رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە دوو هەزار خوێندکاری کۆلێژی بازرگانیی زانکۆی سلێمانی بڕیارە سبەی یەکشەممە بایکۆتی دەوام بکەن و پێیانوایە کە "خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئاوێتە سەرناگرێت"، راگری کۆلێژی بازرگانیی زانکۆی سلێمانیش بۆ رووداو دەڵێت، ئەو داواکارییەی ئەوان هەیانە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە و "بایکۆتیش نەکەن باشترە و خۆیان زەرەر دەکەن."
بڕیارە کاژێر 11:00ی رۆژی یەکشەممە 10-01-2021 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا و بە کۆمەڵێک داواکارییەوە، بەشێک لە خوێندکارانی کۆلێژی بازرگانیی زانکۆی سلێمانی بایکۆتی خوێندن رابگەیێنین و نوێنەرێکی خوێندکارانی کۆلێژەکەش دەڵێت " ژمارەمان 2000 خوێندکارە و لەسەر داواکاریی هەمووانە."
سەرتیپ عومەر، خوێندکاری قۆناخی چواری کۆلێژی بازرگانیی زانکۆی سلێمانی و یەکێک لە رێکخەرانی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو خوێندکارانەی سبەی کە بایکۆتی خوێندنی ئەمساڵ دەکەن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا بە ناوی سەرجەم خوێندکارانی کۆلێژەکەوە کۆمەڵێک داواکاری دەخوێننەوە و پێشتریش بۆچوونی سەرجەم خوێندکارانی بەشەکانی دیکە وەرگیراوە و رازیی بوون بەوەی کە بایکۆتی خوێندن بکەین."
ئەو خوێندکارەی کۆلێژی بازرگانیی زانکۆی سلێمانی هۆکاری بایکۆتی دەوامکردنیان بۆ دوو هۆکار گەڕاندەوە و رایگەیاند:
یەکەم: خوێندنی ئاوێتە و ئەلیکترۆنی سەری نەگرتووە و سەریش ناگرێت، چونکە بەشێکی زۆر لە خوێندکارانی بەدەست کەمی کەرەستەی ئەلیکترۆنی و هێڵی ئینتەرنێتەوە دەناڵێنن.
دووەم: تاوەکو ئێستا بەشە ناوخۆییەکان نەکراونەتەوە و ئەوەش زیانێکی زۆری لە خوێندکارانی دەرەوەی شار داوە.
بەگوتەی ئەو خوێندکارەی زانکۆی سلێمانی، ئەوان لە مانگی 10ی ساڵی رابردووەوە داواکارییان پێشکێشی سەرۆکایەتیی زانکۆ و کۆلێژەکەیان کردووە "بەڵام ئەوان دەڵێن کە لە دەسەڵاتی ئەوان دا نییە".
دکتۆرە نەرمین مەعرووف، راگری کۆلێژی بازرگانی لە زانکۆی سلێمانی لەبارەی داواکاریی ئەو خوێندکارانە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " ئەوانە کە داوای بایکۆت دەکەن چەند خوێندکارێکی کەمن و مەبەستیانە دۆخەکە بشێوێنن، داواکارییەکانیشیان لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە و وەزارەتی خوێندنی باڵا دیاریکردووە. ئەو سیستەمەش هەر لە کوردستان پەیڕەو ناکرێت و لە هەموو جیهان وایە."
لەبارەی کردنەوەی بەشە ناوخۆیەکانیش راگری کۆلێژی بازرگانی گوتی " هەموو ئەو خوێندکارانەی لە بەشە ناوخۆییەکان دەمێننەوە 160 خوێندکارن لە کۆلێژەکەی ئێمە، واتە کەمترین خوێندکارمان لە بەشە ناوخۆییەکانن. بڕیاریشە لە کۆتایی ئەم مانگە بەشە ناوخۆییەکان وەک پلانی بۆ دانراوە بۆ خوێندکاران بکرێتەوە و لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا دەتوانن بێنەوە نێو بەشە ناوخۆییەکانیان."
کۆلێژی بازرگانیی زانکۆی سلێمانی لە شەش بەش پێکهاتووە کە بریتین لە: کارگێڕی، ژمێریاریی، دارایی و بانک، گەشتوگوزار، تەکنەلۆژیای زانیاریی IT و بازرگانیی نێودەوڵەتی. بەگوتەی راگری کۆلێژ ژمارەیان زیاترە لە 2000 خوێندکار، بەڵام تەنیا 160 خوێندکاریان لەنێو بەشە ناوخۆییەکان دەمێننەوە. " سەرپشکیش کراون کە بێنە زانکۆ یاخود بە ئەلیکترۆنی وانەکانیان بخوێنن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ