رووداو دیجیتاڵ
76 کۆچبەری نایاسایی لە دەریای ئیجە دەستگیرکران. دوو کۆچبەر بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیان خنکان و دوو کۆچبەری دیکەش بریندار بوون.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 7ـی نیسانی 2025، فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و باس لەوە دەکات لە سنوورە ئاوییەکانی نیمچە دوورگەی ئورلا سەر بە پارێزگای ئیزمیر بەلەمێکی چووپیان لە دەریای ئیجە بەدیکردووە کە هەوڵیانداوە بچنە یۆنان. تیمەکان بەلەمەکەیان راگرتووە کە 36 کۆچبەری تێدابووە. لەنێویاندا سێ منداڵ هەبوون.
شەوی رابردووش، 6ـی مانگ، لە سنوورە ئاوییەکانی دەریای ئیجە لە کەناراوی قەزای فەتییە لە پارێزگای موغڵا، 40 کۆچبەر بەهەمان رێڕەو لە هەوڵی گەیشتن بۆ یۆنان، هێزەکانی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا ئاگادار کراونەتەوە.
فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا دەشڵێت: دوای گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان و ئەنجامدانی پشکنینی تەندروستی بۆیان، کۆچبەرەکان رادەستی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگاکان کران. کەسێکیش بە تۆمەتی قاچاخچێتی دەستگیرکرا.
بەپێی ئاماری فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا، پار تیمەکانی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکان 75 هەزار و 785 جار گەڕاون و دۆزینەوەی کۆچبەران و توانراوە 27 هەزار و 98 کۆچبەر رزگاربکەن و 305 کۆچبەری بریندار چارەسەر بکەن. هەروەها لە هەوڵی پەڕینەوەی کۆچبەراندا 38 کەسیان خنکاون و 277 قاچاخچی دەستگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ