رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، ئەنجوومەنی راژەی گشتیی عێراق رەتیکردووەتەوە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان دابمەزرێنن و رایانگەیاندووە، دامەزراندنیان "هیچ پەیوەندییەکی بە حکومەتی عێراقەوە نییە."
رۆژی چوارشەممە 9ی نیسانی 2025 د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی راژەی عێراق و هەرێمی کوردستان، عێراق رەتیکردەوە سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان دابمەزرێنێت."
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە خوێندنی باڵا دەڵێت، "بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی 2017-2018 تاوەکو 2023-2024، رێکارە کارگێڕییەکانمان تەواو کردوون و زیاتر لە 10 هەزار دەرچوو بایۆمەترییان کردووە، بەڵام پێویستمان بە 10 ملیار دینارە."
بە گوتەی د. توانا نەجەف، عێراق دەڵێت "دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان هیچ پەیوەندییەکی بە عێراقەوە نییە، بەڵکو پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان دابمەزرێنێت."
حکومەتی عێراق 700 پلەی وەزیفی بۆ سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان کە خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان تەرخان کردووە. د. توانا نەجەف دەڵێت: "ئەو کەسانەی ناویان تۆماردەکەن، بەپێی پێویستی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ناویان دەگەڕێتەوە."
8ی ئایاری 2024، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی ژمارە (8538) داوای لە گشت زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان کرد، لە ماوەی پێنج رۆژدا لیستی ناوی سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی بەش لە کۆلیژ و پەیمانگەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە دەرچووانی (2017-2018) تاوەکو (2022 -2023) بەپێی خشتەی دیاریکراو بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا بنێرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ