رووداو- سۆران
برازایەكی شێخ فەتاح نەقشبەندی، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی كە هەفتەی رابردوو لەسەر كێشەی زەویوزار لە گوندەكەی خۆیان كوژرا، دەڵێت مامی بەنیاز بوو بچێتە ئوردن و نەشتەرگەری بۆ قاچی بكات، بەڵام بڕیاری دابوو تا ئەو كێشەیە چارەسەر نەكات سەفەر نەكات.
رۆژی 4/3/2016 بەهۆی كێشەی زەویوزار لەنێوان دوو بنەماڵەی هەردوو گوندی دێگە و شێركاوە، شێخ فەتاح نەقشبەندی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی زەرد لە خولی دووەمی پەرلەمانی كوردستان، لەگەڵ برازایەكی بەنێوی ناسیح كوژران.
شێخ نیاز راغب دێگەیی، سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتی زانایانی ئاینیی ئیسلامی كە برازای شێخ فەتاحە بە (رووداو)ی گوت "بەهۆی پارچە زەوییەك كە دەكەوێتە نێوان گوندی شێركاوە و گوندی دێگە، كێشە لەنێوان دوو كەسی ئەو دوو گوندە دروست بووە، بەیانیی ئەو رۆژە شێخ فەتاحی مامم بە مەبەستی ناوبژیكردن و چارەسەركردنی كێشەی نێوانیان كە یەكێكیان برازای خۆیەتی، لەگەڵ چەند كەسێكی هەردوو گوند دەچنە شوێنەكە".
هەروەها گوتیشی "بە شایەتی ئەوانەی كە لەوێ بوونە، مامم مافی برا و برازایەكانی داوەتە لایەنی بەرامبەر تەنیا بۆئەوەی كێشەكە لەوە زیاتر گەورە نەبێ، دوای دانیشتنەكە هەردوولا رازی بوونە و چەندینجار جەنابی شێخ لە لایەنی بەرامبەری دووبارە و سێبارە كردووەتەوە كە ئایا ئێوە بەوە رازین، ئەوانیش گوتبوویان بەڵێ زۆریش رازین".
بە گوتەی شێخ نیاز، مامی بەنیاز بووە لەو ماوەیە سەفەری ئوردن بكات بۆ ئەوەی نەشتەرگەری بۆ قاچی بكات، بەڵام بەڵێنی دابوو تاوەكو كێشەكە چارەسەر نەكات سەفەر نەكات.
هەرچەندە لەوێ كۆتایی بە كێشەكە دێت، بەڵام ئەوەی نەدەبوو رووبدات، رووی دا. بەرلەوەی خواحافیزی لە یەكدی بكەن، دەمەقاڵێیەك دروست دەبێ. مەلا نیاز گوتی "لایەنی بەرامبەر زیاتر لە 12 كەس بوون، سەرەتا دیار نەبووە كە چەكیان پێبێت، ئەوانی ئێمە كە 12 كەس بوون كەسیان چەكیان پێنەبووە، لەو كاتەدا دەمەقاڵێیەكی زۆر سادە لەنێوان ناسیح و گەنجێكی ئەوان دروست دەبێ و لەو كاتەدا تەقە لەوانەی ئێمە دەكەن".
لە ئەنجامی ئەو تەقەكردنەدا شێخ فەتاح نەقشبەندی و برازاكەی دەكوژرێن و شەش كەسی دیكەشیان بریندار دەبن كە رەوشی تەندروستیی چواریان خراپە.
عالی، یەكێك لە بریندارەكانە كە شایەتحاڵی رووداوەكەیە، بە (رووداو)ی گوت "ئەو رۆژە ئێمە پێش ئەوان لەوێ بووین، دواتر كە ئەوان هاتن، (خ) پێش ئەوەی بێتە لای ئێمە، چوو بۆ گوندی شێركاوەو هاتەوە و هەر لە دوورەوە رووی ئۆتۆمبێلەكەی بەرەو لای رێگاكە راگرت و چەك و رەختیان بەستبوو".
هەروەها گوتی "كۆتایی بە كێشەكە هاتبوو، هەردوولا وێنەی یادگارییان لەگەڵ یەكدی گرت، بە تایبەتی بە ئایپاد وێنەی یادگارییان لەگەڵ شێخ فەتاح گرت". ئەو گوتیشی "بڕیارەكانی شێخ فەتاح لە بەرژەوەندیی لایەنی بەرامبەر بوو".
رائید سەعدون نەبی، بەرپرسی بەشی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران بە (رووداو)ی راگەیاند"لەم رووداوەدا دوو كەس كوژراون و شەش كەسیش بریندارن، بنەماڵەی قوربانییەكانیش سكاڵایان لەسەر سێ كەس تۆمار كردووە، بەڵام بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتوون".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ