رووداو - هەولێر
ئەمینداری یەكگرتوو هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەری بەزوویی كێشەكان چارەسەر نەكرێن، دەرهاویشتەی خراپیان لێبكەوێتەوە و دەڵێت "دەرهاویشتەی ئەو هەنگاوە نەخوازراوانە نازانین چۆنە، لەتبوونی کوردستان و شەڕی ناوخۆ واردن، دەستوەردانی هێز و خەڵکی دەرەوەی ئەم باشوورە و هەموو شتێک واردە، پێش ئەوەی بگاتە ئەمە دەبێت خۆمان تەکبیری حاڵی خۆمان بکەین".
سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، رۆژی سێشەممە 7-2-2017، لە شاری هەولێر گفتوگۆیەكی كراوەی لەگەڵ ژمارەیەك نووسەر و روناكبیر سازكرد و ژمارەیەك پرسیان تاوتوێكرد، گرنگترینیان (سەربەخۆیی، كێشە سیاسییەكان، پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و قەیرانی دارایی)بوون.
"کورد مافی خۆیەتی سەربەخۆ بێت"
لەبارەی سەربەخۆیی كوردستان سەلاحەدین بەهائەدین رایگەیاند "کەمن ئەوانەی بیر لەوە دەکەنەوە کوردستان سەربەخۆ نەبێت و وەکو هەرێمێک بمێنێتەوە. میللەتێک کە لەنێو میللەتانی دونیا مافی خۆیەتی سەربەخۆ بێت، ئەسڵ ئەوەیە سەربەخۆ بێت، کە ئێستا لەبەر هەر ئیعتبارێک بەسەر ناوچەکە دابەشکراوە، ئێستا ئەگەر پارچەیەکی فرسەتێکی بۆ رێککەوتبێت یان قسەکردن لەسەر ئەو پرسە بەلایەنی کەمەوە لە حەرامی دەرچووبێت، بۆچی لێی بێینە دواوە و لەوەش پەشیمان بین".
لەبارەی پڕۆژە و پلانی یەكگرتووی ئیسلامی بۆ سەربەخۆیی سەلاحەدین بەهائەدین گوتی "لە کۆنگرەی شەشەمی یەکگرتوو لە ساڵی 2012 دا ئەو پرسەمان جێگیرکردووە، لە ستراتیژیەتی خۆماندا کار و خەبات بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەکەین".
هەروەها گوتیشی "کەواتە ئەو جەدەلە چۆن یەکلایی بکەینەوە، پێکەوە کار بۆ سەربەخۆیی بکەین، مادام هەموومان دەڵێین سەربەخۆیی، لێرەوە باسی چاکسازی دەبێتە پرسێکی بنەڕەتی، هاوتەریب و یەکسان لەگەڵ ئەوەش کاری لەسەر بکرێت، هیچ رێگرییەک نییە هەردووکی بەیەکەوە بێت، هیچ رێگرییەک نییە بۆ ئەوەی چاکسازی بکرێت و خەباتیش بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی کوردستان بکرێت".
"ئەوانەی ئەو واقیعەیان خوڵقاندووە پێنج لایەنەکەن"
سەبارەت بە ناکۆکییە سیاسییەکان لەنێوان لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان، ئەمینداری یەکگرتوو گوتی"ئێمە لە یەگرتووی ئیسلامی بەردەوامین لەسەر بۆچوونەکانمان، کە ئەم لایەنانە دەبێت لە کەشێکی ئاشتەواییدا بکەونەوە گفتوگۆ، چونکە ئێستا دابڕان و لێکترازان دروستبووە، مەبەست لەوەیە ئەو پێنج لایەنە ئاشت ببنەوە، چونکە لایەنەکانی دیکە بەشێک نین لەو پرسە، ئەوانەی ئەو واقیعەیان خوڵقاندووە پێنج لایەنەکەن، دەبێت هەر ئەو پێنج لایەنەکەش دۆخەکە چارەسەر بکەن، لایەنەکانی دیکەش دەبێت کۆمەک بن بۆ چارەسەری و هەر واش بوونە".
گوتیشی "ئەرکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو بابەتە گرانترە، چونکە دەستپێشخەرییەکە لە جەنابی کاک مەسعودەوە هاتووە، پارتی دەبێت تەرجەمەی بکات و بە کردەنی بکات، ئێستاش هەر وایانکردووە و بەسەر لایەنەکاندا گەڕاون، بەڵام تۆزێک سستی تێدایە، دەبێت خێراتربن بۆ ئەوەی سوود لەکاتەکە وەربگرین و لەکیسمان نەچێت".
کەسێک نەبێت بارزانی پۆستەکەی بۆ کێ جێبێڵێ؟
سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکاری لە هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان، سەلاحەدین بەهائەدین گوتی "داوای گۆڕینی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکرێت، هەندێک پێیانباشە وەکو خۆی بمێنێتەوە، هەندێکیش لەگەڵ گۆڕانکارین و هەندێکیش لەگەڵ ئەوەن بە لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێت، ئێمەش لەگەڵ ئەوەین ئەم پرسە بە لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێت".
سەبارەت بە گۆڕانکاری لە حکومەتیش گوتی "پێویستە حکومەت کارا بکرێت، راستە حکومەت هەیە، هێزە سیاسییەکانیش بە گۆڕانەوە بەشدارن، بەگشتی حکومەتەکە ماوە، بەڵام بە کار کێشەی تێدا هەیە، واتە ئەم حکومەتە کاراکردنەوەی پێویستە".
لەبارەی سەرۆکایەتیی هەرێمیش ئەمینداری یەكگرتوو بۆچوونی تایبەتی خۆی هەبوو و رایگەیاند "وەکو دیارە کاک مەسعود داوای لە حیزبەکان کردووە خۆیان بگەڕێن بۆ بەدیل و ئەو ئامادەیە دەست لەکار بکێشێتەوە، وەکو ئەمری واقیعش بەڕای من خراپی نەکردووە لەو ماوەیە پۆستەکەی بەجێنەهێشتووە، بۆ کێی بەجێبهێڵێت؟ کە کەسێک نییە بچێتە پێش، کە یەکێک نەبێت دەور و تەسلیمی لەگەڵدا بکات، شتکە روونە".
"کەس ناتوانێت پارتی و کەسیش ناتوانێت گۆڕان بسڕێتەوە"
لەبارەی گرژی نێوان پارتی و گۆڕان سەلاحەدین بەهائەدین پێیوایە "کەس ناتوانێت پارتی حەزف بکات، هەروەکو کەس ناتوانێت گۆڕانیش حەزف بکات، ئەو مەنهەجە نە لەنێو ئیسلامدا جێگەی دەبێتەوە نە لە دیموکراسییەتدا، بۆیە سڕینەوەی یەکدی مەنهەجێکی هەڵەیە و بە بنبەست دەگات، عەیبداریشە بۆ ئێمە ئەمڕۆ لە سەدەی 21 دا هێشتا لەو ئاستەدا بین".
ناوبراو راشیگەیاند "کاتێک دەڵێن پارتی ناتوانێت گۆڕان بسڕێتەوە، ئەگەر حەزیش بکات، گۆڕان ناتوانێت پارتی بسڕێتەوە ئەگەر حەزیش بکات، ئەمە واقیعە بە قسە نییە، کەواتە دەبێت پێکەوە هەڵ بکەن و ئیدارە بکەن و سەر ئێشەش بۆ میلەتەکە دروست نەکەن، هەروەها یەکێتی بەشێکە لە تابلۆ سیاسییەکە و رۆڵێکی بنەڕەتی هەیە، ئەویش دەبێت لەسەر هێڵ بێت".
سەلاحەدین بەهائەدین ئاماژەی بۆ ئەوە كرد رێککەوتنی پارتی و یەکێتی بە ئەختەبووت نابینێ و گوتی "دوو حیزبن مێژوویەکیان بەیەکەوە هەیە و شەڕ و ئاشتیان پێکەوە کردووە، گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی پێکەوە دەسەڵات و ئیمتیازات و نفوس دابەش بکەن، ئەوە هێزە سیاسییەکانن دەبێت خەبات بکەن و رێ لەوە بگرن دیکتاتۆریەتی حیزبی دروست ببێت".
"هەندێک لە حیزبەکان نەیانزانی تەوزیفی دەستکەوتی هەڵبژاردن بکەن"
لەبارەی هەڵبژاردن و دەستكەوتی حیزبەكان لە هەڵبژاردن سەلاحەدین بەهائەدین گوتی "ئەوەی لەڕێگەی هەڵبژاردن کراوە، شتی کردووە، بەڵام وەکو پێویست نەبووە، بڵێین هەڵبژاردن سوودی نییە، نەخێر رێگەچارەیەکی دیکەمان نییە جیا لە هەڵبژاردن، دەکرێت بگوترێت لەگەڵ ئیستحقاقاتی هەڵبژاردن مۆفەق نەبووین و مامەڵەیەکی دروست بکەین، لەگەڵ دەستکەوتەکانی هەڵبژاردن نەمانتوانی باش مامەڵە بکەین، نەک ئەوەی هەڵبژاردن خراپە".
هەروەها گوتی "ساڵانێک پارتی 50%ی هەبوو، ساڵانێکیش یەکێتی 50%ی هەبوو، بەڵام ئێستا وا نییە، کەواتە هەڵبژاردن گۆڕانکاری دروستکردووە، بەڵام هەندێکمان پەلەمانە هەندێکیشمان ئەوەشی دەستمان دەکەوێت باش نازانین تەوزیفی بکەین، بۆیە دەبێت هەموومان پێداچوونەوە بەخۆمان بکەین، ئەوەش شەرم نییە".
"23ی حوزەیران هەنگاوێکی یاسایی بەڵام ناسیاسی بوو"
لەبارەی كۆبوونەوەی 23 ی حوزەیران كە پڕۆژە یاسا بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان پێشكەشكرا، سەلاحەدین بەهائەدین گوتی "بەڕای من 23ی حوزەیران هەنگاوێکی پەرلەمانی یاسایی بوو، بەڵام خەلەلەکەی لەڕووی سیاسییەوە بوو، زەمینەی بۆ ساز نەکرابوو هەروەکو ئەوەی لە بەغدا لەسەر یاسای بودجە کرا، هەنگاوێکی یاسایی و ئسوڵییە، بەڵام هەنگاوەکەی خەلەلی تێدایە، چونکە کەموکوڕی هەیە، دەبوو فراکسیۆنی پارتیش لەگەڵی بووایە و لەگەڵ حکومەت ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکانیان کردبووایە، بۆیە 23ی حوزەیرانیش هەنگاوێکی یاسایی، بەڵام ناسیاسی بوو".
"19ی ئاب هەڵەیەکی شاخداربوو لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە"
لەبارەی كۆبوونەوەی 19 ی حوزەیران بەبێ فراكسیۆنی پارتی لەبارەی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كە رێژەیی یاسایی تەواو نەبوو، ئەمینداری یەكگرتوو گوتی "19ی ئاب، زۆر روونە کە هەڵەیەکی زۆر شاخدارە، هەڵەیەکە کە دەزانیت نیساب تەواو نابێت، شتێکیشت هەیە کە شەوی 18 لەسەر 19 دانیشتنێک کراوە، حیزبەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکییەکان بڕیارێکیان وەرگرتووە و هێزە سیاسییەکانیش لەوێ بوون، بڕیاربوو دانیشتنی 19ی ئاب دوابخرێت، بە رێککەوتنیش بوو، هەموو لایەکیش رازی بوون".
لەسەر هەمان پرس زیاتر گوتی "دوایی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکەوێتە سەر ئەو فکرەیە دانیشتنەکە ئەنجام بدات، ئەو بێمتمانەییەی هەبوو وایکرد نیساب تەواو نەبێت، لەوەش گرنگتر نیساب تەواو نەبێت دانیشتنەکە هەر ئەنجام بدەیت، ئەمە شەرمی ناوێت هەڵەیەکە زۆر روونە، ئەم کەمئەزموونییە لە ئیدارەی کار، زۆریش رێزم هەیە بۆ دکتۆر یوسف، کە وەکو کوڕی خۆم وایە، بەڵام ئەوەی کرا هەڵەیەکی زۆر روون بوو".
سەبارەت بە رێگریكردن لە د. یوسف محەممەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە بازگەی پردێ و دوورخستنەوەی وەزیرەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لە حكومەت ئەمینداری یەكگرتوو گوتی "دوای ئەوەی کاردانەوە و رێککارەکانی سەر 19ی ئاب، کە پەیوەستە بە کارو کاردانەوە، تا گەیشتە 12ی ئۆکتۆبەر، هەڵەیەکی گەورە کراوە کە پەرلەمان لەکار کەوت تاوەکو بە ئەمڕۆ ".
"نابینە هۆکارێک بۆ پەراوێزخستنی لایەنێک"
ئەمڕۆ دەبێت بیر لە چارەسەرێک بکرێتەوە نابێت سەیری مێژوو بکەین، ئێمە لەگەڵ ئاوتکردنی کەس نین، بە پارتی و یەکێتیمان گوتووە، وەکو یەکگرتوو لەگەڵ ئەوە نابین شتێک بکرێت لایەنێکی تێدا بەدەر بکرێت، مەبەستمان پێنج لایەنەکەیە، چونکە دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئیستحقاقی هەڵبژاردن بکەین، بەڵام بە لێکتێگەیشتن قسە لەسەر هەرسێ پرسی سەرۆکایەتییەکان بکەین، ئەگەر کار بۆ ئەوە بکرێت لایەنێک بەدەر بخرێت، یان ئێمە ببینە هۆکارێک بۆ وەدەرنانی لایەنێک، ئێمە لەگەڵ ئەوە نین.
"پێویستە لایەنە سیاسییەکان نەرمی بنوێنن"
سەلاحەدین بەهائەدین ئاشتبوونەوەی لایەنەكان و چارەسەركردنی كێشەكانی بەپێویست زانی و رایگەیاند "پێویستە لایەنە سیاسییەکان نەرمی بنوێنن، یەکەم دەبێت لە پارتییەوە نەرمی زۆر هەبێت، دووەم یەکێتی و گۆڕان، برایانی کۆمەڵ و یەکگرتوو ئامادەن و گرێ دروست ناکەن، بەڵکو کۆمەکی ئەو پرسە دەکەن، بەڵام نەرمی لە پارتییەوە زۆر پێویستە، چونکە بە تپەڕبوونی کاتەکە، ناچار دەبین هەنگاوی نەخوزراو بنێین لەبەر کەمی کات".
"لەتبوونی کوردستان و شەڕی ناوخۆ واردە"
ئەمینداری یەكگرتوو لە ئەگەری بەزویی چارەسەرنەكردنی كێشەكان هۆشداریدا و رایگەیاند "دەرهاویشتەی ئەو هەنگاوە نەخوازراوانە نازانین چۆنە، لەتبوونی کوردستانە، شەڕی ناوخۆ واردە، دەستوەردانی هێز و خەڵکی دەرەوەی ئەم باشوورە و هەموو شتێک واردە، پێش ئەوەی بگاتە ئەمە دەبێت خۆمان تەکبیری حاڵی خۆمان بکەین.
"حکومەت لە زۆر بواردا فەشەلی هێناوە"
رۆڵی حكومەت و قەیرانەكان پرسێكی دیكەی قسەكانی ئەمینداری یەكگرتوو بوو، لەوبارەیەوە رایگەیاند "ئەم دابڕان و شەڕە قیناوییە لەنێوان هاووڵاتی و دەسەڵات و حکومەتدا هەیە، ئەگەر بە ئامانجێکی بێدارکردنەوە و هۆشیارکردنەوەی میللەت و ناساندنی خۆی بە مافی خۆی و چۆن داوای بکات شتێکی باشە، بەڵام بەداخەوە ئێستا چووەتە قالبێک حیزب تەوزیفی دەکات، بەشێوەیەک بێزاری دەبێتە بەشێک لە ئارەزووی هاووڵاتی، بەڵام بەدیل دیار نییە".
راشیگەیاند "ئەم حکومەتە لەڕێگەی پەرلەمانەوە کە هەڵبژێردراوی میللەتە، تا پێمان بکرێت دەبێت راستی بکەینەوە، فاشیلە بەڵێ لە زۆر بواردا فەشەلی هێناوە، بەڵام بوونی حکومەت لە نەبوونی باشترە، ئەمنیەت کە بابەتێکی گرنگە و هەموومان قەرزارین لەوبارەیەوە، ئەم ئەمن و ئاسایشەش شتێکی گرنە، ئەوەندە پەمپی مەسەلە سیاسییەکان دەکەین کێ ناڵێت ناچێتە بازنەیەکی مەترسیدار، کە مەسەلەی ئەمنی دەکەوێتە مەترسییەوە، ئایا خواستە حیزبییەکان ئەوەندە مەزمونن، کە ناگاتە مەترسیدارتر؟"
بەبۆچوونی ئەمینداری یەكگرتوو، قەیرانەکان هەرچەندە زۆر بن، دەبێت ئیرادەی ئینسانەکان بەهێزتربێت، هەڵەی مرۆڤەکانە قەیران دروست دەكەن، هەر مرۆڤەکانیش دەتوانن کەم کەم چارەسەریان بکەن و سوود لە ئەزموونی خەڵکی دیکە وەربگرین لە مێژوو و لە ئێستاش.
"کاک مەسعود ئارەزووی سەرۆکایەتیی هەرێم ناکات"
سەبارەت بە پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سەلاحەدین بەهائەدین رایگەیاند "چەند جارارێك لە کاک مەسعودم بیستووە گوتوویەتی: باسی من مەکەنە کێشە، خۆتان بگەنە ئەنجام، ئەم قسەیە رەنگە یەکێک بڵێت هەروا خستنەڕووێکە و دەزانێت کە هیچ نابێت، هەندێکش وا ناڵێن، باش فەرموو تۆ لەوبارەیەوە کار بکە مادام خستنەڕووێک هەیە، بەڕاستی گیرمان خواردووە لەگەڵ میزاجی خۆمان".
هەروەها گوتی "من لەگەڵ ئەوەم کاک مەسعود یان هەر کەسێکی دیکە لەو ساحەیە موقەدەس نییە، بەڕێزە موقەدەرە، بەڵام موقەدەس نییە، ئێستا ئیشێکی لەدەستە، هێزە چەکدارەکانی لەدەستە، سەرۆکایەتیی هەرێم موخاتەبەی دەکرێت و میوانی دێت، تۆ بڵێی ئەو شوێنە بەبێ بەرنامە و بنەما و رێوشوێن جێبێڵێ، مەسەلەکە واناکرێت".
ئەمینداری یەكگرتوو بەپێویستی دەزانێت "ئێمە ورەمان بەرزبێت و نەفەسمان درێژ بێت و کاری پەرلەمانی و سیاسی و کۆمەڵگەی مەدەنی بە هەموو کەناڵەکانیەوە بکەین، واقیعیش بین و کار بکەین، کێشەکە شەخسی کاک مەسعود نییە بەقەدەر ئەوەی کێشە ئەوەیە چۆن مامەڵە لەگەڵ شتەکان بکەین، ئەمڕۆ باسی کاک مەسعودە سبەی شتێکی دیکە دروست دەبێت".
گوتیشی "بەڕای من مامەڵەی کاک مەسعود ئاسانترە ئەگەر بکەوینە سەر سکەی بابەتەکە، چونکە ئەو خۆی حەزی لێناکات، لەو رۆژانە لە دیدارێکدا لەگەڵ شەرقولئەوسەت، لێی دەپرسن لە چی پەشیمانی لە ژیانتدا؟ دەڵێت لەوەی کە سەرۆکایەتیی هەرێمم قبووڵ کرد، مانای وایە حەزی لێناکات، دەزانێت سەر ئێشەیە و بەڕاستیش سەرئێشەیە".



.png&w=3840&q=75)