رووداو- هەولێر
لە باشووری کوردستان 8 بەنداو هەن کە جێبەجێکراون و توانای گلدانەوەی ئاویان هەیە، هاوکات ئێستا 13 بەنداو لە جێبەجێکردندان و بە سەرجەمیان توانای گلدانەوەی 87 ملیۆن و 47 هەزار مەتر سێجا ئاویان هەیە، کە دەکاتە یەک لەسەر 113ـی توانای گلدانەوەی ئاوی بەنداوی دووکان.
باشووری کوردستان لە ئاستی عێراقدا خاوەنی زۆرترین سامان و سەرچاوەی ئاوی شیرینە. لەم گرافیکەدا باس لە گرنگی بەنداوەکانی باشووری کوردستان دەکرێت، لەکاتێکدا ئێستا حکومەتی عێراقی وەک بەدیل لە بەرامبەر ئەو بەنداوانەی داعش دەستی بەسەرداگرتوون، ناهێڵێت ئاو بەرەو ناوچەکانی بەغداوە شارەکانی دیکە بڕوات، حكومەتی عێراقیش وەك بەدیل سەیری بەنداوەكانی كوردستان دەكات.
بەنداوەکانی سلێمانی:
بەنداوی دووکان، ئاوی بەنداوی دووکان گەورەترین بەنداوی باشووری کوردستانە و توانای گلدانەوەی 6 ملیار و 800 ملیۆن مەتری سێجایە ئاوی هەیە، ئەم بەنداوە لە سەر زێی بچووک دروستکراوە. لە ناوچەی زاب لە باشووری رۆژئاوای کەرکووک دەڕژێتە نێو رووباری دیجلەوە.
بەنداوی دەربەندیخان، بەنداوی دەربەندیخان توانای گلدانەوەی 3 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە. ئەم بەنداوە لەسەر رووباری سیروان دروستکراوە و دواتر بە ناوچەکانی گەرمیان دەچێتە خوارەوەو لە ناحیەی سەعدیە لە پارێزگای دیالە بەنداوی حەمرینی لەسەر دروستکراوە.
بەنداوی هەڕاوە، ئەو بەنداوە دەکەوێتە پارێزگای سلێمانییەوە و یەکێکە لەو بەنداوانەی کە بۆ گلدانەوەی ئاو دروستکراوە، هەروەها توانای گلدانەوەی زیاتر لە ١٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
هاوکات بەنداوی ئاوەسپی لە تەواوبووندایە کە گلدانەوەی 21 ملیۆن و600 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە. جگە لەمانەش سورقاوشان و دیوانە لە سنووری ئەو پارێزگایە دروستدەکرێن.
بەنداوەکانی گەرمیان:
باوەشاسوار، ئەو بەنداوە دەکەوێتە قەزای کفرییەوە و چەند کیلۆمەترێک لە ناوەندی شارەکەوە دوورە.
بەنداوی حەسەن کەنووش، دەکەوێتە سنووری ئیدارەی گەرمیانەوە.
بەنداوەکانی خۆرنەوازان و قادرکەرەم لە گەرمیان. بەنداوی قادرکەرەمە بەنداوێکی گەورەیە و توانای گلدانەوەی یەک ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە بەنداوی شیوەسوور یەکێکی دیکەیە لە بەنداوەکان.
بەنداوەکانی هەولێر:
بەنداوی حەمامۆک دەکەوێتە قەزای کۆیەی سەر پارێزگای هەولێر. بەڵام بە هۆی بچووکی ئەم بەنداوەوە لە سنووری کۆیە هەوڵی دروستکردنی بەنداوەکانی بانووی تاڵەبان و دێگەڵە دەدرێت. جگە لە بەنداوەکانی ئاقۆیان و جەلی و رەزگەدوین، ئەوانیش نوێن و دروستدەکرێن، بە تەواوبوونی ئەم بەنداوانە لە سنووری پارێزگای هەولێر ساڵانە رێژەیەکی زۆر ئاو گلدەدرێتەوە کە بۆ کشتوکاڵ سوودێکی زۆری دەبێت، هاوکات ناوچەکە لە وشکەساڵی دەپارێزێت.
بەنداوەکانی دهۆک:
بەنداوی دهۆک دەکەوێتە شاری دهۆکەوە و توانای گلدانەوە 52 ملیۆن مەتر سێجایە ئاوی هەیە.
بەنداوی کەشکانیش دەکەوێتە سنووری پارێزگای دهۆکەوە و لەرووی رووبەرەوە زۆر گەورە نییە، بۆیە ئێستا دوو بەنداوی دیکە لە سنووری پارێزگاکە لە جێبەجێکردندان کە بەنداوەکانی خەنەس و بێدوهین.
دیزاینی چەند بەنداوێکی دیکە:
- پڕۆژەی بەنداوەکانی نازەنین، باڵەییان، شەرغە، چەمرگە و کۆدەرە لە هەولێر.
- سارتک لەسەر زێی بچووک، کەژەک لە سیدەکان، بەنداوی رواندز لە لقێکی زێی گەورە، مەنداوە لەسەر زێی گەورە.
- بەنداوەکانی دێرانە، شیوەڕەش، شیواشۆک، شەوگێر، بەلک، زەڵان، هەشەزینی، چەمی رووخانە، چەق چەق 2، خێوەتە، قازیاوە، بەردەسوور و دێڵگە لە سلێمانی.
- بەنداوی باوەنوور لە گەرمیان، بێدول و باسی لەسەر ڕووباری خاپوور.
- خلین کورکا، سبنە 2، گەلی بەنداوە لە دهۆک پڕۆژەی ئەو بەنداوانەن کە لە ژێر لێکۆڵینەوە و دیزایندان و ژمارەیان 27 بەنداوە.
هاوشێوەی دووکان بە هەندێک جیاوازی چەند بەنداوێک لە داهاتوودا دروس دەکرێن، لەوانە بەنداوەکانی تەقتەق، مەنداوە، بەردەسوور، باوەنوور.
مەنداوە لە سەر زێی گەورە، توانای گلدانەوەی 200 ملیۆن مەتری سێجا ئاو و بەردەسوور لە سەر سیروان توانای 150 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی دەبێت.
بەگوتەی بەڕێوبەری گشتیی بەنداوەکانی ھەرێمی کوردستان، بە تەواوبوونی ئەو بەنداوانە ژمارەی بەنداوەکانی کوردستان دەبێتە 40 بەنداوی گەورەو بچووک و مامناوەند، لەبەرنامەشیاندا ھەیە تا پێنج ساڵی داهاتوو 18 بەنداوی دیکە دروستبکەن کە توانای گڵدانەوەی نزیکەی ١٥ ملیار مەتر سێجا ئاویان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ