رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە ئاسایشی هەولێرەوە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، دوو کەس لەسەر رووداوی تەقینەوەی بۆمب بە ئۆتۆمبێلێک لە گەڕەکی سەربەستیی هەولێر دەستگیرکراون کە پاسەوانی تایبەتی هاوکار عەبدوڵڵا رەسوول بوون.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، 07-10-2022، ئۆتۆمبێلێک لە گەڕەکی سەربەستیی هەولێر کە "دوو بۆمبی لکێنراوی" پێدا تەقییەوە، بووە هۆی گیانلەدەستدانی هاوکار عەبدوڵڵا رەسوول، ئەفسەری پێشووی دژەتیرۆری یەکێتی و برینداربوونی چوار کەسی دیکە کە هاوژین، دوو منداڵ و خوشکێکی بوون.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رووداوی تەقینەوەی "دوو بۆمبی لکێنراوی" بە ئۆتۆمبێلی ئەفسەرێکی پێشووی دژەتیرۆری یەكێتی لە هەولێر بە "کردەوەیەکی تیرۆریستی" ناوبرد و رایگەیاند، بکەرانی رووداوەکە بە سزای یاسایی خۆیان دەگەن.
دوای چەند کاژێرێک لە رووداوەکە، تۆڕی میدیایی رووداو لە ئاسایشی هەولێر زانیاری لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو دوو تۆمەتبارەوە دەستکەوت کە بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی دژەتیرۆر و ئاسایش لە گەڕەکی شەهیدان لە نزیک مەکتەبی سیاسیی یەكێتی لە هەولێر هەردوو تۆمەتبارەکان دەستگیرکراون.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هاوکار عەبدوڵڵا بەرپرسی دەزگای زانیاری و دژە تیرۆری یەکێتی بووە لە نەینەوا کە دوای کێشە نێوخۆکانی یەکێتی لە ئەرکەکەی بەردەوام نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ