رووداو - زاخۆ
جووتیارێکی سنووری زاخۆ لە گوندی کەرنێ، 150 دۆنم زەویی بە تەماتە داچاندووە، چوار مانگە سەرپەرشتیی دەکات تاوەکو پێگەیشتووە، هەر کیلۆیەک تەماتە لەسەری بە نزیکەی 140 دینار کەوتووە، بەڵام ئەو ئێستا کیلۆیەک تەماتە بە 180 دینار دەفرۆشێت.
ملکۆ عومەر، جووتیار دەڵێت، تاوەکو ئێستا 45 ملیۆن دیناری بە تەنیا داوەتە گاز (سووتەمەنی)، 190 ملیۆن دیناریشی داوەتە پەینی کیمیاوی، بەڵام تەماتە رۆژ بە رۆژ هەرزانتر دەبێت.
بێستانەکان دەرفەتی کاریان بۆ کرێکاران رەخساندووە، بەڵام هەرزانیی بەهای تەماتە کاریگەریی لەسەر کرێی کرێکاران هەبووە و کرێیان کەم بووەتەوە.
بەرەکات قاسوو، کرێکار دەڵێت، پارەی رۆژانەیان کەم بووەتەوە، "ئێمە پێنج کەس کار دەکەین، هەریەکەمان رۆژانە 10 هەزار دینارێکمان دەستدەکەوێت، لە کاژێر 04:00ی بەیانییەوە تاوەکو 05:00ی ئێوارە کار دەکەین."
بەهۆی هەرزانبوونی تەماتەوە، بەشێک لە بازرگانانی عەرەب هەر لەنێو بێستانەکاندا تەماتە لە جووتیاران دەکڕن و دەیبەن بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
هاشم زەیر، بازرگانی عەرەب دەڵێت، "بازاڕ نییە و نرخی سندووقێک هەزار دینار لەسەریان کەوتووە، وەکو دەبینن تەماتە لێرە ماوەتەوە و رۆژانە کرێکارە ئێزدییەکان باریان دەکەن و ماندوون، بازرگانان لە باشووری عێراق دێن بۆ کڕینی تەماتە."
رۆژانە زیاتر لە 15 تۆن تەماتە دەبرێتە عەلوەی میوە و سەوزەی زاخۆ. سلێمان عەلی، خاوەنی عەلوەکە دەڵێت، هەندێک عەرەب بە نیوەی بەهاکە تەماتە دەکڕنەوە، هەربۆیە کیلۆیەک تەماتە بە 200 دینار دەفرۆشن.
بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی زاخۆ، ئەمساڵ نزیکەی 15 هەزار دۆنم تەماتە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەیان چێندراوە، کە رێژەی 87%یان لەلایەن ئاوارەکانی شنگالەوە چێندراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ