پەروەردەی سلێمانی مانگێک دوای پەروەردەکانی دیکە تاقیکردنەوەی نیوەی وەرزی دووەم دەکەن

09-03-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایگەیاند، ئەو قوتابیانەی دابڕاون لە خوێندن لە مانگی نیسان، دەست دەکەن بە تاقیکردنەوەی نیوەی وەرزی دووەم. بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانییش دەڵێت، "تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی دووەم لەگەڵ پەروەردەکانی دیکە دەکرێت."
 
رۆژی یەکشەممە، 09ـی ئاداری 2025، نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاقیکردنەوەی نیوەی وەرزی دووەمی بەشێک لە قۆناخەکانی پەروەردەی سلێمانی، مانگێک دوای پەروەردەکانی دیکە دەکرێت."
 
لەبارەی هۆکاری دواکەتنی تاقیکردنەوەکان، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، "لە بەرژەوەندیی ئەو خوێندنگەیانەیە کە لە ساڵنامەی خوێندن دواكەوتوون، ئەوانەی لەکاتی خۆیان دەستیان بە پڕۆسەی خوێندن کردووە، بەپێی ساڵنامەی وەزارەتی پەروەردە تاقیکردنەوەکان دەکەن."
 
لەبارەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرزی دووەمیش گوتی، "لەکاتی خۆیدا لەگەڵ هەموو پەروەردەکان دەکرێن."
 
ئەمڕۆ پەروەردەی سلێمانی بڵاویکردوەتەوە، "ئەو خوێندنگانەی لە پڕۆسەی ساڵنامەی خوێندن دواكەوتوون، پێویستە 13-4 تاوەکو 22-4ـی 2025، تاقیكردنەوەی نیوەی وەرزی دووەم (20 نمرە) بۆ پۆلە ناكۆتاكانی 4 تاوەکو 8ـی بنەڕەتی و پۆلەكانی 10 و 11ـی بکرێن."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "پۆلەكانی 9ـی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی لە 8-4 تاوەکو 21-4 دەکرێت وەكو چۆن لە ساڵنامەی خوێندندا هاتووە."
 
رۆژانی شەممە لە پەروەردەکانی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە. بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی گوتی، "رۆژانی شەممەش تاقیكردنەوە دەکرێت و ئەگەر پشووی فەرمی كەوتە نێو رۆژی یەكێک لە تاقیكردنەوەكان، ئەو رۆژە تاقیكردنەوە ناکرێت و بەپێی هەمان زنجیرە تاقیكردنەوە رۆژی دواتر تاقیكردنەوەكان بەردەوامیان دەبێت."
 
ئەمە لە کاتێکدایە 03ـی ئەم مانگە، وەزارەتی پەروەردە گشتاندنێکی بۆ هەموو پەروەردەکان کردووە سەبارەت بە ساڵنامەی خوێندن و تاقیکردنەوەکانی ساڵی 2024-2025، بۆ سەرجەم قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان و تێیدا هاتووە، "لە رۆژانی (4-6-8-9)ـی ئادار چوار تاقیکردنەوە بکەن، پاش نەورۆز لە رۆژانی (24-25-26-27)ـی هەمان مانگ چوار تاقیکردنەوەی دیکە بکەن."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 سەلاح دەروێش، سکرتێری گشتیی پارتی دیموکراتی پێشڤەرۆ لە سووریا میوانی بووڵتنی دلبخوین دارا بوو

پارتی پێشڤەرۆ لە سووریا: شاندی یەکگرتووی کوردی 9 ئەندامی دەبێت

سکرتێری پارتی پێشڤەرۆ لە سووریا دەڵێت، تاوەکو ئێستا بانگهێشتنامەی فەرمییان بۆ بەشداری لە کۆنفرانسی نەتەوەیی پێنەگەیشتووە. گوتیشی، ''کۆنفرانسەکە تەنیا بۆ قبووڵکردنی بۆچوونێکی هاوبەشە لەنێوان لایەنەکان.''