رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆ دەڵێت، ئەو کەسانەی دوو شەو پێش ئێستا لە گردەسێن تەقەیان کرد، دەستگیرکراون و دەدرێنە دادگە.
رۆژی سێشەممە، 8ـی نیسانی 2025، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئەو کەسانەی لە شەڕەکەی گردەسێندا تەقەیان کرد، لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشەوە دەستگیرکراون، دەدرێنە دادگە و لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵ دەکرێت."
وەزیری ناوخۆ گوتی: "حکومەت بەردەوامە لە داماڵینی (چەک) و رێکخستنەوەی بابەتی چەک و مۆڵەتدان بەو چەکانەی ئێستا لە ماڵان و دەستی هاووڵاتییاندان."
وەزیری ناوخۆ داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، "ئەو چەکانەی مۆڵەتیان پێدراوە بەکاریان نەهێنن بۆ بابەتی تایبەتی و تێکدانی ئارامی و سەقامگیری کۆمەڵگە."
شەوی 6ـی نیسان، لە ناحیەی گردەسێن لە قەزای ئاکرێ شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵە دروستبوو و بەهۆیەوە دوو کەس برینداربوون کە یەکێکیان پۆلیس بوو.
رۆژی دووشەممە 7-4-2025 پۆلیسی ئاکرێ رایگەیاند: "هەشت کەسیان لەسەر ئەو شەڕە دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر چەکەکانیاندا گرتووە."
شەڕەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتییەوە بوو و بۆ کۆنترۆڵکردنی هێزێکی زێرەڤانی رەوانەی ناحیەکە کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ