رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بڕیاربوو پار بەهەمهێنانی گاز زیاد بکات، ئەمەش راستەوخۆ دەبووە هۆی زیادبوونی بەرهەمهێنانی کارەبا، بەڵام بەهۆی ئەو "کردە تیرۆریستییانەی" لە کێلگە گازییەکان کران دواکەوت.
رۆژی شەممە، 8-3-2025، فارس میرخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سێ مانگی رابردوودا 400 مێگاوات بەرهەمی کارەبا زیادیکردووە. پێشتر 3,500 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرا، ئێستا گەیشتووە چوار هەزار مێگاوات."
بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا گوتی، "ژێرخانمان 8 هەزار و 200مێگاواتە، ئەگەر سووتەمەنی پێویست هەبێت وێستگەکان ئامادەن و دەتوانن 8 هەزار و 200مێگاوات کارەبا بەرهەمبهێنن، بەڵام بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی نیوەی ئەو بڕە بەرهەممان هەیە."
لە مانگی کانوونی دووەم تاوەکو نیسانی 2024، چەند جارێک کێڵگەکانی کۆرمۆر بە ئامانج گیران و بە درۆن هێرش کرایە سەریان. بە گوتەی فارس میرخان، "بڕیاربوو لە ساڵی 2024ـدا، گاز زیاد بکرێت بەمەش بڕی بەرهەمی کارەبا راستەوخۆ زیادی دەکرد، بەڵام چەند کردەیەکی تیرۆرستی لە کێلگەکانی گاز روویدا و پرۆسەکە دواکەوت."
بڕی بەرهەمی رۆژانەی کێڵگەی کۆرمۆر 550 ملیۆن پێ سێجا لە "گازی وشک" و 15 هەزار بەرمیل لە "پێکهاتە چڕکەرەوەکان" و نزیکەی هەزار تۆن لە "گازی نەوتیی شل"ـە. گازی بەرهەمهێنراو لە کۆرمۆر بەشی بەرهەمهێنانی رۆژانە چوار هەزار و 200 مێگاوات کارەبا دەکات، دوو هەزار و 800 مێگاواتی دەدرێتە هەرێمی کوردستان، ئەوەشی دەمێنێتەوە دەدرێتە کەرکووک و موسڵ.
گازی کۆرمۆر بە بۆری رەوانەی هەردوو وێستگەی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت و لە 67٪ـی خواستی هەرێمی کوردستان بۆ کارەبا دابین دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ