رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی لەبارەی دۆخی سووریا بڵاوکردەوە و دەڵێت، "رێز لە بژاردە و ئیرادەی گەلانی سووریا دەگرین".
پارتی دەڵێت، "هیوادارین قۆناخی داهاتوو، قۆناخی خۆشی و ئارامی و کۆتاییهاتنی ئاڵۆزییەکان و، سەرەتایەکی نوێ بێت لە پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردنی گشت پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە، هەروەها ژینگەیەکی لەبار و دەرفەتی گونجاوی سەردەمیانە بڕەخسێت بۆ ژیانێکی شایستە بە گەلانی سووریا لە هەموو روویەکەوە".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، 08-12-2024، چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا چوونە نێو دیمەشقی پایتەختی سووریا و کۆنترۆڵیان کرد. بەمەش کۆتایی بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار ئەسەد هات.
سەرۆکی دەستەی تەحریر شام دوای کۆنترۆڵکردنی دیمەشق، چووە نێو مزگەوتی ئومەوی و لەبەردەم هەزاران کەس رایگەیاند، "ئەسەد سووریای کردە گۆڕەپانی تەماعکاری ئێران". گوتیشی، "سەرکەوتنی ئەمڕۆ مێژوویەکی نوێیە بۆ ئوممەی ئیسلامی".
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی پارتی دا هاتووە: "هیوادارین ئەم گۆڕانکارییە کاریگەریی ئەرێنی لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی سووریا و رەنگدانەوەی باشی هەبێ لە چارەسەری کێشە و گرفت و پەرەسەندنەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی لە سەرتاسەری ناوچەکە و، زمانی دیالۆگ ببێتە بنەمای سەرەکی بۆ چارەسەری گشت کێشەکان و رێز لە ئیرادە و خواستی گەلان بگیرێ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ