بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان: ئاوارەکانی عێراق بە زۆر ناگەڕێنینەوە

09-03-2023
شەنگە ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھاوئاهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئاوارەکان نایانەوێت بگەڕێنەوە ناوچەکانیان، بۆیە کەس بە زۆر ناگەڕێننەوە، بەڵام هەر ئاوارەیەک بگەڕێتەوە، جارێکی دیکە وەریناگرنەوە.
 
حکومەتی عێراق پلانی داخستنی 25 کەمپی ئاوارەکانی لە هەرێمی کوردستان هەیە. ئەو ئاوارانە لەدوای ساڵی 2014 بەهۆی شەڕی داعشەوە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
 
رۆژی پێنجشەممە 09-03-2023 حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی ھاوبەشی ھاوئاهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پلانی داخستنی کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان سەرناگرێت، تەنیا پلانی سەر کاخەزە، چونکە ئاوارەکان نایانەوێت بڕۆنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و دەڵێن: هیچ ئاسایشێک لە ناوچەکانمان نەماوە."
 
حوسێن کەلاری ئاماژەی بەوەش دا، تیمێکی تایبەتیان هەیە بۆ ئەوانەی بە ویستی خۆیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، "هاوکاریان دەبین، بەڵام ئەگەر پەشیمان ببنەوە و ویستی گەڕانەوەیان هەبێت بۆ هەرێمی کوردستان وەکو ئاوارە، وەرناگیرێنەوە." گوتیشی، "هیچ ئاوارەیەک بە زۆر ناگەڕێننەوە ناوچەکانیان."
 
لە هەرێمی کوردستان 931 هەزار ئاوارە و پەنابەر هەن، 665 هەزار کەسیان ئاوارەی عێراقین، ئەوانی دیکەش پەنابەرن. زۆربەی کەمپەکانی ئاوارەکان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک.
 
ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان لە 36 کەمپ نیشتەجێ کراون، حکومەتی عێراق پلانی داناوە 25 لەو کەمپانە دابخات و ئاوارەکان بگەڕێنێتەوە زێدی خۆیان.
 
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڕی یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار دەداتە ئەو ئاوارانەی دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بەڵام بەشێک لە ئاوارەکان، بەتایبەتی ئاوارەی کوردی ئێزدی دەڵێن، دۆخی ئەمنیی شنگال لەبار نییە بۆ گەڕانەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تیمێکی سەرژمێری لە هەولێر هاونیشتمانییان تۆمار دەکەن. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

لیژنەی سەرژمێری: پێش کاژێر 12:00ـی شەو پەیوەندی بکەن

سەرۆکی کەرتی راگەیاندنی سەرژمێری لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەوانەی تاوەکو ئێستا تۆمارنەکراون، پێویستە بە "زووترین" کات لە رێگەی هێڵی گەرمی 567ـەوە پەیوەندییان پێوە بکەن. بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری پارێزگای دهۆکیش باس لەوە دەکات، لە بەشێکی پارێزگاکە و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش سەرژمێری درەنگ دەستیپێکردووە و تەواونەبووە.