رووداو - هەولێر
سەرۆک بارزانی لە تویتێکدا لەبارەی ئەو دۆخەی لە رۆژئاوای کوردستان دروستووە، نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت و رایدەگەیێنێت: ئەو پەڕی هەوڵدەدەین تاوەکو دڵنیابین لەوەی کە خەڵکی رۆژئاوا نابنە قوربانی هیچ کارەساتێکی دیکە.
ئەمڕۆ (سێشەممە 8-10-2019) سەرۆک بارزانی لە تویتێکدا سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند: "زۆر نیگەرانین لەبارەی پەرەسەندنەکانی ئەم دوایەی رۆژئاوای کوردستان. ئێمە لە چەند کەناڵێکەوە لە پەیوەندیداین و ئەو پەڕی هەوڵدەدەین تاوەکو دڵنیابین لەوەی کە خەڵکی رۆژئاوا نابنە قوربانی هیچ کارەساتێکی دیکە".
شەوی رابردوو (دووشەممە 7-10-2019) سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا بە سەردانێک گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان بەشداری کۆبوونەوەی نێوان بارزانی و لاڤرۆڤی کرد و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نیگەرانی خۆمان لە دۆخی رۆژئاوای کوردستان بە لاڤرۆڤ راگەیاند، جەنابی سەرۆک بارزانی داوای لە لاڤرۆڤ کرد رووسیا هێزی خۆی بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان تووشی راکردن لەو ناوچانە نەبێت بەهۆی ئەو دۆخەی کە تووشی ئەو ناوچەیە هاتووە، ئەمەش لەبەرئەوەی کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستانیش دروست نەکات".
بەپێی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە سیاسییەكانی سووریا تەوەرێكی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە و "سەرۆك بارزانی نیگەرانییەكانی خۆی لەمەڕ ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا بە وەزیری دەرەوەی رووسیا راگەیاند و داوایشیكرد رووسیا رۆڵی خۆی ببینێت لەوەی لە ئەگەری هەر رووداو و گۆڕانكارییەك رێگە لە قووڵتربوونی ئێش و ئازارەكانی گەلی كورد لە سووریا بگیرێت".


