رووداو - سۆران
36 ساڵ بەسەر بۆردوومانی ئۆردوگای زێوەی رۆژهەڵاتی کوردستان تێدەپەڕێت، بۆردوومانەکە لەلایەن حکومەتی بەعسەوە کرایە سەر ئاوارەکانی باشووری کوردستان و بەو هۆیەوە 150 هاونیشتمانی شەهید بوون و 373 کەسیش کەمئەندام و بریندار بوون، کەسوکاری شەهید و بریندارەکانی زێوە گلەییان هەیە و دەڵێن، جیاکاری لەنێوان شەهید و بریندارەکاندا کراوە.
لە تەمەنی گەنجێتیدا فڕۆکەکانی حکومەتی بەعس قاچێکیان لە حەسەن سۆفیی 72 ساڵ سەندەوە، عائیشە سۆراکانی تەمەن 68 ساڵیشی بێ هاوژین کرد و کوڕێکیشی کەمئەندام بووە.
رۆژی 9ی حوزەیرانی 1985 بەعس لەڕێگەی هەشت فڕۆکەوە ئۆردوگای زێوەی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستانی بۆردوومانکرد، فەهیمە رەمەزان تەمەنی هەشت ساڵان بووە و وێڕای کەمئەندامبوونی خۆی، دایک و برایەکیشی لە بۆردوومانەکەدا شەهیدبوون، گولیشان خالیدی تەمەن 31 ساڵیش بە بۆردوومانەکە بریندار بووە، ئەوان تاوەکو ئێستا بەدەست ئازاری برینەکانیانەوە دەناڵێنن.
بۆردوومانەکەی ئۆردوگای زێوە، 150 هاونیشتمانیی شەهید کرد، 373 کەسیشی بریندارکرد. ئەشقی مەلا، بەڕێوەبەری شەهید و ئەنفالکراوانی سۆران دەڵێت "بەدواداچوونی تەواو بۆ شەهید و بریندارانی بۆردوومانی ئۆردوگای زێوە کراوە و وەزارەت نیازیەتی هەرکەس کە تاوەکو ئێستا مافی تەواوی پێنەدرابێت، قەرەبووی بکاتەوە".
سەرجەم دانیشتووانی ئۆردوگاکە هاونیشتمانیانی باشووری کوردستان بوون و لەترسی بەعس زێدی خۆیان جێهێشتبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ