ئایدن مەعرووف: پرۆژەیەکمان ئامادەکردووە بۆ تەرخانکردنی 15 کورسی و 'مافی ڤیتۆ' بۆ کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان

13 خولەک له‌مه‌وپێش
شیراز رەئوف
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان.
ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پرۆژەیەکیان ئامادەکردووە کە لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە و کورسیی کۆتاکان بکرێتە 15 کورسی و 'مافی ڤیتۆ'یان هەبێت.
 
ئایدن مەعرووف کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانییە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ ئاشکرای دەکات، پرۆژەیەکیان ئامادەکردووە و دوای ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەستبەکاربوونی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ لایەنەکان دەیخەنە دانوستاندنەوە، کرۆکی پرۆژەکەش ئەوەیە یاسای هەڵبژاردن هەمواربکرێتەوە و 15 کورسی بۆ نەتەوە و ئاینزاکان تەرخانبکرێت، 11 کورسی بۆ نەتەوەکانی تورکمان و کلدان سریان ئاشووری و 4 کورسیش بۆ نوێنەرایەتی ئایین و ئاینزاکانی وەکو کوردانی ئێزدی و شەبەک و کاکەیی.
 
وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رەخنە لە دابەشکردنی کورسی کۆتاکان دەگرێت و پێیوایە بۆ مەبەستی سیاسیی و حیزبی بەکارهێنراون و دەڵێت: لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هیچ کورسییەک بۆ نەتەوەی تورکمان تەرخان نەکراوە، لە کفری تەنانەت یەک موختاری تورکمان نییە و هیچ نوێنەرێکی تورکمان لە ئیدارەی گەرمیان نییە، بەڵام شەڕی کورسی پەرلەمانیان بۆ دەکرێت، ئەوەش دەستوەردانی سیاسییە لە کاروباری کۆتاکان.
 
"جگە لە زیادکردنی کورسی کۆتاکان بۆ 15 کورسی، بەشێکی دیکەی پرۆژەکەمان ئەوەیە نەتەوە و ئایینزا جیاوازەکان 'مافی ڤیتۆ'یان هەبێت و بەپێی ئەو مافە رێگریی بکرێت لە هەرجۆرە دەستوەردانێک و هەر بابەتێک پەیوەندی بە نەتەوە و ئایینزا جیاوازەکان هەبێت لە پەرلەمان خۆیان بڕیاری لەبارەوە بدەن."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
 
رووداو: ئێوە بەشێک بوون لە هەموو ئەو گفتوگۆیانەی کە لەگەڵ یونامی و لایەنەکانی دیکە لەبارەی پێکهاتەکان کران، بۆچوونیشت جیاوازبوو لە هەموو لایەنەکانی دیکە بەتایبەتی لەبارەی کورسی تورکمان، وەکو بەرەی تورکمانیش بڕیارتاندا لەچوارچێوەی کۆتا بەشداریی هەڵبژاردن نەکەن و وەکو هەر لیستێکی دیکە بەشداریی پرۆسەکە بکەن، چۆن گەیشتن بەم بڕوایە؟
 
ئایدن مەعرووف: پێشەکی زۆر سوپاس بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کە هەمووکات گرنگی بە پرس و رەوشی پێکهاتەکان داوە، بابەتی پێکهاتەکان بابەتێکی گرنگ و هەستیارە و پێویستە بە هەستیارانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەڵام بەداخەوە لە رابردوودا بابەتی کۆتا کرا بە بابەتێکی سیاسی و برایە دادگە و داگەش سیستمی کۆتای رەتکردەوە، دواتریش 5 کورسی کۆتا گەڕێندرانەوە و بڕیاری دابەشکردنیان درا لەسەر بنەمای جوگرافیا. ئێمە وەکو نەتەوە و وەکو پێکهاتەی تورکمان و وەکو وەزیری هەرێمیش بۆ کاروباری پێکهاتەکان رەتمانکردەوە و پێمانوایە ئەم 5 کورسییە کەمە و دابەشکردنیشیان لەسەر بنەمای حیزبی بوو کە ئەمەش هەڵە بوو و هیچ راوێژێک نوێنەرانی پێکهاتەکان نەکرا. دوو کورسی دانرا بۆ نەتەوەی تورکمان کورسییەک لە هەولێر و کورسییەک لە سلێمانی، ئێمە بۆ سلێمانی و بۆ شارۆچکەی کفری گرفتمان نەبوو کە کورسییان هەبێت و نوێنەرایەتییان هەبێت، بەڵام پێمانوایە یەک کورسی بۆ تورکمان لە هەولێر کەمە، بەوپێیەی زۆرترین رێژەی نەتەوەی تورکمان لە عێراق دا دوای کەرکووک لە هەولێرن، بۆیە پێویستبوو کورسی کۆتا زیاتر بوایە تاوەکو پێکهاتەکان بەشێوەیەکی بەرفراوانتر بەشداربوونایە لە پرۆسەی هەڵبژاردن هەربۆیە پێمانوایە ئەوە ستەم بوو لە پێکهاتەکان کرا، ئێمە دانانی یەک کورسیمان لە هەولێر رەتکردەوە بۆیە وەکو بەرەی تورکمانی بڕیارماندا لە دەرەوەی سیستمی کۆتا وەکو لیست بەشداربین لە هەڵبژاردن کە ئەمە شتێکی نوێ و بڕیارێکی زۆر گرنگ و ئازایانە بوو، پێشبینیش دەکەی کورسی بەدەستبهێنین چونکە ئێمە بە تەنیا نوێنەرایەتی نەتەوەی تورکمان ناکەین بەڵکو نوێنەرایەتی هەموو هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان دەکەین هەربۆیە جگە لە پشتیوانی نەتەوەی تورکمان پێویستمان بە پاڵپشتی نەتەوەی کورد و پاڵپشتی نەتەوەی کلدان سریان هەیە، چونکە لە هەولێر ئێمە خزمایەتیمان هەیە لەنێوان نەتەوەکان و ئاینە جیاوازەکان بەتایبەتی نەتەوەی کورد و نەتەوەی تورکمان کە دوو نەتەوەی زۆر گرنگن و خوێنیان تێکەڵاو بووە.   
 
رووداو: وەکو بەرەی تورکمانی پشتتان بەچی بەستووە کە بڕیارێکی لەوجۆرە بدەن وەکو لیست بەشداریی هەڵبژاردن بکەن نەک وەکو کۆتا؟
 
ئایدن مەعرووف: خاڵی یەکەم متمانەیە، بەرەی تورکمانی وەکو حیزبی بنەڕەتی تورکمانەکان لە کوردستان و لە عێراق سیاسەتێکی هاوسەنگمان هەیە لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق، متمانەمان بەخۆمان هەیە و لەماوەی رابردوودا زۆر کارمان کردووە لە هەرێمی کوردستان. کۆبوونەوە و سەردانمان لەگەڵ لایەنەکان ئەنجامداوە، ئەمەش یەکەمجارە پێکهاتەیەک لە دەرەوەی سیستمی کۆتا بەشداربێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێویستە لایەنەکانی دیکەش پشتیوانی ئەم بڕیارەی بەرەی تورکمانی بکەن تاوەکو بەم بیرۆکەیە سەرکەوتوو بێت، هۆکارێکی دیکەی ئەم بڕیارەی بەرەی تورکمانی بوونی ئەو ستەمە بوو کە لە نەتەوە و پێکهاتەمان کرا هەربۆیە ئێمە بڕیارماندا لە دەرەوەی سیستمی کۆتا بەشداربین لە پرۆسەی هەڵبژاردن. 
 
رووداو: جێی سەرنج نییە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کورسی بۆ تورکمان تەرخاننەکراوە لەکاتێکدا کورسی کۆتای کریستیان هەیە، بەڵام داوای کورسی پەرلەمان بۆ تورکمانەکانی پارێزگای سلێمانی دەکرێت؟
 
ئایدن مەعرووف: بەڵێ ناعەدالەتییە، بەداخەوە پرسی کۆتاکان بەسیاسیی کرا و دەستوەردانی تێدا کرا، بەلای ئێمەوە زۆر ئاساییە کورسی هەبێت بۆ تورکمان لە سلێمانی، بەڵام ئەوەی نائاساییە تاوەکو ئێستا نوێنەری نەتەوەی تورکمان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی نییە، با پێش پەرلەمان ئەندامێکیان هەبێت لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، پێش ئەنجوومەنی پارێزگاش با نەتەوەی تورکمان موختارێکی هەبێت لە کفری، شارۆچکەی کفری کە شارۆچکەیەکی گرنگە و لە بنەمادا شارۆچکەیەکی تورکمانییە گرنگە کە نوێنەرایەتییان هەبێت لە ئیدارەی گەرمیان، ئێمە بەفەرمی داوامان کردووە کە تورکمان و کاکەیی نوێنەرایەتییان هەبێت لە ئیدارەی گەرمیان، وەکو چۆن کاکەییەکان نوێنەرایەتییان هەیە لە هەڵەبجە، چۆن برا کریستیانەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی نوێنەرایەتییان هەیە با نەتەوەی تورکمانیش هەیانبێت، بەڵام لە هیچ یەکێک لەمانە کورسی بۆ تورکمان دانەنراوە دێن داوای دانانی کورسی پەرلەمان دەکەن بۆ تورکمانەکانی سلێمانی؛ ئەمە ناعەدالەتییە. هەربۆیە دەڵێین بابەتی کۆتا کرا بە بابەتێکی سیاسی، راستە رەنگە تێبینی هەبێت لەسەر رۆڵی نوێنەرایەتی کۆتا لە پەرلەمان و ئێمەش تێبینیمان هەیە بەڵام ئەمە بەومانایە نایەت کە بەشێوەیەکی بەرفراوان دەستوەردان لە کاروباری کۆتا بکرێت بۆ بەرژەوەندیی لایەنە سیاسییەکان، ئەو رەوشەی ئێستا هەیە کە 5 کورسی بۆ نەتەوەی تورکمان و کلدان و ئاشووری و دابەشبووە بەسەر 3 پارێزگادا بە دڵی پێکهاتەکان نییە لە بنەمادا ئەم دابەشکردنە هەڵە بوو و لە بەرژەوەندی نەتەوە و ئاینە جیاوازەکان نەبوو پێشتر کە 11 کۆتامان هەبوو لەسەر بنەمای یەک بازنەی هەڵبژاردن بوو، بەڵام ئێستا هەم کەمکراوەتەوە و هەمیش دابەشکراوە هەربۆیە رەتیدەکەینەوە هەربۆیە ئێمە وەکو بەرەی تورکمانی چوینە دەرەوەی سیستمەکە و وەکو لیست بەشداریی هەڵبژاردن دەکەین و بزووتنەوەی ئاشووریش کە نوێنەرایەتی برا کریستیانەکان دەکات بایکۆتی هەڵبژاردنی کردووە و بەشداریی پرۆسەکە ناکات، ئەمانە دەبێت پێداچوونەوەیان پێدابکرێت، دەستوەردان لە کاروباری کۆتا لە بەرژەوەندیی کەس نییە.
 
رووداو: واتا ئەو هەموو شەڕە کرا بۆ کورسی تورکمان لە کفری، ئێستا تەنانەت موختارێکی تورکمانیش لە کفری نییە؟ 
 
ئایدن مەعرووف: نەخێر، تەنانەت یەک موختاری تورکمان لە کفری نییە، ئێمە پێشتریش داوامان کردووە کە گرنگە نوێنەرایەتییان هەبێت لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ئەندامیان هەبێت لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، وەکو چۆن لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر 3 کورسی کۆتامان هەیە با یەک کورسیش لە سلێمانی هەبێت، ئێستا یەک کورسی بۆ تورکمان لە کفری دەستنیشانکراوە و 6 بەربژێری هەیە ئەوەش دەستێوەردانە، بۆ بەرژەوەندیی حیزبی.
ئێستا ئامادەیی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باشدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی پێکەوەژیان و دابینکردنی مافەکانیان دەکات، پاڵپشتی داواکارییەکانیان دەکات، یەکێک لە شتە باشەکانی هەرێمی کوردستان کە شانازیی پێوەدەکەین پێکەوەژیانی نەتەوەکان و ئایینە جیاوازەکانە لە هەرێمی کوردستان، بۆیە دەبێت بەشدارییان بەرفراوانتر بێت بەبێ ئەوەی دەستێوەردان لە کاروبارەکانیان بکرێت.
 
ئێمە وەکو بەرەی تورکمانی و نوێنەرایەتی نەتەوەی تورکمان لە کابینەی 9 ی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان رێککەوتنمان کرد کە بەشداربین لە حکومەت، پارتی لەگەڵ یەکێتی رێککەوتنی کرد کە بەشداربێت لە حکومەت، ئێمە بەشداربووین لەو پرۆسەیەدا و هاوپەیمانیمان هەیە، حکومەتمان پێکهێناوە، ناکرێت من لەناو حکومەت بم و لە پەرلەمانیش ئۆپۆزیسیۆن بم دەبێت هاوسەنگیی رابگیرێت، بۆیە گرنگە لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەستێوەردان لە کاروباری کۆتا نەکرێت و ئەو 5 کورسییەی کۆتاکانیش زیادبکرێت بۆ 11 کورسی بۆ نەتەوەکانی تورکمان و کلدان سریان ئاشووری و 4 کورسیش بۆ نوێنەرایەتی ئایین و ئایینزاکان تەرخانبکرێت وەکو کوردانی ئیزدی و شەبەک و کاکەیی، واتا بە گشتی دەبێت کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان بکرێتە 15 کورسی.
 
رووداو: ئەم پێشنیازە هیچ هەنگاوی پراکتیکی بۆنراوە؟
 
ئایدن مەعرووف: بەڵێ! من وەکو وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان کارم لەسەر کردووە، ئەو لایەنە سیاسییانەش کە دەچنە پەرلەمانی کوردستان دەبێت پاڵپشتیی پێکهاتەکان بکەن لە گۆڕینی یاسای هەڵبژاردندا، کە کورسی کۆتا بکرێتە 15 کورسی، هاوکات مافی "ڤیتۆ"یان هەبێت، ئەمە زۆر زۆر گرنگە، هەربابەتێک کە پەیوەندی بە پێکهاتەکان هەبێت پێکهاتەکان خۆیان بڕیار بدەن و مافی ڤیتۆیان هەبێت تاوەکو دەستوەردان لە کاروباریان نەکرێت. 
 
رووداو: کەواتە گفتوگۆتان لەسەر ئەم پێشنیازە کردووە، لایەنەکان پاڵپشتیی دەکەن؟
 
ئایدن مەعرووف: بەڵێ! ئەمە پێشنیازێکی گرنگە، هەموو پێکهاتەکان پاڵپشتیی دەکەن، ئەمانجی پێشنیازەکەش ئەوەیە هەر بابەتێک لە هەرێمی کوردستان یان لەناو پەرلەمان هەبێت کە تایبەت بێت بە پێکهاتەکان با خۆیان بڕیاربدەن، گۆڕانکارییەک لەبارەی کۆتا یان گۆڕانکارییەک لەبارەی پێکهاتەکان هەبێت با خۆیان بڕیاربدەن، ئەمە پرۆژەیەکی زۆر باش و ئەرێنییە، پێمانوایە لە داهاتوودا لایەنەکانی دیکەش لە سەروو هەمووشیانەوە پارتی دیموکراتی کوردسیان پاڵپشتی ئەم پێشنیازە دەکەن.
 
رووداو: کەواتە ئێستا خۆتان ئامادەکردووە بۆ گەڕێکی دانوستاندن و ئاڵنگاری دوای هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان، ئەویش هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنە لە پەرلەمانی داهاتوو بەجۆرێک کورسی کۆتاکان بکرێتە 15 کورسی و مافی ڤیتۆیان هەبێت؟
 
ئایدن مەعرووف: بەڵێ! ئەوە مافی خۆمانە کە 11 کورسی بۆ نەتەوەکان و 4 کورسی بۆ ئاینزاکان دابنرێت و مافی ڤیتۆیان هەبێت، پێویستە دوای ئەم هەڵبژاردنە گۆڕانکاریی لە یاسای هەڵبژاردن بکرێت و ئەو مافەمان بۆ بگەڕێتەوە نەتەوە و ئاینزا جیاوازەکان نوێنەرایەتییان هەبێت، هاوکات ئێمە لەگەڵ ئەوەین کە نوێنەرایەتیی راستەقینەیان هەبێت، ئەمە زۆر گرنگە بەلامانەوە چونکە زۆر گلەیی لەوبارەیەوە هەبوو. سیستمی کۆتا لە عێراق سەرکوەتوو نەبوو، لە زۆرێک لە پارێزگاکانی عێراق سیستمی کۆتا هەبوو بەڵام بەداخەوە کە دەستێوەردان کراوە، لەسەر ئاستی پەرلەمانی عێراق دەستێوەردان کراوە، بۆیە داواکارین دەستێوەردان نەکرێت، سیستمی کۆتا لە هەرێمی کوردستان سیستمێکی سەرکەوتوو بووە، پێویستە بەرفراوانتر بکرێت، 5 کورسی بۆ کۆتاکان زۆر کەمە و پێویستە بکرێتە 15 کورسی تاوەکو بەشێوەیەکی بەرفراوان بەشداربن، ئێستا دوو ئەندام لە دوو نەتەوەی جیاواز لە ئەنجوومەنی وەزیران هەن کە نوێنەرایەتیی نەتەوەکانی خۆیان دەکەن ئەمە شتێکی زۆر باشە، هاوکات لە کابینەی 9ی حکومەتی هەرێمی کوردستان دۆسێیەک هەیە کە تایبەتە بە کاروباری پێکهاتەکان ئەمە شتێکی نوێ و زۆر سەرکەوتووانە بوو و گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر باش، رەنگە لە داهاتوودا ئەم دۆسێیە بکرێتە فەرمانگەیەک یان بکرێتە دەستەیەک بۆ کاروباری پێکهاتەکان کە زیاتر بەرفراوانتر بێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەرکات زیاتر ئێستا پشتیوانی داواکارییەکانیان دەکات.

 

نوێکردنەوەی دۆسێیەی پێکهاتەکان بڕیارێکی زۆر بوێرانە بوو کە لەم کابیەنەیەدا ئەم دۆسێیە هەیە، وەزیر بۆ کاروباری پێکهاتەکان سەرنجی زۆری لەسەرە شتێکی نوێ بوو و گەیشتە قۆناخێکی زۆر زۆر باش و سوودێکی زۆری هەبوو ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین و پێشنیازیش هەیە تاوەکو لە داهاتوودا ئەم دۆسێیە فراوانتر بێت تاوەکو بتوانرێت کاری زیاتر لە بەرژەوەندی پێکهاتەکان بکرێت، ئێمە هیوازوازین ئەو دۆسێیەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە بۆ پێکهاتەکان هاوشێوەکەی لە عێراقیش هەبێت، کە بەداخەوە لە عێراق بوونی نییە.
 
رووداو: گوتت ئەمجارە چاومان لەوەیە لە دەرەوەی پێکهاتەکان خەڵکی هەرێمی کوردستان دەنگمان پێبدەن، ئەگەر کوردێک لە هەولێر لێت بپرسێت تۆ ئەندامی بەرەی تورکمانیت و حیزبەکەت ناویت تورکمانی پێوەیە من بۆچی دەنگت پێبدەم، چی وەڵام دەدەیتەوە؟
 
ئایدن مەعرووف: بەرەی تورکمانی بەبێ جیاوازیی کاری کردووە، ئەنداممان هەیە لە ئەنجوومەنی وەزیران و پەیوەندی زۆر باشمان هەیە لەگەڵ لایەنەکان لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقیش، نابێت بەوشێوازە بیربکرێتەوە کە بگوترێت تۆ لە حیزبێکی تورکمانیت و من کوردم چۆن دەنگ بەتۆ بدەم ئەمە لۆژیکی نییە، ئێمەش نابێت بەوشێوازە بیربکەینەوە بڵێین ئەندامی بەرەی تورکمانین و خزمەت تەنیا بە تورکمان دەکەم ئەوەش لۆژیکی نییە، چونکە ئێمە پێکەوە جوانین، تێکەڵی و خزمایەتیی هەیە، ئێمە لە یەک شارین، لە یەک هەرێمین، دەبێت خزمەتی یەکتر بکەین و بەبێ جیاوازیی کاردەکەین، خزمایەتیمان لەگەڵ نەتەوەی کورد و دۆستایەتیمان لەگەڵ نەتەوەی کلدان سریان ئاشووری هەیە، نەتەوەی تورکمان نەتەوەیەکی رەسەنە لە عێراق و هەرێمی کوردستان، نەتەوەیەکی زۆر گرنگە و دۆستایەتیی و پێکەوەژیانی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە قبوڵ کردووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

ئەندامێکی فراکسیۆنی عەرەبی لە کەرکووک: چانسی گەورەی پارێزگاربوون بۆ راکان جبوورییە

سەلوە ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی عەرەبی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت: "راستییەک هەیە لە هەمووان شاردراوەتەوە. وەک کوتلەی عەرەبی یەکەمجار پێشنیازمان کرد و کاخەزی دانوستاندنمان لەگەڵ یەکێتیدا کردەوە، بەڵام قبووڵیان نەبوو، بۆیە جارێکی دیکە کاخەزی دانوستاندنمان لەگەڵ هاوپەیمانی ستراتیژمان بەرەی تورکمانی و پارتی کردەوە، بۆ پۆستی پارێزگار وەک نەتەوەی عەرەب تائێستا لەسەر کەسایەتییەکی دیاریکراو رێکنەکەوتووین، تەنیا ئەوەیە کەسی بەربژێر دەبێ لەنێو شەش ئەندامە سەرکەوتووەکەدا بێت و بەدڵنیاییەوە بەڕێز راکان قبوڵکراوە و جەماوەرییە و لەنێو پرۆسەی سیاسیدایە، بۆیە یەکێکە لە بەربژێرە سەرەکییەکان."