رووداو-هەولێر
گوتەبێژی رێڤەبەری خۆسەر دەڵێت: ئەگەر شەڕ لە رۆژهەڵاتی فورات هەڵبگیرسێت ماوە درێژ دەبێت و بە ساڵ دەخایەنێت. هەسەدەش هۆشداریی دەدات و رایدەگەیێنێت، هێرشی تورکیا ئارامی ناوچەکە تێکدەدات.
لوقمان ئەحمێ، گوتەبێژی رێڤەبەری خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەگەر شەڕ لە رۆژهەڵاتی فورات هەڵبگیرسێت ماوەکەی درێژ دەبێت و بە ساڵ دەخایەنێت، هەرگیز وەکو شەڕی عەفرین نابێ کە دوای نزیکەی 2 مانگ دابمرکێتەوە.
لەبارەی هەڵوێستی حیزبە کوردستانییەکانی رۆژئاوای کوردستان لەسەر هێرشی تورکیا بۆ رۆژهەڵاتی فورات، لوقمان ئەحمێ گوتی: "تاوەکو ئێستا هەڵوێستێکی گشتگیر و هاودەنگ لەلایەن حیزبە کوردستانییەکانەوە لەبارەی کشانەوەی ئەمریکا و ئەگەری هێرشی تورکیاوە نییە، بەڵام هەوڵێک بۆ یەکدەنگی هەیە بۆ ئەوەی رێگری لە هەر ئەگەرێک بکرێ کە زیان بە رۆژئاوای کوردستان بگەیەنێت".
گوتەبێژی رێڤەبەری خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە بەرگریکردن هیچ بژاردەیەکی دیکە لەبەردەم هێزەکانی رێڤەبەری خۆسەر نییە، ئێمەش هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی زیان بە ناوچەکانی سنووری دەسەڵاتمان نەگات.
هاوکات هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە بە درێژایی شەڕی داعش هاوپەیمانی ئەمریکابوون و رۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە کۆتاییهێنان بە داعش لە سووریا رایدەگەیێنن، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە کە شەڕ لەنێوان ئەوان و تورکیا روونەدات و نەرمی دەنوێنن بۆ دۆزینەوەی رێکارێکی هاوبەش.
هەسەدە دەڵێت: ئەمریکا پابەندی ئەو بەڵێنە نەبووە کە پێیداوین و هێزەکانی خۆی لە سەر سنوور کشاندووەتەوە. ئێستا تورکیا ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر رۆژهەڵاتی فورات دەکات و بە نیازە داگیری بکات.
هەسەدە هۆشداری ئەوەش دەدات کە ئەگەر تورکیا ئەو هێرشە بکات، کاریگەری نەرێنی لەسەر شەڕی دژ بە داعش دەبێت و ئارامی ناوچەکە تێکدەدات.
شەوی رابردوو ئەردۆغان و ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا، دوای پەیوەندییەکە کۆشکی سپی رایگەیاند، بەمنزیکانە تورکیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی دەستپێدەکات و ئەمریکاش هیچ بەربەستێکی بۆ دروستناکات.


