مێردمنداڵێك لە ناسریە دەڕفێندرێت و لە چۆمان رزگاردەکرێت

09-06-2023
ئەندام جەبار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

مێردمنداڵێک لە شاری ناسریەی باشووری عێراق دەڕفێندرێت و لە چۆمان رزگاردەکرێت و رادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە. رفێنەرەکەش دەستبەسەرکراوە و رادەستی دادگەی ناسریە دەکرێت. 
 
رۆژی هەینی، 9ـی حوزەیرانی 2023، شەماڵ دێوالی گوتەبێژی پۆلیسی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ئەوەی لە شاری ناسریە مێردمنداڵێک کە لە تەمەنی 16 ساڵیدا بوو بە ناوی (م-ا-ن) لەلایەن تۆمەتبارێک بە ناوی (ع-ک-م) دەڕفێنرێت و دەهێنرێتە سنووری سۆران و چۆمان، لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی چۆمان لەڕێگەی کامێرای چاودێرییەوە شوێنی خۆ حەشاردانی دەدۆزرێتەوە و دەستبەسەر دەکرێت".
 
گوتەبێژی پۆلیسی سۆران گوتیشی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی سۆران و لەدوای بڕیاری دادگەی لێکۆڵینەوەی (رفاعی/ناسریە) کە لە رێکەوتی 8ی حوزەیرانی 2023 بۆی دەرچووبوو، دەستگیرکراوە. گوتیشی، بە بڕیاری دادوەر  نەوجەوانەکە رادەستی کەسوکارەکەی کرایەوە و تۆمەتباری راگیراو لە رێگای بەشی هەماهەنگیی وەزارەتی ناوخۆ/ ناوەند لە هەرێمی کوردستان رەوانەی دادگای لێکۆڵینەوەی رفاعی/ناسریە دەکرێت. 
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوون، رفێنەر بۆ ئازادکردنی مێردمنداڵەکە، داوای بڕێکی زۆری پارەی لە کەسوکارەکەی کردووە و رفێندراوەکەی بۆ ماوەی شەو و رۆژێک لە خانووەکی چۆڵدا لە چۆمان هێشتووەتەوە و دواتر پۆلیس تۆمەتبارەکەی دەستگیرکردووە. 
 
بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران راگەیێندراوێکی لەبارەی دەستگیرکردن و رادەستکردنەوەی رفێنراوەکەی بڵاوکردووەتەوە کە باس لەوە دەکات، "دوێنێ کاژێر 14:00 بەشی پۆلیسی نێو شاری سۆران یاداشتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی بەناوی ( ع-ک-م) بە دەست گەیشتووە کە خەڵکی شاری بە‌غدایە و بڕیاری دەستگیرکردنی لە دادگەی لێکۆڵینەوەی رفاعی/ناسریە لە رێکەوتی 8-6-2023 بۆ دەرچووبوو بەپێی مادەی 421 لە یاسای سزادانی عێراقی کە تۆمەتبارە بە رفاندنی منداڵێکی نەوجەوان بە ناوی (م،ا،ن) لە شاری ناسریە و تۆمەتبار دوای دەرچوونی لە سنووری دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی و هاتنی بۆ هەرێمی کوردستان و سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، توانرا لە هەمان رۆژدا بە سەرپەرشتیی بەڕێوەبەری پۆلیسی سۆران و ئاگادارکردنەوەی دادوەری لێکوڵینەوەی سۆران و بە هاوکاریی (بەشی نەهێشتنی تاوانی سۆران) دوای بەدواداچوونی ورد و لە رێگای کامێرای چاودێرییەوە توانرا شوێنی خۆحەشاردانی تۆمەتبار دەستنیشان بکرێت و توانرا لە ماوەیەکی کەمدا رفێنەر و رفێنراوی نەوجەوان دەستگیربکرێن لە قەزای چۆمان."
 
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "بە هەماهەنگی لەگەڵ (بەشی پۆلیسی چۆمان) کە لە ماوەیەکی کەم توانییان تۆمەتبار دەستگیر بکەن، و بە بڕیاری بەرێز دادوەر رفێنراوی نەوجەوان رادەستی کەسوکاری کرایەوە و تۆمەتباری راگیراو لە رێگای بەشی هەماهەنگی وەزارەتی ناوخۆ/ ناوەند لە هەرێمی کوردستان رەوانەی دادگای لێکوڵینەوەی رفاعی/ناسریە دەکرێت." 
 
پۆلیسی سۆران دەشڵێت لە ئەگەری هەر کێشە و گرفتێک پەیوەندی بە ژمارە تەلەفۆنەکانی ژووری کۆنتڕۆڵی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران بکەن کە ئەمانەن: 104، 124، 134، 144
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە