مەسرور بارزانی لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە: پێشێلکردنی مافەکانمان قبووڵ ناکەین

08-06-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مەسرور بارزانی دەڵێت هەموو هەوڵێکیان داوە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دەستووردا، لە پێناو پاراستنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فيدراڵ بگەنە رێککەوتن، بەڵام دەشڵێت، "پێشێلکردنی مافەکانمان قبووڵ ناکەین."
 
رۆژی پێنجشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوە لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق و ئێرڤین هیکس، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاند، "گفتوگۆمان لەبارەی پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بنەمای دەستوور و رێزگرتن لە رێککەوتنەکان کرد."
 
وەکو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکەیان، "تایبەت بوو بە بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی، لەمبارەیەوە دووپاتمان کردەوە کە هەموو هەوڵێکمان داوە لە چوارچێوەی دەستوور و لە پێناو پاراستنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکومەتی فيدراڵ بگەینە رێککەوتن، بەڵام پێشێلکردنی مافەکانمان قبووڵ ناکەین."
 
لەبارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیشەوە، "هەردوولامان هاوڕابووین لەسەر ئەوەی پێویستە لە نزیکترین کاتدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت." 
 
بەپێی دوایین گۆڕانکارییەکان کە لە رەشنووسی یاسای بودجەی ساڵی 2023 کراوە، حکومەتی عێراق 400 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و بە هەمان میکانیزمەکانی نەوتی عێراق هەناردەی دەکات و دەیفرۆشێت، ئەگەر ئەوە نەکرا بۆ نێوخۆ بەکاردەهێنرێت، عێراق تێچوونی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتەکە دەگرێتە ئەستۆ و دوو هەژماری بانکی دەکرێتەوە، یەکێکیان بۆ دانانی داهاتەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بانکی ناوەندیی عێراق، هەژمارێکی دیکەش بۆ دانانی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران دەسەڵاتی خەرجکردنی دەبێت، واتە بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتی دارایی و رێگەپێدانی وەزیری دارایی.
 
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2023 پەسند بکات، کە پشکی هەرێمی کوردستان تێیدا 12.67%ـە و نزیکەی 16 تریلیۆن دینار دەبێت.
 
رەشنووسی بودجەی عێراق لە 13ـی مانگی ئادارەوە بۆ پەرلەمان نێردراوە، دوایینجار لیژنەی دارایی پەرلەمان لە 25ـی ئایاری ئەمساڵ لەبارەیەوە کۆبووەوە، ئەو کۆبوونەوەیە ناکۆکیی خستە نێو ئەندامانی لیژنەکە، بەتایبەت دوای گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە مادەکانی 13 و 14. هەرێمی کوردستان تێبینی لەسەر گۆڕانکارییەکانی لیژنەکە هەیە.
 
مادەی 13ـی رەشنووسەکە رێککەوتنی لەبارەوە کراوە و تەنیا مادە 14 ماوە، ئەویش بەشێکی بەپێی زانیارییەکانی رووداو چارەسەرکراون، هەرچی پەیوەندیی بە نەوتی کەرکووک و نەینەوا و بە هاوبەشی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان و گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانە کە بەپێی دەستکارییەکەی لێژنەی دارایی دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشە بودجەی خۆی رێژەی 10٪ـی بگەڕێنێتەوە، هێشتا رێککەوتنی کۆتاییان لەبارەوە نەکراوە.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بودجە دەکات و، دوێنێ (چوارشەممە، 7-6-2023) لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا، ئەنجوومەنی وەزیران داوای لە فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق کرد، بەرگری لە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەنێو پرۆژەیاسای بودجەدا بکەن.
 
 
 
 
 

 

 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە