لە بەردەڕەش سەگی بێلانە کۆدەکرێنەوە و رەوانەی شێڵتەری هەولێر دەکرێن

09-03-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی 4ـی ئەم مانگە لە بەردەڕەش 7 سەگی بێلانە پەلاماری منداڵێکی دوو ساڵانیان دا و گیانی لەدەستدا، لە قەزاکە هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە دەستیپێکردووە. شارەوانیی بەردەڕەش دەڵێت، خۆیان سەرپەرشتیی هەڵمەتەکە دەکەن.

رۆژی یەکشەممە 09ـی ئاداری 2025، ئازاد محەممەد، سەرپەرشتیاری ھەڵمەتەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەدوای ئەو رووداوە ناخۆشەی بەردەڕەش کە منداڵێک گیانی لەدەستدا، دەستمانکرد بە ئامادەکاری بۆ کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان، لەگەڵ شارەوانیی بەردەڕەش و قایمقایەتی قەزاکە هاوئاهەنگیمان کردووە، ئەوان بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتیمان دەکەن."
 
4ـی ئەم مانگە، لە قەزای بەردەڕەش کۆمەڵێک سەگ پەلاماری منداڵێکی دوو ساڵانیان دا و دوای چەند کاژێرێک لە برینداربوونی، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە، لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاکرێ گیانی لەدەستدا.
 
نزیکەی 500 سەگی بێلانە لە بەدەڕەش هەن. ئازاد محەممەد گوتی، "لەلایەن گرووپێکی چوار کەسی کە شارەزان لە گرتنی سەگە بێلانەکان، هەڵمەتەکە دەستیپێکردووە و هەموو سەگەکان لە شوێنێک کۆدەکرێنەوە، ئەمڕۆ لە ماوەی زیاتر لە دوو کاژێردا توانیویانە 40 سەگ کۆبکەنەوە."
 
بەگوتەی ئازاد محەممەد، هاوئاهەنگییان لەگەڵ شێڵتەری سەگی بێلانە لە هەولێر کردووە، دوای ئەوەی تەواوی سەگەکان کۆدەکەنەوە، دەیانبەن بۆ ئەو شێڵتەرە: "ئامانجمان لەم هەڵمەتە نەهێشتنی سەگی بێلانەیە لە قەزای بەردەڕەش، تاوەکو هیچ منداڵ و هیچ کەسی دیکە نەبنە قوربانی و نەخۆشییە گواستراوەکان بڵاونەبنەوە". 
 
هاوکات، سیروان حەسەن، سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش بە رووداوی گوت، "ئەم هەڵمەتە بە سەرپەرشتیی ئێمە دەستیپێکردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی تیمێکی شارەزا لە کۆکردنەوەی سەگ، ئەو گەنجانە بەڕێوەی دەبەن."
 
سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش دەڵێت، "لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانمان کردووە بۆ پاککردنەوەی بەردەڕەش لە سەگی بێلانە، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە دەست بە ئامادەکارییەکان بۆ کۆکردنەوەیان بکەین."
 
بە گوتەی سیروان حەسەن، "سەگەکان کۆدەکرێنەوە، دوای ئەوەی ژمارەیان گەیشتە 100 بۆ 150 سەگ، بە بارهەڵگرێک دەگوازرێنەوە بۆ شێڵتەری سەگە بێلانەکان لە هەولێر."
 
لەبارەی دروستکردنی شێڵتەر لە بەدەڕەش، سەرۆکی شارەوانیی قەزاکە گوتی، "شوێنکمان دیاریکردووە و 8 دۆنم دەبێت، نزیکەی ساڵێکە نووسراومان بۆ پارێزگاری دهۆک کردووە کە پێوستمان بە نزیکەی 100 ملیۆنە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو بازاڕەی شارەوانیی کەلار دەڵێت تێکی دەدەن

شارەوانیی کەلار: بازاڕی سەنتەری شار تێکدەدرێ و دووکانداران قەرەبوو دەکرێنەوە

شارەوانیی کەلار 262 دووکانداری بازاڕی سەنتەری شارەکەی ئاگادار کردوونەتەوە، دووکانەکانیان چۆڵبکەن کە بە دووکانی گەنمفرۆشان ناسراون. دووکانداران ناڕازین و دەڵێن، شوێنی نوێ گونجاو نییە بۆ کار. 130 دووکاندار کرێچین و داوا دەکەن بێکار نەکرێن. شارەوانیی کەلار دەڵێت، هیچ دووکاندارێک بێکار ناکرێ و قەرەبوو دەکرێنەوە.