۆژی 6ی ئابی 2021، چەکدارانی داعش بازگەیەکیان لەنزیک گوندی کەنداڵ لە مەخموور داناو و بەجلوبەرگی سوپای عێراقەوە ژمارەیەک کەسیان رفاند و سێ کەسیشیان بریندارکرد.
سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری مەخموور - گوێڕی پێشمەرگە، رۆژی 7ـی ئابی 2021، سەبارەت بە رووداوەکەی 6ی ئابی مەخمووررایگەیاند "رووداوەکە لە بۆسەیەکی چەکدارانی داعش بوو کە ئەو چەکدارانە جلوبەرگی سەربازیی سوپای عێراقیان لەبەربووە، بازگەیەکیان لەنزیک گوندی کەنداڵ لەسەر رێگەی دیبەگە - مەخموور دانابوو، لە ئەنجامدا سێ هاونیشتمانی بریندارکران و 12 رفێنران و 7 لەوان ئازادکران."
سەبارەت بە چارەنووسی رفێنراوەکان، عەبدوڵڵا تاهیر، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مەخموور گوتی: "هەواڵ هەیە گوایە یەکێک لەو رفێنراوانەیان کووشتووە کە ئەفسەری سوپای عێراق بووە و بەرەگەز عەرەبە، بەڵام هێشتا ئەو هەواڵە بەتەواوەتی پشتڕاستنەکراوەتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ