رووداو دیجیتاڵ
درەنگانی شەوی رابردوو لە گەڕەكی سەرچناری سلێمانی تەقەیەكی زۆر کرا و دەنگۆیەک هەبوو کە تەقەکان لە درۆن کراون، بەڵام لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەڵێت، "تەقە لە درۆن نەكراوە، بەڵكو شەڕە تەقەکە لەنێوان دوو كەس بووە".
سەلام عەبدولخالق، لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان – سلێمانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەقەكانی گەڕەكی سەرچنار كە لە دوای كاژێر 12ی شەو كراوە لە نێوان دوو كەسدا روویداوە. گوتی، "كە دەگوترێ تەقە لە درۆن كراوە راست نییە، بەڵكو لە نێوان دوو كەس شەڕ روویداوە تەقەكانیش هەر بەو هۆیەوە بووە".
لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ئاسایش هەرێمی كوردستان – سلێمانی باسی لەوەشكرد، كێشەی نێوان ئەو دوو كەسە لەسەر پارە بووە و گوتی، "لەو دوو كەسە یەكێكیان دەستگیركراوە و لێكۆڵینەوەش لە رووداوەكە بەردەوامە".
شەوی رابردوو گرتە ڤیدیۆی شەڕەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، لە گرتەکەدا دەردەکەوێت کە تەقەیەکی زۆر دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ