قایمقامی خۆی: لە 10 مانگدا زیاتر لە 1.4 ملیۆن کەس لە سنووری رازییەوە گەشتیان کردووە

07-02-2024
سینا سۆما
A+ A-

هەولێر دیجیتاڵ

قایمقامی شاری خۆی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، هاتووچۆی گەشتیاران لە رێگەی دەروازەی سنووریی رازیی ئەو شارەوە زیادی کردووە و لە 10 مانگی رابردوودا زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 هەزار کەس لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە هاتووچۆیان کردووە.

کەریم عەلی نەژاد، قایمقامی شاری خۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 7-2-2024، رایگەیاند، بەراورد بە پار، هاتووچۆی گەشتیاران لە رێگەی دەروازەی سنووریی رازیی ئەو شارەوە بە رێژەی 35٪ زیادی کردووە.
 
کەریم عەلی نەژاد گوتی، بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە 10 مانگی رابردوودا زیاتر لە یەک ملیۆن و 400 هەزار گەشتیار لە رێگەی دەروازەی سنووریی رازییەوە گەشتیان کردووە کە زیاترینیان خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بوون و سەردانی تورکیایان کردووە.
 
دەروازەی سنووریی رازی دەکەوێتە سنووری پارێزگای وان لە باکووری کوردستان؛ لەودیو سنوورەکە بە کاپیکۆی دەناسرێت. بە گوتەی قایمقامی خۆی، بەهۆی ئەوەی هاتووچۆ لەو سنوورەوە کراوەتە 24 کاژێری، هەروەها کردنەوەی تێرمیناڵە نوێیەکەی، زیاتربوونی خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنی سیستمی بەڕێکردنی گەشتیاران، کاریگەری لەسەر زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران هەبووە.
 
عەلی نەژاد ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر بودجەیەکی تایبەت تەرخان بکرێت و رێگەوبانەکە چاکبکرێت، هاتووچۆی گەشتیاران لە دەروازەی سنووریی رازییەوە زیاتریش دەبێت.
 
لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان پێنج دەروازەی سنووریی فەرمی هەن کە سیانیان (بازرگان، رازی و سێرو) لەگەڵ باکووری کوردستان و تورکیان؛ دەروازەیەک (سەنەم بۆلاغی پۆلدەشت) لەگەڵ کۆماری خۆبەڕێوەبەری نەخجیڤانی سەر بە ئازەربایجان و ئەوی دیکەش دەروازەی تەمەرچین-حاجی ئۆمەرانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە