نوێترین زانیاری لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 7

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەحمەد حەمید
دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دیناری عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت هیچ بڕیارێکی نەرێنی لە حکومەتی عێراقەوە نییە بۆ نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ئەگەر گرفتێک هەبێت "هونەرییە".
 
موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات لەبارەی نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "هیچ ئیرادەیەک نییە بۆ دواخستن و نەدانی مووچە، ئەو گرفتانەی هەیە لە ئەستۆی هەرێمی کوردستانە، چونکە مانگانە کەموکورتی هەیە لەو لیستانەی بۆ بەغدا دەینێرێت". 
 
هیچ بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی تائێستا بە فەرمی راینەگەیاندووە، تێبینییان لەسەر ئەو لیستە هەیە، کە هەرێمی کوردستان بۆ بەغدای ناردووە.
 
موسەننا ئەمین گوتی: "عێراق بودجەیەکی گەورەی هەیە و گرفتی پارەی نییە، هیچ ئیرادەیەک بۆ نەدانی مووچە نییە و کۆتایی پێهاتووە، ئەگەر گرفتێک هەبێت هونەرییە".
 
موسەننا ئەمین، کە نوێنەری هەڵەبجەیە لە پەرلەمان باسی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە کرد و گوتی: "یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بووەتە قوربانی دابەشبوونی زەرد و سەوز، ئەوان کێشەیان هەیە لەسەر ئەوە، جێگەی پرسیارە ئێستا دوو کەس پەرلەمان بەڕێوەدەبەن هەردووکیان کوردن بۆ نایخەنە بەرنامەی کارەوە بۆ لۆبی بۆ ناکەن، کورد خۆی تاوانبارە بەرامبەر یاسای هەڵەبجە".
 
هەمواری یاسای باری کەسی کە لە پەرلەمانە، لەلایەن پەرلەمانتار رائید مالیکی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ پێشکێش کراوە، هەموارێکی مشتومڕهەڵگرە. رۆژی 24ـی تەمموزی 2024، بەهۆی ناکۆکی لەسەر پڕۆژەکە، پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەموارەکە دواخست، بەڵام لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممە، 4ـی ئەم مانگەی پەرلەمان، هەموارەکە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا. ئەو هەموارە کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە.
 
موسەننا ئەمین دەڵێت: "ئێمە وەکو فراکسیۆنی یەکگرتوو لەگەڵ هەمواری یاسای باری کەسی نین، هەموو لایەنە شیعەکان لەگەڵ هەمواری یاساکە نین و هەندێک لە لایەنە شیعەکان لە نێو پەرلەمان بە ئاشکرا دژایەتی دەکەن، کە ژمارەیەک زۆریان لە پەرلەمانتارانی ژنن". گوتیشی: "پڕۆژەکە پڕۆژەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی نییە، بەڵام ناتوانن دژی بن، کاتێک قسەیان لەگەڵ دەکەی دژن، بەڵام ناتوانن رایگەیەنن کە دژن، چونکە ئەو پڕۆژەیە مۆرکی شیعەبوون لە عێراق تۆخ دەکاتەوە، ئەوەی پێشکێشکراوە پڕۆژەیاسا نییە، بەڵکو پێشنیازە".
 
سەبارەت بە پشتیوانی فراکسیۆنەکان لە هەموارەکە ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "هیچ فراکسیۆنێکی کوردستانی لەگەڵ هەمواری یاسای کەسی نییە، لایەنە سوننەکانیش دژی هەموارەکەن، نامانەوێت پرسی مەزهەبی ئەوەندەی دیکە لە عێراق تۆخ بکەینەوە، نامانەوێت عێراقییەکان لەسەر بنەمای مەزهەبی دابەش ببنەوە".
 
لەبارەی نێوەڕۆکی هەموارەکە موسەننا ئەمین دەڵێت: "لە هەموارەکەدا باس لەوەنەکراوە کە کچ لە میرات بێبەش بکرێت و باسیش لەوە نەکراوە کە کچ لە تەمەنی 9 ساڵی و 12 ساڵی بە شوو بدرێت، بەڵام لەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا لایەنە شیعەکان هەر پڕۆژەیەک مەبەستیان بێت، دەیانەوێت تێی دەپەڕێنن ئەوەش دژە لەگەڵ ئەو رێککەوتنەی دەوڵەتی عێراقی لەسەر دروست بووە کە دیموکراسی رێککەوتنە".
 
 
بەپێی هەموارەکە، مادەی دووەمی یاساکە هەمواردەکرێتەوە و بڕگەی سێی بۆ زیاد دەکرێت کە ئەمانەی تێدایە: 
 
- دیاریکردنی مەزهەب بۆ ئەوەی گرێبەستی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی لەسەر بکرێت و حوکمەکانی ئەو مەزهەبەیان بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
 
- هەر کەسێک پێشتر ئەو خاڵەی سەرەوەی جێبەجێ نەکردووە، دەتوانێت داواکاری بۆ هەڵبژاردنی مەزهەب پێشکێش بکات.
 
- ئەگەر ناکۆکی لەنێوان هاوژینەکان هەبوو لەبارەی ئەو مەزهەبەی بەپێی حوکمەکانی گرێبەست دەکەن، گرێبەستەکە بەپێی مەزهەبی پیاوەکە دەبێت.
 
- دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە پابەند دەبن پەڕاو و تۆماری حوکمە شەرعییەکان لە پرسەکانی باری کەسی دروستبکەن.
 
- تۆمار یان پەڕاوەکان حوکمەکانی باری کەسێتی بەپێی فیقهی شیعەی جەعفەری دەبێت بۆ شیعە و یەکێکی دیکە بەپێی فیقهی سوننە دەبێت، لە دانانیاندا پشت بە بۆچوونی کەسە دیارەکانی هەردوو مەزهەبەکە لە عێراق دەبەسترێت.
 
- ئەگەر دیاریکردنی ئەو کەسە دیارەی لە مەزهەبی شیعە پشتی پێدەبەسترێت کێشەی تێکەوت، ئەوا بۆچوونی ئەو مەرجەعە ئایینییە پشتی پێدەبەسترێت کە زۆرینەی شیعە لە عێراق پەیڕەوی دەکەن. لە سوننەش رای ئەنجوومەنی زانستی و فەتوا وەردەگیرێت.
 
خاڵی دووەمی هەموارەکە ئەوەیە بڕگەی پێنج لە مادەی 10 لادەبرێت و ئەم دەقە شوێنی دەگرێتەوە، "دادگەی باری کەسێتی گرێبەستەکانی هاوژینی پەسند دەکات، دوای ئەوەی لەلایەن کەسانی رێگەپێدراوەوە لە دیوانەکانی وەقفی سوننە و شیعە یان لایەنێکی شەرعی یان یاسایی پەسند دەکرێن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە