رووداو - هەولێر
بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان پڕن لە کاڵای چینی، تورکی و ئێرانی. بەگوتەی بازرگانان زۆربەی کاڵاکان کوالێتییان باش نییە و ساختەن. ئەو کاڵایانە لە بازگەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراقەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.
نەهرۆ جەردیس بازرگان دەڵێ "ئەو کاڵایانەی دێنە هەرێمی کوردستان بەشی زۆریان کوالێتییان نزمە و ساختەن، کە لەڕێگەی بازگەکانی بەسرەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن و بە پارە بەڕێدەکرێن".
هاونیشتمانییان زۆرترین باجی کاڵای بێ کوالێتی و ساختە دەدەن. ئەوان چاوەڕوانن حکومەت بەربەستێک لەبەردەم ئەو بازرگانانە دابنێت، کە هۆکاری هێنانی ئەم کاڵایانەن بۆ هەرێمی کوردستان.
ئازاد حەوێز، هاونیشتمانی لە هەولێر دەڵێ "بەڕاستی کەلوپەل و کاڵای ساختە زۆر زۆرن، هەرشتێک دەکڕین دوای چەند هەفتەیەک تێکدەچێت، خواردن و خواردنەوەی ماوە بەسەرچووش زۆر بووە".
حەکیم لوقمان، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و دەڵێت "حکومەت ئەگەر بیەوێت کارێک بکات پێیدەکرێت و دەتوانی بیکات. ئەگەر مەبەستی بێت کەلوپەل و کاڵای ساختە و بێ کوالێتی بنەبڕبکات، دەتوانێت".
حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەماوەیەکی نزیکدا یاسای ژمارە 71ـی ساڵی 2017ـی پەسندکراوی پەرلەمانی عێراق پەیڕەوبکات. بەپێی یاساکە هەر کاڵایەک کە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، دەبێت بریکاری فەرمیی هەبێت.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی دەڵێت "دوای پەسەندکردنی لە پەرلەمانی عێراق، یاسای ژمارە 71ـی ساڵی 2017 رێگری دەکرێت لە هەموو ئەو کاڵا و کەلوپەلانەی بەبێ بوونی بریکار هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن. بەو ئامانجەی کە چیدیکە کاڵا و کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو و بێ کوالێتی نەهێنرێتە هەرێمی کوردستان".
بریكارنامەی بازرگانی بریتییە لە بەخشینی بریكارنامەی بازرگانی لەلایەن كۆمپانیا یان كارگەی دایكەوە بە كۆمپانیا یان كەسێك بە ئامانجی فرۆشتن، دابەشكردن، ساخكردنەوەی بەرهەمێك یان پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری لە وڵاتێكی دیكە.
دڵزار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی تۆماری كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستان، لەوبارەوە دەڵێت "داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە یاسای بریكارنامەی بازرگانی بسەپێنێ و هەر كۆمپانیایەك بریكارنامەی نەبێت رێگەی پێنەدرێ كاڵا هاوردە بكات".
بەپێی یاساكە، كۆمپانیا بازرگانییەكان بۆ هەر كاڵایەك دەتوانن تا سێ بریكارنامە بەناوی خۆیانەوە تۆمار بكەن، دوای تۆماركردنیش یاساكە مافیان دەپارێزێ، چونكە لە ماددەی 13ی یاساكەدا هاتووە ناكرێت هیچ كاڵایەك یان كەرەستەیەك یان بەروبووم و خزمەتگوزاری كۆمپانیایەكی بیانی لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و گومرگەكانەوە رێ بە هاوردەكردنی بدرێت ئەگەر تۆمار نەكرابێت، بەهەمانشێوە لە بڕگەی یەكی ماددە 18ی یاساكەدا هاتووە هەر كەسێك بریكارنامەی بازرگانی نەبێت و كاڵایەك هاوردە بكات كە پێشتر بەناوی كەسێكی دیكە تۆمار كرابێت، بە 15 ملیۆن دینار سزادەدرێ.
بەجێبەجێكردنی ئەم یاسایە بازرگانان چیدی ناتوانن بە ئارەزووی خۆیان كاڵای ساختە و كواڵیتی نزم هاوردەی هەرێمی كوردستان بكەن، چونكە بەپێی یاساكە هەر بازرگان و كۆمپانیایەك كە كاڵایەك هاوردەبكات، دەبێت بریكارنامەی بازرگانی كۆمپانیا بەرهەهێنەكەی هەبێت و بریكارنامەكەشی لە وەزارەتی بازرگانی پەسندكرابێت.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێمی کوردستان و وڵاتان ساڵانە زیاتر لە 15 ملیار دۆلارە. لەو ژمارەیەش زۆرترین کاڵا لە تورکیا و چین هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن.
داڕشتنەوە: حەکیم داود



