رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "پێویستە پارتی پرسی سەرۆککۆمار زۆر بە هەستیارییەوە سەیر نەکات و بەربژێری یەکێتی ببێتە بەربژێری هەردوولایەن بۆ پۆستەکە." دەشڵێت، "بۆ پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە قۆناخێکی پێشکەوتووداین و لەسەر زۆربەی بابەتەکان رێککەوتووین."
رۆژی شەممە 9-7-2022 سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان میوانی بوولتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە رۆژان ئەبوبەکر پێشکێشی کرد و رایگەیاند، "گفتوگۆکان لە عێراق لە ئاستێکی پێشکەوتوودان و پێویستە ئێمەش وەک کورد هەوڵبدەین دوانەکەوین. باشترە زۆر لە پرسی سەرۆککۆمار وردنەبینەوە و زۆر بە گرنگی وەرنەگرین، لەبەر ئەوەی بە یەک بەربژێر بچینە هەڵبژاردنەکەوە باشترە لەوەی دوو بەربژێرمان هەبێت؛ یەکێتی بەربژێری خۆی دەستنیشان کردووە و تاوەکو ئێستاش ئەو کەسە هەر بەربژێری یەکێتییە."
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی، "پارتی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری دەرەوە و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەیە، ئەگەر سەرۆککۆماریش ببات بۆخۆی، ئەی باسی کام هاوبەشی دەکات لەگەڵ یەکێتی؟ بۆیە زۆر باشترە ئەوەندە ئازاری یەکێتی نەدرێت و گوشاری نەخرێتەسەر. کادیرانی یەکێتی بەو شێوەیە ئیستیفزاز دەکرێن، نە لە رابردوودا و نە ئێستاش ئیستیفزازکردنی یەکێتی کارێکی باش نەبووە."
سەعدی ئەحمەد پیرە هەروەها گوتی، "یەکێتی لەگەڵ هەموو لایەنەکانی نێو پەرلەمان بە سوننە و شیعەوە لە گفتوگۆیەکی نزیکدایە و لەیەکنزیکبوونەوەی زۆر باش هەیە؛ پێم باشە یەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هەبێت و رێز لە ویستی یەکێتی بگیرێت، ئەگینا دووبارەبوونەوەی سیناریۆی 2018 لە بەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە."
لەبارەی کۆبوونەوەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێ، "ئێستا لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە قۆناخێکی پێشکەوتووداین و لەسەر زۆربەی شتەکان رێککەوتووین و تێکچوونی ئەو نزیکبوونەوە و رێککەوتنەش تەنیا لە بەرژەوەندی دوژمنانی کوردە و خەڵکی کوردستان سوودی لێ نابینن و پێگەی کورد زۆر لاواز دەکات."
سەبارەت بە ئەگەری دواکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمان، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیوایە: "ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا گرنگە، بەڵام تاوەکو ئەو کاتەی نەبێتە هۆی تێکدانی بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان؛ بۆیە هەڵبژاردنێک بۆ چاککردنی دۆخی هەرێمی کوردستان بێت پیرۆزە، نەک هەڵبژاردنێک کە تەنیا لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ