لە گوندێکی ناحیەی بێتواتە به‌ حه‌وت كه‌س گه‌نجێك ده‌كوژن

08-02-2020
عومەر چاوشین
نیشانەکردن بێتواتە
A+ A-
 
رووداو - رانیه‌

نزیكه‌ى سه‌ده‌یه‌كه‌ خوێن له‌ نێوان هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌دا ده‌ڕژێ، دواى هه‌ر خوێنڕشتنێك سوڵحێك ده‌كرێ، به‌ڵام به‌ كوژرانى فه‌رمان جارێكى دیكه‌ دوژمندارییه‌كه‌ى نێوان بنه‌ماڵه‌ى كاڕه‌شى و حه‌یده‌رییه‌كان له‌ گوندى بێتواته‌ سه‌ری هه‌ڵدایه‌وه‌.
 
پێشنیوه‌ڕۆى رۆژى 29/1/2019 له‌ گوندى بێتواته‌ى سه‌ر به‌ ناحیه‌ى بێتواته‌، شه‌ڕ له‌ نێوان دوو بنه‌ماڵه‌ روویدا، به‌و هۆیه‌وه‌ گه‌نجێكى ته‌مه‌ن 29 ساڵ به‌ناوى فه‌رمان سه‌مه‌د كوژرا و كه‌سێكى دیكه‌ش به‌ناوى سه‌مه‌د قادر بریندار بوو. فه‌رمان پێشمه‌رگه‌ بوو له‌ لیواى 112ى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌.
 
رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوته‌بێژى پۆلیسی راپه‌ڕین به‌ (رووداو)ى گوت: "هه‌ر له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانى كێشه‌كه‌ له‌ نێوان ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ هێزێكى پۆلیس له‌ گونده‌كه‌ جێگیر كرا، ریشسپییه‌كانى هه‌ردوولا دانیشتن بۆ ئه‌وه‌ى كۆتایى به‌ كێشه‌كه‌ بهێنن، به‌ڵام رۆژى دواتر 29/1/2019 شه‌ڕه‌ته‌قه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ روویدا و به‌و هۆیه‌وه‌ كه‌سێك كوژرا و یه‌كێكیش بریندار بوو".
 
رائید شۆڕش ده‌ڵێت هێزه‌كانى پۆلیس و ئاسایش كۆنترۆڵى بارودۆخى گونده‌كه‌یان كردووه‌ و نه‌یانهێشتووه‌ كێشه‌كه‌ له‌وه‌ زیاتر گه‌وره‌ ببێ. هه‌روه‌ها رۆژى دواى رووداوه‌كه‌ش چوار له‌ ته‌قه‌كه‌ره‌كان خۆیان راده‌ستى پۆلیس كرد. پۆلیس به‌پێى ماده‌ 406 له‌ یاساى سزاكانى عێراق دۆسیه‌ى بۆ كردوونه‌ته‌وه‌.
 
سه‌باره‌ت به‌ هۆكارى رووداوه‌كه‌ش، گوته‌بێژى پۆلیسى راپه‌ڕین ده‌ڵێت: "كوژراوه‌كه‌ به‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ى له‌ منداڵێكى بنه‌ماڵه‌ى ته‌قه‌كه‌ره‌كانى داوه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ كێشه‌ له‌ نێوانیان دروستبووه‌".
 
هانا سه‌مه‌د كه‌ براگه‌وره‌كه‌ى فه‌رمانه‌، له‌ یه‌كه‌م رۆژى پرسه‌ى براكه‌یدا قسه‌ى بۆ (رووداو) كرد و گوتى: "رۆژێك پێش كوژرانى، فه‌رمانى برام به‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ى هاتبووه‌وه‌ نێو گوند، له‌ نزیك گونده‌كه‌ ئاوێنه‌ى ئۆتۆمبێله‌كه‌ى به‌ر سه‌رى منداڵێكى دراوسێمان كه‌وتبوو، له‌و كاته‌دا مامى منداڵه‌كه‌ش به‌ ئۆتۆمبێل به‌وێدا ره‌تبووبوو، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كه‌سوكارى منداڵه‌كه‌ له‌ براكه‌میان دابوو".
 
له‌و گونده‌دا دوو بنه‌ماڵه‌ ده‌ژین (كاڕه‌شى و حه‌یده‌رى) ساڵانێكى زۆره‌ خوێن له‌ نێوانیان ده‌ڕژێ، فه‌رمان ده‌بێته‌ ده‌یه‌مین كه‌س كه‌ له‌ نێوان هه‌ردوولادا كوژراوه‌.
 
به‌ گوته‌ى هانا، هه‌ر هه‌مان رۆژ پیاوانی هه‌ردوولا دانیشتوون بۆ ئه‌وه‌ى كۆتایی به‌ كێشه‌كه‌ بهێنن، هه‌ردوولا رێككه‌وتبوون كه‌ هیچ شتێكیان له‌دڵدا نه‌مێنێ و وه‌كو برا له‌ گوند بژین، به‌ڵام رۆژى دواتر فه‌رمان كوژرا.
 
هانا باسى كوشتنى براكه‌ى ده‌كات و ده‌ڵێت: "فه‌رمان چووبوو ئالیك بداته‌ ئاژه‌ڵان له‌ نزیك كۆمه‌ڵگه‌ى شكارته‌، حه‌وت كه‌س له‌ بنه‌ماڵه‌ى منداڵه‌كه‌ ده‌چنه‌ سه‌ر رێگه‌ى و بۆسه‌ى بۆ داده‌نێنه‌وه‌، به‌ هه‌ر حه‌وتیان ته‌قه‌یان له‌ فه‌رمان كردبوو، ئۆتۆمبێله‌كه‌شیان وێران كردبوو".
 
سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى بنه‌ماڵه‌كه‌یان دواى رووداوه‌كه‌، هانا گوتى: "دواى ئه‌وه‌ى پێكهاتینه‌وه‌، ئێمه‌ نیازپاك بووین و پێمانوابوو هیچ شتێك روونادات، به‌ڵام ئه‌وان زه‌فه‌ریان برد و برایه‌كی منیان كوشت و منداڵێكیان بێ باوك كرد، بۆیه‌ ده‌بێت یاسا كارى خۆى بكات، ئه‌گه‌ر یاسا كارى خۆى نه‌كرد ره‌نگه‌ بیر له‌ تۆڵه‌ بكه‌ینه‌وه‌".
 
به‌ڵام سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ بنه‌ماڵه‌ى ته‌قه‌ره‌كه‌ رووداوه‌كه‌ به‌ جۆرێكى دیكه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ و پێیوایه‌ فه‌رمان هیچ حیسابێكى بۆ نه‌كردوون، بۆیه‌ كار گه‌یشته‌ خوێنڕشتن.
 
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌، به‌ (رووداو)ى گوت: "فه‌رمان به‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ى له‌ منداڵێكى دراوسێیانى داوه‌ كه‌ له‌ به‌ره‌بابى (حه‌یده‌ر)یانه‌، نه‌ك ئۆتۆمبێله‌كه‌ى رانه‌گرتووه‌، به‌ڵكو به‌ خێراییه‌كى زۆر رۆیشتووه‌ و كردوویه‌تى به‌ ته‌پوتۆز".
 
به‌ گوته‌ى ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، هه‌ر هه‌مان رۆژ هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ دانیشتوون و كێشه‌كه‌یان بڕاندووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام كه‌سوكارى منداڵه‌كه‌ ئه‌و ره‌فتاره‌ى فه‌رمانیان پێ سووكایه‌تى بووه‌ و قبوڵیان نه‌كردووه‌، بۆیه‌ رۆژى دواتر چوونه‌ته‌ سه‌ر رێگاكه‌ى و ته‌قه‌یان لێكردووه‌ و كوشتوویانه‌، پاشان بنه‌ماڵه‌ى فه‌رمان هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر بنه‌ماڵه‌كه‌ى دیكه‌ و كه‌سێكیان به‌ناوى سه‌مه‌د قادر بریندار كردووه‌.
 
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ پێیوایه‌ ئه‌گه‌ر فه‌رمان ئه‌و رۆژه‌ منداڵه‌كه‌ى بردبایه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ و داواى لێبوردنى له‌ خێزانه‌كه‌ى كردبا، كێشه‌كه‌ به‌و رادده‌یه‌ گه‌وره‌ نه‌ده‌بوو.
 
هه‌ر ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ باسى مێژووى كێشه‌ى نێوان هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌كه‌ ده‌كات و ده‌ڵێت: "نزیكه‌ى 100 ساڵه‌ له‌سه‌ر زه‌ویوزار كێشه‌ له‌ نێوانیان هه‌یه‌، تا ئێستا نۆ كه‌سیان له‌ یه‌كدى كوشتووه‌، هه‌موو جارێكیش سوڵحیان كردووه‌، به‌ڵام رق و كینه‌ى نێوان هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ له‌ نه‌وه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ نه‌وه‌یه‌كى دیكه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌".
 
سه‌باره‌ت به‌ ئاشته‌وایی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ى كاڕه‌شییه‌كان، سه‌رچاوه‌كه‌ى بنه‌ماڵه‌ى حه‌یده‌رییه‌كان گوتى: "ئێمه‌ فه‌رمان به‌ كوڕى خۆمان ده‌زانین، پرسه‌كه‌شى به‌ پرسه‌ى خۆمان ده‌زانین، یاسا یان بنه‌ماڵه‌ى فه‌رمان هه‌رچییه‌ك بڵێن ئێمه‌ ئاماده‌ین".
 

 

فه‌رمان پێشتر به‌ ئۆتۆمبێل له‌ منداڵێكى بنه‌ماڵه‌ى ته‌قه‌كه‌ره‌كانى دابوو

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە