بەرپرسێکی مەڵبەندی 2ی یەکێتی لە کەرکووک: لەگەڵ پارتی هاوڕا بووین بۆ یەکخستنی نێوماڵی کورد لە کەرکووک

09-01-2024
هیدایەت جان
رەوەند مەلا مەحموود، لێپرسراوی مەڵبەندی 2ی رێکخستنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە کەرکووک
رەوەند مەلا مەحموود، لێپرسراوی مەڵبەندی 2ی رێکخستنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە کەرکووک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لێپرسراوی مەڵبەندی 2ی رێکخستنی یەکێتی لە کەرکووک دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ پارتی گفتوگۆیان لەبارەی دانانی پارێزگا و پێکهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کردووە و دەشڵێت، "هەردوولا لەسەر ئەوە کۆک بووین سەرەتا نێوماڵی خۆمان یەکبخەین و دواتر لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە رێکبکەوین."
 
رۆژی سێشەممە 9ی کانوونی دووەمی 2024 رەوەند مەلا مەحموود، لێپرسراوی مەڵبەندی 2ی رێکخستنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە کەرکووک بە هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداوی لە کەرکووک راگەیاند، "ئەمڕۆ سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستانمان کرد و کۆمەڵێک بابەتمان بەیەکەوە گەنگەشە کرد، بۆئەوەی بەیەکەوە هەوڵ بدەین لە کەرکووک پشتیوانیی خەڵکەکەمان بین."
 
لێپرسراوی مەڵبەندی 2ی یەکێتی لە کەرکووک گوتیشی، "لە کۆبوونەوەکەدا پارتی دیموکراتی کوردستانیش دووپاتیان کردەوە، سەرەتا دەبێت نێوماڵی خۆمان یەکبخەین و دواتر هەوڵ بدەین لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەش رێکبکەوین بۆئەوەی بتوانین ئەنجوومەنێکی کارا لە کەرکووک پێکبهێنین."
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکەم سەردانی لە کەرکووک بۆ لای لایەنە سیاسییەکان بە حیزبی شیوعی دەستپێکرد، دواتر سەردانی پارتیشی کرد.
 
لێپرسراوی مەڵبەندی 2ی رێکخستنی یەکێتی لە کەرکووک دەڵێت، "ئەو سەردانەمان بۆ لای پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانێکی سەرەتایی بوو و لە داهاتوودا سەردانی دیکەشمان دەبێت، سوپاسیشیان دەکەین کە بە گەرمی پێشوازییان لێکردین، لە کۆبوونەوەکە ئەوەشمان پێڕاگەیاندن کە وەکو یەکێتی لە ناوچە دابڕاوەکان ئامادەین بەیەکەوە دانوستاندن بکەین و لە داهاتوودا لەم ناوچانە بەیەکەوە کار بکەین."
 
لەبارەی دیاریکردنی بەربژێر بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک لەلایەن یەکێتییەوە، کە لیستی براوەی هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکووکە و پێنج کورسیی بەدەستهێناوە، رەوەند مەلا مەحموود گوتی، "پێشتریش بەرپرسی لقی کەرکووکی پارتی رایگەیاندبوو کە مافی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بەربژێرێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک دیاریبکات، بۆیە دەبێت بیر لە میکانیزمێک بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگا و دانانی پارێزگار بکەینەوە."
 
لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گوتاری پارتی و یەکێتی بەرامبەر بە یەکدی گرژ بوو و بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیش دەڵیت، ئەوە دۆخی هەڵبژاردن بوو و هەر لایەنە و هەوڵی دەدا دەنگی زیاتر بۆ خۆی کۆ بکاتەوە، "بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری ئەوەمان دا پەیوەندییەکانی لق و مەڵبەند باشتر بکەین و لەگەڵ هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکان بە زووترین کات کۆببینەوە و لە داهاتووشدا ئەو کۆبوونەوانە لەنێوان کەسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک بەردەوامییان هەبێت."
 
رۆژی 18-12-2023 هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو. ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئێوارەی رۆژی 28-12-2023 ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی بڵاوکردەوە، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە کۆی 16 کورسیی ئەنجوومەنەکە پێنج کورسی بەدەستهێنا، پارتی دوو کورسی، هاوپەیمانیی عەرەبی سێ کورسی، بەرەی تورکمانی دوو کورسی، عرووبە یەک کورسی، قیادە دوو کورسی و کریستیان یەک کورسی بەدەستهێنا.
 
بۆ دانانی پارێزگار و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک، لە 16 کورسی نیوە +1ـی پێویستە، واتا نۆ کورسی؛ لە نەتەوەی کورد 7 کورسی مسۆگەر کراوە، کە پێنجی یەکێتی و دووانی پارتین، بۆ دانانی پارێزگار کورد پێویستی بە دوو دەنگی دیکەیە، بەربژێرە سەرکەوتووەکەی کریستیان کە بە نزیک لە یەکێتی دادەنرێت، ئەگەر ئەویش یەکلا بێتەوە و پشتیوانی کورد بکات، هێشتا کورد پێویستی بە دەنگێکی دیکەی ئەو هەشت کورسییەیە کە دووانی تورکمان و شەشی عەرەبن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."