رووداو دیجیتاڵ
گۆڕینی تابلۆی پردێک لە قەزای خورماتوو لەلایەن نوێنەری تورکمانی قەزاکە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، نیگەرانی و کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە، نوێنەرێکی قەزای خورماتوو لە ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین دەڵێت: "ئەوەی کراوە پێشێلکردنی یاسایە و قبووڵی ناکەین."
لە رۆژانی رابردوودا تابلۆی پردی شەهیدان کە بە چوار زمان (عەرەبی، کوردی، تورکمانی و ئینگلیزی) نووسرابوو، لەلایەن نوێنەری پێکهاتەی تورکمانی قەزاکەوە گۆڕدراوە و ئێستا تەنیا بە زمانی تورکمانی نووسراوە، ئەمەش کاردانەوەی دانیشتووانی قەزاکەی لێکەوتووەتەوە.
یاسین داودی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین و تاکە نوێنەری کوردی قەزاکە رایگەیاند: "نوێنەری تورکمانی قەزاکە، نووسراوێکی کردبوو بۆ ئەوەی ئەو پردە، کە دەکەوێتە سەر رێگای کەرکووک - بەغدا بەناوی شەهیدانی تورکمانەوە بێت، ئێمە هیچ گرفتێکمان لەوە نییە ناوی گەڕەک و قوتابخانەکانیان بەناوی شەهیدان و کەسایەتییەکانیان بێت، بەڵام ئەو پردە رێگەیەکی سەرەکییە و داوامان کرد ناوی پردەکە بکرێتە 'پردی شەهیدان' بەگشتی نەک نەتەوەیەکی دیاریکراو."
بەپێی گوتەی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، لە مانگی شوباتی 2025، رەزامەندی پارێزگار وەرگیراوە کە ناوی پردەکە بەناوی "پردی شەهیدان" بێت و گوزارشت لە هەموو پێکهاتەکانی شارەکە بکات. شارەوانی تابلۆی پردەکەی بە چوار زمان نووسیبوو، دوو رۆژ پێش جەژن تابلۆکە دانرابوو، بەڵام رۆژی رابردوو ئەندامەکەی ئەنجوومەن خۆی تابلۆکەی بەبێ پرس و ئاگاداریی شارەوانی گۆڕیوە و تەنیا بە زمانی تورکمانی دایناوەتەوە.
یاسین داودی پێیوایە، "ئەو کارەی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگا لە پێکهاتەی تورکمان کردوویەتی "پێشێلکردنی یاسایە" بۆیە پارێزگار، یاریدەدەری پارێزگار بۆ کاروباری هونەری و بەشێکی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگایان لەوکارە ئاگادار کردووەتەوە و چاوەڕێی وەڵامی پارێزگار و هەڵوێستی ئەوان دەکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ