كەنیزەكەكانی خەلافەت.. هەر كچێك حاجی مەهدی توركمانی بانگی بكردایە نەماندەبینییەوە

07-08-2019
نەوزاد مەحموود
نیشانەکردن داعش
A+ A-

چیرۆكی 27
(2-1)

رووداو-دهۆك

زۆر جار گوێی لە باپیری بووە كە گوتوویەتی "ژیان، ناتوانێ هەمیشە خراپ بێت"، ئەگەر ئێستا باپیری زیندوو بایە و هەمان قسەی دووبارە كردبایەوە، ئەم چیرۆكی ئەو چەند ساڵەی بۆ دەگێڕایەوە كە لەسایەی داعشدا بەسەری برد. ساڵ و نیوێك بەسەر زەماوەندەكەیدا تێنەپەڕیبوو، لە تەلعوزێرەوە لەگەڵ كوڕە تەمەن چەند مانگەكەی بە سەردان گەڕابووەوە ماڵی باوكی لە گوندی وەردێ، بەڵام دایكی پێداگیری كردبوو زیاتر لەلای ئەوان بمێنێتەوە، ئەو بێ ئاگابوو لەوەی شتێكی گەورە لە ناوچەكە روویداوە.

نازۆ، لە دایكی ئینكارتر بوو رۆیشت. لە رێگا ئۆتۆمبیلەكەیان كەوتە بەردەستی ژمارەیەك چەكداری داعش و چەكدارەكان پێیانگوت بگەڕێتەوە بۆ ماڵی باوكی. كاتێك گەڕایەوە، دەبینێ لە بەردەم هەر ماڵێك، چەند چەكدارێكی جلوبەرگ رەشی روخسار داپۆشراو وەستاون و هەموو پیاوەكان لە ماڵی موختاری گوند كۆكراونەتەوە. بەڵام داعش، زیرەكانە گوندەكەی ئەوانی فریودا. وەك دواتر بۆ نازۆیان گێڕابووەوە، چەكدارەكان دەیانزانی ژمارەیەك خەڵك لە دەرەوەی ئاواییەكە خۆیان حەشارداوە و دەیانویست هەموو بكەونە دەستیانەوە. ئەوان سەرەتا خەڵكەكەیان هێور كردبووەوە، ئیدی زۆر كەس هێواش هێواش بەپێی خۆیان گەڕابوونەوە بۆ نێو گوند "چەند رۆژێك لە گوند گەمارۆیان داین، كەسێك كە پێدەچوو بەرپرسیان بێ‌، چووە لای موختار و پێیگوت پێویستە ئێوە بگوازینەوە بۆ جێگایەكی باشتر و پاش ماوەیەكی كەم دەگەڕێندرێنەوە، بیرمە 150 كەس خراینە نێو چەند لۆرییەكەوە، براینە شوێنێك و هەر خێزانە و بەجیا دانراین".

كاتێك گواسترانەوە بۆ تەلەعفەر، هاوژینەكەی و ماڵی باوكی هاوژینەكەی بینی. دواتر دیمەنی یەكێك لە ئامۆژنەكانی ئەویان هەژاند كە لەبەردەم چەكدارێكی داعشدا دانیشتبوو: "چووم بۆ لای و سەریم هەڵبڕی و پێمگوت سەرت بەرز بكەوە، تۆ بەو كارەت دڵی ئەوان خۆشدەكەی".

50 ئافرەتی هەڵبژێردراو

50 كچ و ژن لەنێو ئەو خێزانانە جیاكرانەوە كە هێنرابوونە كەسر میحراب، تەنانەت كچی تەمەن 7 ساڵیشیان تێدابووە. بەلای نازۆوە كەسر میحراب دێوەزمەی كچان و ژنانی ئێزدییە: "تكاندنی ئابڕووی كچان و ژنان لەوێ دەستیپێكرد. من دواتر كە شوێنەكانی دیكەم بینی، تێگەیشتم كەسر میحراب وەك شوێنی خۆخاڵیكردنەوە و پشوودان و هەواگۆڕینی داعش وابوو. دەهاتن لەوێ خۆیان دەشووشت و لەگەڵ كچان رایاندەبوارد و دەچوونەوە بۆ شەڕ".

هەریەك لە كچان و ژنانی هەڵبژێردراو، كارتێكی پێدرا كە ئیدی ئەوە ناسنامە و هەموو شتێكی ئەو بوو لە دەوڵەتەكەی ئەبووبەكر بەغدادیدا. ئەمیر و پلەدارەكانی داعش هەریەكە بڕیارێكی لەبارەوە دەدان، دواتر بڕیاری گواستنەوەیان بۆ مووسڵ، قسەی یەكلاكەرەوەی بەرپرسی ویلایەتی مووسڵ بوو. 

 ژنەكان هاوكات لەگەڵ ئەوەی رووبەڕووی دەستدرێژی دەبوونەوە، لەلایەن وتاربێژ و فێركارەكانی داعشیشەوە وانەی ئاینی و هەڵسوكەوتی ئیسلامییانە و پەروەردەی ئاینییان پێدەگوترایەوە بۆ ئەوەی ئاینەكەی خۆیان لەنێو دڵ و هۆشیاندا هیچ ئاسەوارێكی نەمێنێ. جاروبار كچەكان دەرفەتیان دەبوو، دوو دوو سێ سێ پێكەوە دابنیشن و لەبارەی داهاتووی خۆیانەوە قسە بكەن. لەو كاتانەدا حاجی مەهدیی توركمانی (ئەمیری داعش)یان لێپەیدا دەبوو: "بە تووڕەیی دەیگوت هەر ئێستا بڵاوە بكەن، ئینجا كە بڵاوەمان دەكرد، یەكێك لە كچەكانی بانگ دەكرد و دەیگوت تۆ بمێنەوە، ئەوانەی ئەو بانگی دەكردن، ئیدی نەماندەبینینەوە".

ئەو پیاوە دەستڕۆیشتووەی نێو داعش، هەرگیز بڕوای بە وەڵامەكانی نازۆ نەبووە كاتێك سوێندی بۆ دەخوارد كە ئەو ژنە و مێردی هەیە "رۆژێك منیش بوومە یەكێك لەوانەی ئەو گلی دامەوە و دواتر تێگەیشتم بۆچی هیچ لەو ژنانەمان نەدەبینییەوە كە ئەو بانگی دەكردن. هەموویانم لە هۆڵێك بینییەوە. رۆژێك لەگەڵ سی پیاو خۆیانكرد بە هۆڵەكەدا و دوای هەندێك مشتومڕی نێوخۆیان، پەنجەی بۆ من راكێشا و گوتی ئەوە كچە بڕوای پێنەكەن. بەڵام ئێمەیان برد بۆ خولی فێربوونی قورئان".

ژنەكان، ئەڵقەیەكی گەورەیان دروستكردبوو. یەكێك لە سەرپەرشتیارە ژنەكانی داعش قورئانی پێدەخوێندنەوە و بۆ هەر هەڵەیەك چاوی دەردەپەڕاند، یەك دوو داعشی پیاویش دانیشتبوون: "قورئانەكەم بەڕوویاندا بەرزكردەوە و گوتم لەبەر خاتری ئەو قورئانە، ئێمە ژنین و مێردمان هەیە و ئیدی بەسە وامان لێمەكەن".

 وەڵامەكە ئەوەبوو كە جلوبەرگی نوێی داعشانەیان بۆ هێنان و دایانپۆشین "هەرچەندە ئەوە جلوبەرگی ئێمە نەبوو، بەڵام مادام روخسار و لاشەمانی لە چاوی چەكدارانی داعش دەشاردەوە، پێی ناڕەحەت نەبووین".

بێهیوایی باڵی كێشابوو بەسەر هەموواندا. كەس تاقەتی ژماردنی رۆژەكان و هەفتەكانی نەمابوو. نازۆ دەڵێ 50 كچ و ژنیان هەڵبژارد و دابەشیان كردن. ئەو برایە (مەحرەج) و چوار مانگ لەوێ مایەوە. دواتر ناردیان بۆ حەی خەزرا و ماڵی باوكی بینییەوە كە رۆژ تا ئێوارە لە كێڵگەیەكدا كاریان دەكرد.

رۆژی 27/4/2015 گواسترانەوە بۆ بارەگایەكی داعش. پاشان بران بۆ تەلەعفەر و دواتر دیسان كەسر میحراب و پاشان حەی خەزرا. پاشان ئۆتۆمبێلێك خێزانی ناز و دوو خێزانی دیكەی بردن بۆ جێگایەك. نازۆ دەڵێت: "چەكدارەكان پێكەوە قسەیان دەكرد. دایكم پێیگوتم كچم ئەوانە دەیانەوێ تۆ و چەند كچێكی دیكە ببەن، دەركەوت قسەی دایكم راست بوو. لەو سێ خێزانە، من و 4 كچی دیكەیان جیاكردەوە و دواتر ئەبوو غازی گوتی ئەمانە كچی تازە پێگەیشتوون و گورجوگۆڵن و ئێمە دەیانبەین بۆ ئەوەی خواردنمان بۆ دروستبكەن".

تەنیا دوو رۆژ تێپەڕی بەسەر كاری جلشووشتن و خاوێنكردنەوەدا، چەكداران رووی راستەقینەی خۆیان بۆ ئاشكراكردن: "لەوكاتەی سەرقاڵی شووشتنی جلەبەرگی ئەوان بووم، داعشێك هاتە بەردەمم و ویستی قسە بكات، بە تووڕەیی گوتم لێم نزیك نەبیتەوە. بەڵام یەكێكی دیكە هات و گوتی، ئەی حەزت لە من نییە؟".

بەرهەڵستیی چەكدارانی داعش وەكو كوتانی ئاسنی سارد وابوو، بەڵام نازۆ قسەی دڵی خۆی هەر كرد :"ئێوە دەتوانن بمكوژن، بەڵام كەستان قبوڵ ناكەم". چەكدارێكی داعش لە وەڵامدا پێیگوتبوو "زۆر كەسی لە تۆ پیستر وایانگوت و دواتر تەسلیم بوون".

یەكێك لە داعشەكان هاتە پێشەوە و گوتی گوێبگرە "هەی مێشك پووچ. دەزانی ئێمە چۆن لاسارەكان تەمبێ دەكەین؟ بێگومان كەسانێكی دڵڕەق و سەربڕمان هەن، كەسانێك كە هیچ سۆزێك لە دڵیاندا نییە، دەیاننێرینە لای ئەوان، بۆ ئەوەی خۆزگە بە باوەشی ئێمە بخوازن".

فێڵ لە خەلافەتەكەشیان دەكەن

هەردوو چەكدارەكە، نازۆیان خستبووە نێو ئۆتۆمبیلێك و لە بەردەرگای ماڵێك وەستابوون. ئەوان راسپێردرابوون سەرەتا نازۆ ببەنە نووسینگەی سەرپەرشتی كەنیزەكەكان و لەوێ بە فەرمی وەریبگرن "بەڵام پلانی ئەوەیان دادەنا من لە دەوڵەتەكەی خۆیان بشارنەوە و دەستم بەسەردا بگرن". هەربۆیە نازۆ رەتیكردەوە لە ئۆتۆمبیلەكە دابەزێ و لەگەڵیان بچێتە ئەو ماڵەوە: "ئەبوو عەلی سەری لە ئینكارییەكەم سوڕمابوو، بە هاوڕێكەی گوت، من دادەبەزم و تۆ بە ئۆتۆمبیلەكەت بیبە بۆ جێگاكەی دیكە، بەڵام من بە عەرەبی پێمگوت لە هەموو پلانەكانتان تێگەیشتووم و دەزانم دەتانەوێ چی بكەن، ئیدی زللەیەكی توندی لێدام و گوتی ئێمە تۆمان ناوێت، دەتبەین بۆ كەسێكی چیچانی كە لەگەڵ سێبەرەكەی خۆیشی شەڕ دەكات".

نازۆ لە زیندانێكدا خۆی بینییەوە كە ژمارەیەكی زۆر كچ و ژنی بزێو و دەستەمۆنەكراوی وەك خۆی سزای رەتكردنەوەی خواستی داعشانەیان تێدا دەچەشت. زیندانەكە بینایەكی گەورەی دوو نهۆمی بوو. چەند سەعاتێك بەسەر بەندكردنیدا تێنەپەڕیبوو ئەبوو عەلی بینییەوە. وەك ئەوەی لەسەر كورسییەكە روابێ، نەدەجوڵا و بەردەوام سەیری ئەوی دەكرد.

نازۆ، پاشتر بۆی روون بووەوە بۆچی ئەو چەكدارە وەك بنێشت لكابوو پێیەوە. ئەو لەو زەنگین و پارەدارانە نەبوو بتوانێ لە بازاڕی كەنیزەك بەپێی قورسایی پارەكانی جوانترین هەڵبژێرێت و بیداتە پێش خۆی. دەیویست هەرچۆن بووە ببێتە خاوەنی نازۆ. 

چیرۆكی هیچ ژنێكی ئێزدیم بەبێ ناوی حاجی مەهدی نەبیستووە. ئەو پیاوە توركمانە داعشەی لە تەلەعفەر و دەوروبەری كارهەڵسوڕێنەری دیاری دەوڵەتەكەی ئەبووبەكر بەغدادی بوو. ئەمیرێك، خەلافەت دەستی ئاوەڵا كردبوو بۆ ئەوەی زێدەڕۆیی بكات لە هێشتنەوەی كچان و فرۆشتنی بە كۆمەڵیشیان. نازۆ، باسی لایەنێكی شاراوەی كەسایەتی حاجی مەهدی دەكات و دەڵێ: "زۆر جار دەهاتە نێومان و زەرفی زبڵی دابەش دەكرد، بۆ ئەوەی بەو هۆیەوە هەم گوێ لە قسەی ئێمە بگرێ و هەم جوانەكانیش دەستنیشان بكات".

ماتۆڕسكیلەكانی رێگای سووریا

ئەو چوار رۆژەی ئەو لە تەلەعفەر بووە، رۆژی یەكەم هیچ چەكدارێكی داعش نزیكی نەبووەتەوە: "بەڵام دواتر لە حەوشەكەدا كۆیانكردینەوە و ئەوی سەری نەوی بووایە بە دارێك بەرزیان دەكردەوە و هەر كە دارەكەی لەسەر سەری دابنایە، بە مانای ئەوە بوو كە بەدڵیانە. رۆژانە 10 كەسێك بەو شێوەیە دەهاتن بۆ بردنی كچان، ئێستا تۆ دەڵێی كە رۆژانە ئەو هەموو ژنەیان دەبرد چۆن هۆڵەكە خاڵی نەدەبوو؟ ئاخر رۆژانە ئافرەتی دیكەشیان دەهێنا. كەسانێكیان دەهێنا، دەیگوت براومەتە سووریا و دیسان هێناومیانەتەوە بۆ ئێرە و وا دیسان دەمبەنەوە بۆ سووریا".

نازۆ، لە زمانی یەكێك لە چەكدارانی داعشەوە زانی كە لەگەڵ هەڵاتنی خۆردا بەڕێدەخرێن بۆ رەققە: "ئەو پاسەی ئێمەی دەگواستەوە، هێشتا لە نێوان عێراق و سووریا بەڕێگەوە بوو، ماتۆڕسكیلێك هاتە بەردەمی و وەستاندی، چەكدارەكە هاتە سەرەوە، چاوی گێڕا بە ناوماندا، یەكێك لە كچەكانی داگرت و ئینجا رێگەی دا بڕۆین".

ئەو ژێرزەمینەی كە زۆربەی ئافرەتانی بەتاڵانبراو لە كاتنی گواستنەوەیان بۆ سووریا تێیدا بەندكراون، بووە یەكەمین وێستگەی پێشوازی لەو كاروانەی نازۆی تێدا بوو. دوو رۆژ لەوێ مانەوە و گواسترانەوە بۆ قوتابخانەیەكی دوو نهۆمی. لەو قوتابخانەیەدا بوو كە هەر یەكێك لەوان بوونە ژمارەیەك و بەكامێرای ڤیدیۆ وێنەیان گرتن تاوەكو بیانخەنە بەرچاوی كڕیارانی سەرتاسەری خەلافەتەكەوە.

دوای ئەوەی كەسێك بۆ كڕینی كەنیزەكی ژمارە حەوت چووە ژوورەوە و لەگەڵ خۆی بردی، كەسێكی دیكە هات و ناوی نازۆی خوێندەوە. لەگەڵ خۆی بردی بۆ ماڵێك كە چەند ژنێكی دیكەشی لێبوو: "لەوێ هەدیەی براژنم بینی. سەعات یەكی شەو كەسێك هات و بە تووڕەییەوە گوتی: هەستە. ناوی ئەبوو حەسەن بوو. ماڵەكەی لە نزیك بارەگایەكی داعش بوو. هاوژینی هەبوو لەگەڵ كچێك كە هاوتەمەنی كوڕەكەی من بوو". 

ژنەكەی ئەبوو حەسەن لە پەڵپ و بیانوو نەدەكەوت: "رۆژێكیان تفێكی لێكردم و گوتی تۆ كافری، منیش تفێكم كردەوە روخساری، ئیدی تاوەكو شل و شەكەت بوو لێیدام. هێندەی لێدام گریان و قیژەی منداڵەكەم دەگەیشتە ئاسمان".

چەند خولەكێك پاشتر ئەبوو حەسەن هاتە ژوورەوە. بە بینینی ژنەی لە پەلوپۆكەوتوو سەری سوڕما. نازۆ لە ئەبوو حەسەنی پرسی: "بەڕاست ئاینی ئیسلام ئاوایە؟" بەڵام خەیاڵی ئەبوو حەسەن هەر لەلای تێركردنی حەزەكانی خۆی بوو. كاتێكیش زانی كە دەیەوێ بیفرۆشێ، نازۆ بەبێ بیركردنەوە گوتبووی بمفرۆشە.

ئەبوو حەسەن، داعشێكی بیانی هێنا كە نازۆ پێیوایە چینی بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی نازۆ منداڵی هەبوو نەیكڕی. ئەبوو حەسەن دەیزانی، كڕیارانی گیرفانپڕ هەموو رۆژێ رێگای ماڵەكەی ناگرنەبەر. ئێوارەی چوارەم كڕیارێكی ئەمریكی لە دەرگای ماڵی ئەبوو حەسەنی دا: "هەرگیز لە ژیانمدا كەسی ئاوا كەتە و زلم نەبینیوە. قژ و ریشی درێژ و مووی دەموچاوی زەرد و چاوەكانی شین بوون".

لەنێوان نازۆ و چەكدارە ئەمریكییەكەدا شتێك روویدا كە خەریكبوو ملی منداڵەكەی هەڵكێشێ. ئەویش لەبەر پرسیارێك كە ئەمریكییەكە بڕوای بە وەڵامەكەی نەبوو. لە ژمارەی داهاتوودا، نازۆ دەیگێڕێتەوە چۆن ئەمریكییەكە سوور بووە لەسەر ئەوەی شوێنێكی جەستەی نازۆ ببینێ.
 








 

 





کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.