رووداو دیجیتاڵ
دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا دەڵێت، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی، جەختمان لە گرنگیی بەشداریی گەلی کورد لە کێشانی نەخشەی داهاتووی سووریا کرد و باسمان لە گرنگیی یەکڕیزی و رێککەوتن لەسەر روانگەیەکی هاوبەش بۆ مافەکانی گەلی کورد کرد.
رۆژی چوارشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2025، دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا - ئەنەکەسە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لەسەر بنەمای داواکاریی پیرۆزی سەرۆک مەسعود بارزانی، شاندی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا، ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونی هەردوولا کرا لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان، بەتایبەتی دۆخی هەنووکەیی سووریا دوای رووخانی رژێمی پێشوو."
دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە دەشڵێت، "هەر لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگیی بەشداریی گەلی کورد لە کێشانی نەخشەی داهاتووی وڵاتەکە کرایەوە، باسیش لە گرنگیی یەکڕیزی و رێککەوتن لەسەر روانگەیەکی هاوبەش بۆ مافەکانی گەلی کورد لەگەڵ هێزەکانی دیکەی سووریا و ئیدارەی ئێستای وڵاتەکە کرا."
دەستەکە ئاماژە بەوەش دەکات، "شاندەکەمان سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ هاوکارییە بەردەوامەکانی بۆ گەلی سووریا و پاڵپشتیی هەمیشەیی دۆزی کورد و رژدیی لەسەر یەکڕیزیی کورد لەو وڵاتە کرد."
ئەمڕۆ سەرۆک بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە شاندێکی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە کرد و، بەپێی راگەیێندراوێک کە بارەگای بارزانی بڵاوی کردووەتەوە، لەو دیدارە بارودۆخ و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا و هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان ئاڵوگۆڕ کرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ