رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی گوندەکانی شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بە کمئاوییەوە دەناڵێنن و بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران 27 هەزار گوند کێشەی کەمئاوییان هەیە.
کێشەی ئاوی ماڵان لە گوندەکانی ورمێ کێشەیەکی کۆنە، لە ناوچەکانی مەرگەوەڕ، تەرگەوەڕ، مەحالی دەشت و سۆما دەیان گوند ئەو کێشەیەیان هەیە.
هاونیشتمانییەکی ورمێ بە پەمپێکی بچووکی ئاو دەستنوێژ دەگرێت و گلەیی لە کەمئاوی دەکات.
فەرمانگەی ئاوی سیلوانا لە جێگەی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بڕیاریدا، پێدانی ئاو بە ژمارەیەک گوند سنووردار بکات. ئەو فەرمانگەیە دەڵێت، بەهۆی کەمبوونی ئاو، بە نۆرە ئاو دەدرێتە گوندەکانی دووکاناوا، هێشماوا، سێگرکان، گرناسر، حەوتاوا و بیبەکران.
رۆژانە لە کاژێر 2ی دوانیوەڕۆ تاوەکو 8ی ئێوارەی بە نۆرە ئاو دەدرێتە ئەو گوندانە. فەرمانگەی ئاوی سیلواناش داوا لە خەڵک دەکات دەست بە ئاوەوە بگرن و بۆ کێشەی کەمئاوی پەیوەندی بەو فەرمانگەیەوە نەکەن. جگە لە سۆما، هەر سێ ناوچەی مەرگەوەڕ، تەرگەوەڕ و مەحالی دەشت بەهۆی ئاوی کوێستانەکان، کانیاو و رووبارەکان ناوچەی پڕ ئاون.
بەرپرسانی کۆمپانیای ئاوی ئێران دەڵێن، 27 هەزار گوندی ئەو وڵاتە کێشەی ئاویان هەیە. 13 هەزار و 300 گوند هەر بۆری گواستنەوەی ئاویان بۆ رانەکێشراوە. 10 ملیۆن کەس لەو گوندانە نیشتەجێن. کێشەکە چارەسەر نەکرێت، بەشێکی لەوانەیە بۆ ساڵانی داهاتوو، ژمارەی دانیشتووانیان بە رێژەیەکی زۆر کەم بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ