رووداو دیجیتاڵ
سێ رۆژە کچێک بە ناوی ئاڤێستا کەوتووەتە نێو رووباری تەنگاتوور لە قەزای مێرگەسۆر و تائێستا نەدۆزراوەتەوە. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران گەڕان بە دوای ئاڤێستا بەردەوامە.
رۆژی دووشەممە، 7ـی نیسانی 2025، کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ کاژێر 05:30ـی بەیانی تاوەکو کاژێر 06:00ـی ئێوارە 180 کارمەندی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی سۆران بەردەوامبوون لە گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستا، بەڵام ئەمڕۆش تەرمەکەی نەدۆزرایەوە."
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران دەڵێت، "دوێنی هێلیکۆپتەر بەکارهێندرا بۆ گەڕان، بەڵام ئەمڕۆ بە بەلەم و هێلیکۆپتەر بەدوایدا گەڕان. تیمێکی خۆبەخشیش کە لە شەش مەلەزان پێکهاتبوون بەردەوام بوون لە گەڕان بۆ تەرمەکە."
ئاڤێستا یوسف بەرزنجی، تەمەن 27 ساڵ، دانیشتووی هەولێر، کاژێر 9:50ی بەیانی رۆژی 5ـی نیسانی 2025، کەوتە نێو رووباری تەنگاتوور لە قەزای مێرگەسۆر و تائێستا بێسەروشوێنە.
کاروان میراودەلی ئاماژەی بەوەدا، بەردەوام دەبن لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی ئاڤێستا و گوتی: "سبەیش لە کاژێر 05:30ـی بەرەبەیانەوە 180 کارمەندی بەرگریی شارستانیی سۆران، 8 کارمەندی غەواس، چەندین کارمەندی ئەمنی، دەست دەکەنەوە بە گەڕان و تیم لە هەشت شوێن دادەنێن، دووبارە لە سەرەتای رووبارەکە دەست پێدەکەینەوە، 15 بۆ 20 کیلۆمەتر بە پیادە دەڕۆین و ناهێڵین تەرمەکە ون بێت."
بەگوتەی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، هەفتەیەک بۆ 10 رۆژی دیکەیان پێویستە بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە، چونکە ئاستی ئاوی رووبارەکە بەرزە، ئاراستەکەی تیژە و ئاوەکە لێڵ و ساردە، هەروەها ناوچەکە سەختە کە دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستایان سەختتر کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ