رووداو - تەندروستی
خانمێک لە خانەی بەساڵاچووان تووشی پەکەوتنی دڵ دەبێت و دەگەیەنرێتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا لە هەولێر.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28-10-2026 د. کاردۆ کارۆخ، سەرۆكی پزيشكی نيشتەجێی خوولاو بە رووداوی راگەیاند، خانمێکی 70 ساڵ لە خەنای بەساڵاچووان لەناکاو تووشی پەکەوتنی دڵ بوو، کاتێک دەگەیەنرێتە فریاکەوتنی رۆژئاوا لەلایەن پزیشکان پشکنینی بۆ دەکرێت و دەرکەوتووە کە لێدانی دڵی وەستاوە.
د. کاردۆ کارۆخ، دەڵێت "راستەوخۆ دەست بە سنگە دڵە بووژاندنەوە کرا بۆ خانمەکە بۆ ماوەی 45 خولەکە و دواتر گوازرایەوە بۆ چاودێری چڕ".
هەروەها، د. کاردۆ رایگەیاند، بەپێی مێژووی خێزانی، خانمەکە نەخۆشی دیکەی نەبووە تەنیا دەرمانی شەکرەی هەیە چونکە پێشووتر نەخۆشەکە تووشبووی شەکرە بوو. بەڵام ئێستا نەخۆشەکە تەندروستی جێگیرە و لە نەخۆشخانە دەروچووە.
د. گەزەنگ نوری، پزیشکی دێرینی فریاکەوتن ئاماژە دەدات، ئەگەر یەکێک دڵی لە لێدان وەستا و تاوەکو تیمی فریاکەوتن دەگەنە شوێنەکە، دەتوانی ئەم چەند هەنگاوە ئەنجامبدەی:
- یەکێک لە دەستەکانت بخەرە نێوەڕاستی سنگی نەخۆشەکە.
- دەستەکەی دیکەت بخەرە سەر دەستی یەکەم.
- سەری نەخۆشەکە کەمێک بەرەو دواوە ببە و چەناگەی بەرز بکەرەوە.
- بەڕێکی 30 پەستانی بکە.
- لووتی بگرە و 2 هەناسەی دەستکردی پێ بدە (هەر هەناسەیەک بۆ ماوەی 1 چرکە) و سەیری بەرزبوونەوەی سنگی بکە.



