زبڵخانەی کانی قرژاڵە 10 رۆژە دەسووتێت، دووکەڵ 5 گوند و 3 گەڕەکی هەولێری بێزارکردووە

08-08-2022
فەرهاد دۆڵەمەری
فەرهاد دۆڵەمەری @farhaddolamari
زبڵخانەی کانی قرژاڵە لە هەولێر. وێنە: رووداو
زبڵخانەی کانی قرژاڵە لە هەولێر. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

ماوەی 10 رۆژە بەهۆی سووتانی خۆڵ و خاشاکی زبڵخانەی کانی قرژاڵە لە هەولێر، دووکەڵ نزیکەی پێنج گوند و سێ گەڕەکی رۆژئاوای شارەکەی بێزارکردووە. دووکەڵ و بۆنی ناخۆش تەنگی بە دانیشتووانی کۆمەڵگەی کانی قرژاڵە هەڵچنیوە. عەزیز رەزا تەمەنی 71 ساڵە و 20 ساڵە تووشی نەخۆشیی رەبۆ بووە، ئاماژە بەوە دەکات، دووکەڵی زبڵخانەکە نەخۆشییەکەی قورستر کردووە.
 
عەزیز رەزا، نەخۆش دەڵێت، "ئەگەر ئەو بەخاخە نەبێت، من ژیانم لە مەترسیدایە بەهۆی دووکەڵی ئەو زبڵخانەیەوە، دۆخی تەندروستیم خراپتر بووە [بەهۆی زبڵخانەکەوە]."
 
کۆمەڵگەی کانی قرژاڵە نزیکەی دوو کیلۆمەتر لە زبڵخانەکەوە دوورە، بەهۆی سووتان و بۆنی ناخۆشی خۆڵ و خاشاکەکەیەوە، بەشێک لە دانیشتووانی کۆمەڵگەکە ناچاربوون خانووەکانیان بفرۆشن.
 
حوسێن مەجید، دانیشتووی کانی قرژاڵە باس لەوە دەکات، "بەشێک لە دانیشتووانی ئەو کۆمەڵگەیە خانووەکانیان دەفرۆشن، کەس نایەت لێرە خانوو بکڕێت."
 
وەلید حەسەن، دانیشتووی کانی قرژاڵە هاوژینەکەی دۆخی تەندروستیی خراپە و راپۆرتی پزیشکیی هەیە، دەڵێت، "نابێت دووکەڵی بۆ بێت، کاتێک کە دووکەڵەکە دێت، ناچارم بیبەم بۆ ماڵی باوکی." خالید عەلی، دانیشتوویەکی دیکەی کانی قرژاڵە گوتی، "تابڵێی دۆخمان خراپە، چەند جارێک داوامان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە تاوەکو چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزنەوە."
 
بۆ چارەسەرکردن و کوژاندنەوەی ئاگری زبڵخانەکە، پارێزگاری هەولێر تیمەکانی شارەوانی و ژینگەپارێزیی راسپاردوون تاوەکو لە ماوەیەکی کەمدا ئاگرەکە بکوژێننەوە.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، "یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەمان کێشەی زبڵخانەی کانی قرژاڵە بووە، تیمەکانی شارەوانی و ژینگەپارێز راسپێردراون تاوەکو ئاگرەکە بکوژێننەوە."
 
رۆژانە دوو هەزار تۆن خۆڵ و خاشاک لە زبڵخانەی کانی قرژاڵە فڕێدەدرێت. لە ساڵی 2003وە تاوەکو ئێستا خۆڵ و خاشاکی هەولێر لەو زبڵخانەیەدا کۆدەکرێتەوە و ژێر خاک دەخرێت، زبڵخانەکە 300 دۆنمی پڕبووەتەوە لە خۆڵ و خاشاک.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤی دەریاچەی زرێبار لە مەریوان.

ژمارەیەک رێکخراوی مەریوان: ئاوی خواردنەی شارەکە مەترسی لەسەر تەندروستیی خەڵکی دروست دەکات

ژمارەیەک رێکخراوی مەدەنی لە شاری مەریوان دەڵین، ئاوی خواردنەوەی ئەو شارە بەهۆی ئاوەڕۆی گوندەکانی دەوروبەری بەنداوی گاڕانەوە پیس دەبێت و ئەوەش مەترسی لە سەر تەندرووستی دانیشتووانی ئەو شارە دروستکردووە.