کوالێتیی ئەو سووتەمەنییەی لە دهۆک بۆ موەلیدە بەکاردێت خراپە و مەرجی ژینگەیی نییە

08-07-2023
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
خراپیی کوالێتیی سووتەمەنیی موەلیدە لە دهۆک
خراپیی کوالێتیی سووتەمەنیی موەلیدە لە دهۆک
نیشانەکردن دهۆک موەلیدە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دووکەڵی موەلیدەی یەکێک لە گەڕەکەکانی دهۆک، لەگەڵ هەڵکردنیدا بە ئاسماندا بەرزدەبێتەوە و دەوروبەری تاریک دەکات، هۆکارەکەش جۆری سووتەمەنییەکەیە، چونکە ئەو گازەی لە دهۆک بۆ سووتەمەنیی موەلیدە بەکاردێت، جۆری پاڵاوتنی دووە و رەنگی لیمۆییە، کوالێتییەکەی خراپە و مەرجی ژینگەیی نییە. 
 
فایز سلێڤانەیی، خاوەن موەلیدەیە لە دهۆک، دەڵێ "کوالێتیی (سووتەمەنییەکە) باش نییە، چونکە حکومەت پاڵاوتنی دوومان بۆ حیساب دەکات، کاتێک دەیکڕین و دەیبەنە پشکنین رەتدەکرێتەوە، سلڤەری کەمە و فلاشی تێدا نییە، بەتایبەتی لە هاویندا زۆر کێشەمان بۆ دروست دەبێت و ئاگر دروست دەبێت، ئەمە زیان بە خاوەنی موەلیدە و بە ژینگەش دەگەیەنێت".
 
بەشێکی موەلیدەکان، لەدوای هەڵکردنیشیان بەردەوام دووەڵی رەشیان لێوە دەردەچێت و بەهاوادا بڵاودەبێتەوە.
 
پرسی خراپیی کوالێتیی گازی موەلیدە لە دهۆک تازە نییە و لە ساڵی 2014ـەوە سەریهەڵداوە، دوای ئەوەی ئەو گازەی وەک هاوکاری بەسەر خاوەن مووەلیدەکان دابەش دەکرا، راگیرا. ئەوکاتە هەر لیترێکی بە 415 دینار بوو، ئێستا هەر لیترێکی بە 650 هەتاوەکو 1000 دینارە.
 
کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکان چەندینجار داخوازیی باشکردنی کوالێتیی گازی کردووە.
 
هەکاری هروری، سەرۆکی کۆمەڵەی داکۆکیکردن لە مافی خاوەن موەلیدە ئەهلییەکان لە دهۆک دەڵێ "لە ساڵی 2005 بۆ 2014 گازوایل لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابین دەکرا، هیچ جارێک بەهای ئەمپێرێک کارەبا بۆ مانگێک لە 13 بۆ 14 هەزار دینار گرانتر نەدەبوو، ئەو ساڵانە ژینگە پاکتر بوو، دووکەڵ نەبوو و تەمەنی موەلیدەکانیش درێژتر بوو".
 
"ئەو دووکەڵە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی شێرپەنجە" پزیشک هۆشداری لە مەترسیداریی ژینگەی دەوروبەری موەلیدەکان دەدەن.
 
دکتۆر هەکار هێتیتی، پزیشکی تایبەتمەندی دڵ و هەناو دەڵێ "(دووکەڵەکە) کاریگەریی لەسەر شێرپەنجەی خوێن و کۆئەندامی هەناسە و کۆئەندامی هەرس هەیە، بەشێوەیەکی گشتی (دووکەڵەکە) هۆکارێکی زیادبوونی شێرپەنجەیە".
 
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، زیاتر لە 1500 موەلیدە لە پارێزگای دهۆک هەن، بەشی هەرە زۆریان لەنێو گەڕەک و نزیک شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی سرووشتی سەردەشت.

پاراستنی ژینگەی سەردەشت: هەوای سەردەشت پیس نییە

پاراستنی ژینگەی سەردەشت رەتیدەکاتەوە هەوای ئەو شارە رۆژی هەینی لە ئاستی ئێراندا پیسترین بووبێت و دەڵێت، ئەو هەواڵەی لەبارەی مەترسیداربوونی هەوای سەردەشت بڵاوبووەتەوە، راست نییە.